'شەوە' فیلمێکی کوردییە و باس لە حاڵەتێکی ترسناک لای مرۆڤ دەکات، دەرهێنەرەکەی کەسێکی پسپۆرە لەو بوارە و خۆی دەروونناسە.
دلۆڤان زەندی، ئەکتەر و دەرهێنەری کورد و دانیشتووی ئوسترالیا، لە پاڵ کارە هونەرییەکانی، دەروونناسە و لە نوێترین فیلمیدا مژارێکی هەڵبژاردووە کە لە پسپۆرییەکەی نزیکە.
'شەوە' دووەم ئەزموونی زەندییە وەک دەرهێنەر و پلانی هەیە لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشانی بدات و یەکەم پێشاندانی لە 12 کانوونی دووەمی 2023 لە سینەما ئێمپایەری هەولێر دەبێت.
فیلمی 'شەوە' لە نووسین، بەرهەمهێنان و دەرهێنانی دلۆڤان زەندییە، لاڤا مەهدی و شادی ئارام رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن و هەرمان هێرش، مازیچن عەزیز، بانووبەهائەدین و کەژان عەبدول لە رۆڵی کاوەکیدا دەردەکەون، بەرهەمهێنەری هاوبەشی محەممەد شێروانییتە و هێمن باجەلانی وێنەگریەتی و تاریق گەردی مۆنتاژی بۆ کردووە.
'شەوە' باس لەجۆرە رۆحێکی ترسناک دەکات کە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە دایکان و منداڵان دەدات بۆ ئەو ئازارانە لە ژیانی پێی گەیشتووە و ماوەکەی یەک کاژێر و 15 خولەکە.
'ئیفلجى خەوتن' ناوی زانستی حاڵەتی 'شەوە'یە، چەند نیشانەیەکی هەیە، لەوانە مرۆڤ ناتوانێت جوڵە بەماسوڵکەکانی بکات و قسە بکات، لە کاتی خەودا مێشکی کار دەکات، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت جوڵە بکات.
زەندی، بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکەی پشتی بەخۆی بەستووە و هیچ سپۆنسەرێکی نەبووە، هیوا دەخوازێت بینەران پێشوازی لە فیلمەکەی بکەن.
هەر ئەمساڵ دلۆڤان زەندی لە فیلمی 'Here Out West' رۆڵی گێڕا کە بەرهەمێکی ئوسترالیایە و هەشت چیرۆک لەخۆدەگرێت، دواتر هەر هەشت چیرۆکەکە لە یەک چیرۆکدا بە یەک دەگەن، بەشێکی تایبەتە بە کورد.
دلۆڤان زەندی، لە سوورداشی قەزای دووکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، لە منداڵییەوە لە ئوسترالیا دەژی، 12 ساڵە هۆگری هونەری سینەمایە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی هەبووە و سەرەتا بە نووسینی سیناریۆ دەستیپێکردووە، دواتریش دەرهێنەری و ئەکتەری، یەکەم فیلمی بە هاوبەشی بەناوی 'هێڵی سوور' بەرهەمهێناوە.
سەرچاوە: rudaw