كتێبی گەوهەرەكانی شارەزوور کە باس لەژیانی كوردەواری و کەسایەتیەکانی ناوچەی شارەزوور دەكات لە 75 ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كتێبی گەوهەرەكانی شارەزوور لەنوسینی عەلی محەمەد، لەهۆڵی شەهید حاجی عەلی لەشارەدێی سیروانی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە بەئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی زۆر بڵاوكرایەوە.
نوسەریی كتێبەکە سەبارەت بەناوەڕۆكی بەرهەمەکەی بە ڕۆژنیوزی وت: كتێبەكەم 318 لاپەڕەیە، وێنەی كۆمەڵێك زانای ئاینی و كەسانی ناوچەیی شارەزووری تێدایە، كە لەژیاندان نەماون ئەو كەسانەی من باسمكردون مێژووەكەی بۆ 75 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە لەم ناوچەیەدا ژیاون كۆچی دواییانكردوە.
وتیشی: ویستومە ئەو كەڵەپیاو ژنە ئازایەنەی لەناو كوردەواریدا هەبوون لەم ناوچەیەدا بیان ناسێنم بەخەڵكی ئەمڕۆ، بەتایبەت نەوەیی نوێ كەهیچ ئاشنایەتیەكیان بەمێژووی ژیانی باوباپیرانیان نیە، لەناو كتێبەكەمدا 180 ژن و پیاوی دەڤەریی شارەزورم باسكردوە، كتێبەكە هەموو كەسی ناوچەكە دەتوانێت سودی لێوەربگرێت بۆ ئاشنابوون بەكەلتوری ناوچەكەیان لەڕابردودا، چونكە زۆر بەوردی باسی كەسایەتی و ژیانیانمكردوە.
عەبدولڕەحمان نەجمەدین، نوسەر بۆ ڕۆژنیوز وتی، كتێبەكە زۆر گرنگە بۆ ناوچەكە، چونكە ناساندنی ژمارەیەكی زۆر لەژنە خانەدان و جوانەكانی شارەزوور پیاوماقوڵانی ناوچەكەیە لەڕابردودا ژیاون خزمەتیان بەخاك و نیشتیمانی خۆیانكردوە.
وتیشی: هاوكات ناساندنی كۆمەڵێك لەكەلتوریی جوانی كوردەوارییە كەئێستا بەهۆی سۆشیاڵ میدیا و كەناڵەكانی میدیاوە ئەو كەلتورە جوانەی باوباپیرانمان بەرەو لەناوچوون ڕۆشتوە، كتێبەكە جارێكی دیكە ئەو كەلتورە جوانەی زیندووكردۆتەوە.
سەرچاوە: rojnews