فیلمی سینەمایی کۆبانێ تەماشاکەرانی سەرسام دەکات

تەماشاکەرانی فیلمی سینەمایی کۆبانێ دەڵێن: بەگوێرەی ئەو گێڕانەوە گرنگەی لە درێژەی فیلمەکەدا ئامادەیی هەیە لەگەڵ ڕەهەندە مێژوویی و خەباتگێڕییەکەی و ئەو داستانە گەورەیەی، کە بووە بە تێمای ئەم فیلمە، یەکێکە لە فیلمە زۆر باش و گرنگەکان.
نمایشی فیلمی سینەمایی “کۆبانێ” لەڕۆژی چوارەمیدا لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی بەردەوامە، کە چیرۆکی بەرخۆدان و سەرکەوتنی 134 ڕۆژەی کۆبانێ دەگێڕێتەوە، ئەمڕۆش لە کاتژمێر 02:00ی پاش نیوەڕۆ و 08:30ی شەو نمایش دەکرێت و بلیت لە ناو سینەماکەدا دەست دەکەوێت، ڕۆژنیوز کاردانەوەی بەشێک تەماشاکەرانی فیلمەکە دەخاتەڕوو.

سیا جەزا، پێشکەشکاری میدیایی لە بارەی فیلمەکەوە وتی: فیلمی کۆبانێ بەڕاستی فیلمێکی زۆر باش بوو، وەک بینەرێک و وەک کوردێک تا دوا ڕادە چێژم لێی بینی، داواکارم هەموو کەسێک بێت و ئەم فیلمە ببینێت، تەکنیک و کوالێتی و ناوەڕۆکی فیلمەکە لە ئاستێکی زۆر باشدایە، باسی ئەو کوردانە دەکات، کە چۆن دەجەنگن لە پێناو کۆبانێ، زۆر گرنگە پرسە نەتەوەییەکان لەڕێگای هونەر و سینەماوە بگوازرێتەوە، بەم ئاستە بەرزە.

سیا جەزا

هەروەها ساڤۆ سەردار، ڕۆژنامەنوس لە بارەی فیلمەکەوە وتی: وەک بینەری فیلمی کۆبانێ دەتوانم بڵێم، کە یەکێکە لەو فیلمە باشانەی تائێستا بینیومە، بەگوێرەی ئەو گێڕانەوە گرنگەی لە درێژەی فیلمەکەدا ئامادەیی هەیە، ڕەهەندە مێژوویی و خەباتگێڕییەکەی و ئەو داستانە گەورەیەی، کە بووە بە تێمای ئەم فیلمە، من زۆر زۆر چێژم لێ بینی، ئەم فیلمە و ژنانی کۆبانێ بوون، کە توانییان دەنگی کورد بگەیەنن بە دەرەوە، بۆیە شەرڤانان جێگەی شازنازین بۆ ئێمە.

ساڤۆ سەردار

ئاماژەی بەوەشدا، ئەسیمیلاسیۆن لەناو مێژووی کورددا ئامادەییەکی قوڵی هەبووە، سینەما دەبێتە کردەیەکی بەرەنگاریی دژ بەم پرۆسیە و داگیرکاریی لەڕێگای ئەم جۆرە فیلمانەوە، هەروەها دەتوانێت وێنای کورد لە قوربانییەوە بگۆڕێت بۆ وێنای بکەر و شۆڕشگێڕ، بێگومان زمانی سینەما جیهانییە و بە هونەری حەوتەم دەناسرێت.

 

 

سەرچاوە: rojnews