فێستیڤاڵی ئەسپسواریی سوارچاکانی حەوت ناوچەی هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە کۆدەکاتەوە

گەنج و پیر کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت ئەسپەکانیان لە مەیداندا تاوبدەن. گوندی زەمەقیی لە دەروازەی پارێزگای هەڵەبجە بووەتە مەیدانی فێستیڤاڵی ئەسپسواریی و سوارچاکانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لێی کۆبوونەتەوە.
فێستیڤاڵەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی زەمەقیی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، بنەماڵەی مامۆستا جەمیل فێستیڤاڵەکەیان ڕێکخستبوو، کە کەسایەتییەکی ناسراوی سنوورەکە بووە، لە چەندین ناوچەوە سوارچاک بانگهێشتکرابوو تا ئەسپی خۆی لە فێستیڤاڵەکەدا تاو بدات.

دیاری عوسمان، سوارچاکێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە و بە ڕۆژنیوزی وت:”ئەم فێستیڤاڵە لە کەلتووری کوردییدا بە ڕمبازیی و سوارچاکیی و ئەسپسواریی ناسراوە، زۆریش بەلامانەوە گرنگە و بەشێکی ڕەسەنی کەلتووری کوردییە”.

زیاتر لە ١٠٠ سوارچاک لە ناوچەکانی هەڵەبجە، شارەزوور، چەمچەماڵ، سلێمانی، هەولێر، بازیان و دەربەندیخان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو.
تاهیر عەلی، کەسایەتیی سنووری هەڵەبجە و خاوەنی مۆزەخانەی کەلتووریی هەڵەبجە لەسەر فێستیڤاڵەکە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت:”ئەم ڤیستیڤاڵە لەگەڵ ژیانی ڕابردوو تاڕادەیەک جیاوازیی هەیە، جاران لەبەر هەژاریی خەڵک زۆر توانای ڕاگرتنی ئەسپی نەبوو، چونکە خەرجیی گرانبوو، جاران دوانزە سوارەی مەریوان لە لادێکاندا هەبوو، کە خەڵکی زۆربەی ناوچەکان بەشدارییان تێدا دەکرد”.

دەشڵێت:”ئێستا ئەسپسواریی زیاتر هیوایەتە، بەڵام جاران لەبری ئۆتۆمبیل بەکاردەهات، ئێستاش زیاتر بۆ ناساندنی کەلتووری کوردە و زیندووکردنەوەی کەلتووری کوردیش کارێکی زۆر گرنگە و شانازییی بە کەلتوور و کوردبوونەکەمەوە دەکەم”.
ساڵانە لەم فێستیڤاڵە لە وەرزەکانی بەهار و پایزدا لە هەڵەبجە ڕێکدەخرێت و سوارچاکانی ناوچەکانی دیکەش کۆدەکەنەوە و تا درەنگانێک نمایشی توانای سوارچاک و بەهێزیی ئەسپەکانیان دەکەن.

 

سەرچاوە: rojnews