كتێبێك له‌باره‌ی ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌

كتێبی ''ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ یه‌كه‌م موته‌سه‌ریفی سلێمانی له‌ سه‌رده‌م پاشایه‌تیدا"، له‌ نووسینی سارا محه‌مه‌د، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.
له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ سارا محه‌مه‌د به‌ ''وشه‌''ی گوت، كتێبه‌كه‌ ده‌كرێت به‌ سێ به‌شه‌وه‌، به‌شی یه‌كه‌م سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ باسكردنی ژیان و خوێندنی، له‌ ساڵی 1898 له‌ سلێمانی له‌ بنه‌ماڵه‌ی خه‌ندان كه‌ له‌ خێزانێكی دیاری كوردن له‌ دایك بووه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ چالاكی و وتار و هه‌وڵه‌كانی ده‌كه‌ن بۆ گه‌شه‌كردنی بواری ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بیات له‌ شاره‌كه‌، له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا شاره‌كه‌ له‌ رووی ته‌ناهییه‌وه‌ زۆر ئارام و جێگیر بووه‌ و گرنگی زۆر به‌ گونده‌كانی سلێمانی دراوه‌.

زیاتر گوتی، له‌ به‌شی دووه‌مدا باس له‌ پێوه‌ندییه‌ پته‌و و چڕوپڕه‌كانی ئه‌حمه‌د به‌گ ده‌كات هه‌م له‌ ئاستی ناوخۆ و هه‌م له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ بیانییه‌كان روون ده‌كاته‌وه‌ و باسی شێخ مه‌حموود، پیره‌مێرد، حه‌مدی و شێخ عه‌بدوڵای شه‌مزینان ده‌كات، له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا ئاماژه‌ به‌ ئیدمۆنس و مینۆرسكی و چه‌ندی كه‌سایه‌تیی تر ده‌كات.

به‌شی سێیه‌م، باسكردنه‌ له‌ قۆناغی دووه‌می موته‌سه‌ریفی ئه‌حمه‌د به‌گ، ئه‌وكاته‌ی له‌ ساڵی 1927 ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌ و دواجار له‌سه‌ر داوای ئینگلیزه‌كان، وه‌ك موته‌سه‌ریف ده‌ستبه‌كار بووه‌ته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ به‌رده‌وام بووه‌، هه‌روه‌ها دوای ئه‌م قۆناغه‌ له‌ ساڵی 1935 بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ ده‌بێته‌ موته‌سه‌ریفی هه‌ولێر، پاشكۆی كتێبه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن كه‌ له‌ ماڵباته‌كه‌ی ئه‌حمه‌د به‌گ وه‌گیراوه‌.

كتێبی ئه‌حمه‌د به‌گی تۆفیق به‌گ "یه‌كه‌م موته‌سه‌ریفی سلێمانی له‌ سه‌رده‌م پاشایه‌تیدا" له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و ئێسته‌ به‌رده‌سته‌ بۆ خوێنه‌ران.

سەرچاوە: wishe\ئاسان محه‌مه‌د