«ئازادی ڕادەبڕین سەرەتایی سەرجەم ئازادییەکانە»
(سپینوزا)
*تیرۆر چییە؟
بەهەموو پێوەرێکی سیاسی و مەدەنی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ تیڕۆڕ دەڕندەترین و ترسناکترین دیاردەیە و لەگەڵ ئەوەشدا کردەیەکی ئەوپەڕی نامرۆیی و نائەخلاقییانەیە و لەجیهاندا بۆتە مۆتکە و دوژمنی سەرسەختی خودی مرۆڤ و کۆی بەها باڵاکانی کۆمەڵگە .
بێگومان زاراوەی تیرۆر دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی ، کەبۆ نەیارانی شۆڕش بەکار هێنراوە، وەک ئامرازێکی مەترسیدار بۆ تیرۆری کەسیەتی و عەقڵ و تا ئاستی کوشتن و سەندنەوەی مافی ژیانکردن.
هەڵبەتە چەمکی تیرۆر زیاد لەچەند پێناسە و ناساندنی بۆ كراوە، هەندێكیان پێیانوایه:» بریتییە لە كوشتن و غافڵگیری، وێرانكاریی و كاولكاری، بڵاوكردنەوەی واتە وات، هەڕەشە و جۆرەكانی زۆرداریی و دوژمنكاریی، یاخود هەر كارێكی تر كە ئامانجی بڵاوكردنەوەی كەشی نائارامی و گوشاری هەمەجۆر بێت»
یان» بریتییە له رفاندنی فڕۆكە و بارمتەگرتن و ئاگرخستنەوە و چەتەگەریی و تەقاندنەوەی بۆمب لە شوێنە گشتییەكان و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن»
لەفەرهەنگی (Oxford )دا بەمجۆرە پێناسەی تیرۆر كراوە: «بەكارهێنانی توندوتیژی بۆ مەبەستە سیاسییەكان، حكومەت كارێك بكات كە ببێتە هۆی بڵاوكردنەوەی ترس لەنێو خەڵكیدا»
یان دەتوانین بڵێین تیرۆر لەعەقڵەوە دەستپێدەکات بۆ تیرۆر فیزیکی جەستەیی و کەسایەتی مەعنەوی، بۆیە کوشتنی هەر مرۆفێک لەسەر بێ دینی یان هەر فەلسەفە و جیهانبینی و ئایدیۆلۆژیا و ئازادی بیروڕا و باوەڕ و ئایینی ئاسمانی و زەمینی و هیچ موقەدەس ناگاتە پیرۆزی یەک چرکەساتی ژیانی مڕۆڤ.
لەم بارەیە نوسەر و ڕۆشنبیڕ بەختیار عەلی لەسەری ئیرادەی ئازادانەی مرۆڤ دەڵێت:» كوشتنی ئیرادەی ئازاد، واتە كوشتنی ئەگەری هەموو ئازادییەك، بەڵام ئیرادەی ئازاد وزەیەكە چەند بیبەستیتەوە ،چەند دەرگای لەسەر دابخەیت لەجێگای خۆی ناوەستێت و ڕێگا و زمانی نوێ دەدۆزێتەوە «
ئاشکرایە لەدایکبوون و داهێنان و باوەڕ و ئایدیا و فەرهەنگ و کەلەپوری ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ خزمەتی بەها باڵاکانی مرۆڤە، نەک بۆ تاریکاندن و ڕەشەکوژی و تۆقاندنی جڤاتەکان و سەندنەوەی مافی ژیانکردن لەمرۆڤ.
*مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ
لەجاڕدانی مافە گەردوونیێەکانی مڕۆڤدا
لەماددەی (21 )دەڵێت: «هەموو کەسێک مافی ژیان و ئازادی و سەلامەتی کەسی هەیە» هەروەها لەماددەی (22)دا هاتووە و دەڵێت: «تاکەکانی کۆمەڵگا مافی ئازادی ڕادەربڕین و دەستکەوتنی زانیاری هەیە»
گەر تەنها لەڕوانگەی ئەو دوو ماددەییە مافەکانی مرۆڤەوە بێت لەهەرێمی کوردستاندا هیچ ڕێز و پابەندیک بۆ پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ نەکراوە، بەئاشکرا و ڕۆژی ڕووناک بەردەوام لێرە ولەوێ لەسەر سەرەتاترین مومارەسەکردنی مافی ئازادی ڕادەبڕین و ڕەخنەگرتنەوە تیرۆری ئەم و ئەو کەسایەتی و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگر دەکرێت، گەر لێکۆلێنەوەیەکی دروست بکرێت هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی لەسەر ئازادی ڕادەبڕین و مافی ڕەخنەگرتن و چالاکی مەدەنیی و سیاسی و ئایینی تیرۆر دەکرێن.
تازەترین کردەی تیرۆر ،تیرۆرکردنی (خواناس وریا) لەشاری چەمچەماڵ.
*هۆکارەکانی تیرۆر:
1- پاوانخوازی دەسەڵات بۆ یەک گروپی دیاریکراو، یان خێڵک ویان چەند بنەماڵەیەک.
2- ڕابردوومان بۆ ناو ئێستامان درێژبۆتەوە هۆکاری تیرۆر لەسەرکەوتنی دواکەوتویی بەسەر پێشکەوتن و داهێنان و مەعریفەی نوێدا.
3-پەروەردەی ئایینی نەرێنی و کوێرانە ڕۆڵی بنەڕەتی هەیە لە هاندان و پاڵنەری تیرۆر.
4- نەبوونی کەلتور و فەرهەنگی لێبوردەیی و ڕووبەری پێکەوژیان لە پیادەکردنی ئازادیی سیاسی ومەدەنییەکان. ئەمانە و چەندان هۆکاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دیکە.
*ئایینو تیرۆر
گەر ڕاگوزەرێکی خێرا بەمێژووی تیرۆرکاریدا بکەین ئەو کردە تیرۆرییانەی بە هۆی ئایین و ئایدیۆلۆژیا لەسەر هەمو ئاستەکانی تاک و کومەڵ کراوە.. چەندان کەسایەتی سیاسی و نوسەر و ڕۆشنبیر و ڕەخنەگەر و ئازادی ڕادەبڕین و هەڵگری شوناسی ئاینینی لەژێر کاریگەری گوتاری پەرگیر و توندەڕەوی و دەمارگیری و هاندان و فیتوا و بانگخواز و مەلا و ئوسوڵگەرا و سەلەفیینزم و کەسایەتی توندئاژۆدا وەک نمونەیەکی بچوک چ لەهەرێمی کوردستان و چ لەدەرەوەی هەرێم ناوی چەند نوسەر و ڕەخنەگری ئاینیی و سیاسی و ئایدۆلۆژی تیرۆرکراو دەخەینە ڕوو. ( عەبدلخالق مەعروف.. جەمال عیرفان... ڕزگار محەمەد عەبدوڵا... بکر عەلی و فرانسۆ هەریری.. تازەترینیان گەنجێکی ڕەخنەگر و چالاک لەژێری کاری وتار و وتەی سەلەفینزمی کوردیدا بەناوی «خواناس وریا گلی.. « فرەج عەلی فۆدە .. تەهاحسین .. نەجیب مەحفوز) هەروەها لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتدا ، یان گەیشتن بەدەسەڵات چەندان سەرکردە و کادر پێشکەوتووی نەیاری سیاسی تیرۆرکراون. تەنانەت لەناو جوڵانەوەی سیاسی کورددا .
ئەوەی لەم نوسینەدا جەختی لەسەر دەکەینەوە ڕووداوی تیرۆرکردنی (خواناس وریا گلی) لەسەر ئازادی ڕادەبڕین و ڕەخنەگرتن بەژیانی خۆی باجیدا، گەر سەرەنج بدەین ماوەی چەند ساڵێکە تەوژم و ڕەوتی ئوسوڵی و سەلەفی و ئاراستەی ئاینی و مەزهەبی جیاجیا لەهەرێمی کوردستان خەریکی بەرهەمهنانی گوتار و بیری توندئاژۆ و تیرۆریستیە، بێگومان بەرپرسیاری سەرەکی دەکەوێتە سەر دەسەڵات و حکومەت هەمو کارئاسانی و پشتیوانییکی ماددی ومەعنەوی دەکرێن ، لەبەرامبەر ئەوەشدا هەم خودی دەسەڵات لەپرۆسەی بەرێوەبردن شکستیخوارد و و هەم هێزە سیاسی و مەدەنییەکانیش هیچ جۆرە پڕۆژە و کارنامەیەکی و ڕۆشنبیریی و مەعریفی و عەقڵانیی لەسەر پێخستنی ڕەوتی ڕۆشنگەری و مەدەنییەت و بەمۆدێرنکردنی کەلتوڕ و سیستمی و سیاسی و پەروەردە و ئاستەکانی دیکەی ژیانی ئێمە نەبووە، کاتێکش نوسەرێک و یان ڕۆشنبیر و ڕەخنەگرێکی بوێر دێت بەشێوەیەی مەدەنی ڕەخنە دەگرن و کۆمەڵگە لەمەترسی بیری توندڕە و پەڕگیری بەئاگا دەهێنەوە ، بەداخەوە بەسودە وەرگرتن لە بێ هەڵوێستی دەسەڵات ڕووبەری تیرۆری مەعنەویی و ڕووحی و فیزیکی دەبێنەوە ،
*ڕووبەری گشتی
لەماوەی (30) ساڵی ڕابردووە هیچ کات هێندەی ئەمڕۆی ڕووبەری گشتی لەهەرێمی کوردستاندا ئازادییە کەسیی و تایبەتی و گشتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە نەخستۆتە مەترسییەوە، وەک هێمامان بۆ کرد هۆکاری سەرەکی شکستی پڕۆسەی سیاسی و هەنگاو و پڕۆژەی بەمەدەنیکردنی جڤات و سیستەم و بێ هیواکردنی هاوڵاتییان لە ئایندەی خۆیان و پشتیوانی و چاوپۆشکردن لە هەمو ئەو وتار و هاندانی بیری پەڕگیری و توندڕەویویە کەبۆتە مایەی پڕکردنی مێشک و قەناعەتپێکردنی ئەو گەنجانەی گوێبیستی ئەو جۆرە وتارە توندانە دەبن و کۆمەڵگە و نوسەر و ڕەخنەگران تەفکیر دەکەن، بەچێشنەکی مەترسیدار پەلدەکێشت بۆ کردەی تیرۆر و توقاندن ، بێ بەشکردنی مافی ژیانکردن لە(خواناس)ەکان.
کۆمەڵگە و نوسەر و ڕەخنەگرانە تەفکیر بکەن بەڕادەیەک پەل بکێشت بە تیرۆر و تۆقاندن و ساندنەوەی مافی ژیانکردن لە گەنجێکی وەک(خواناس وریا)
ڕۆشنبیر و نوسەر (مەریوان وریا قانیع) وتارێکدا لەسەر فیکری سەلەفنیرم لەکۆمەڵگەی کوردیدا دەڵێت:»دین لەم دروستکردنەوە سەلەفییە جیهادییە داعشیەدا نەک ئەفیون نییە و مرۆڤ ھێمن و لەسەرخۆ و مەست ناکات، بەڵکو دەرمانی بێعەقڵکردن و بەدەعەجانکردن و سڕکردنی تەواوی ویژدانی مرۆڤانەیە و گۆڕینی مرۆڤە بۆ گورگێکی پەلاماردەر. ئەم شێوازە لە ئیسلام کە ئەمڕۆ بڕێکی زۆر لە سەلەفیەت و ھێزە داعشئاساکان نیشانی ئەدەن، تەواو جیاوازە لەو دینە کۆمەڵایەتیی و میللیی و فەرههنگییەی خەڵکە سادەکەی کۆمەڵگای ئێمەی لە مێژوودا وەک بونەوەری ئیماندار دروستکردوە، ئەم دینە سەلەفییە دینی دایک و باوکی بەشی ھەرەزۆریی کۆمەڵگای ئێمە نییە»
بەپێی بۆچون و ئەرگۆمێنتەکان بێت ئەم جۆرە لە ئاییندارییە لەئێستای جڤاتی ئێمەدا هەیە، پەیوەندیی بە ئاینداری و ئیمانداری ڕەسەنەی کۆمەڵی کوردەوارییەوە نییە، بەڵکو نێردراو و هاوردەکراوەی چەند ناوەندی ناوچەیی و ڕێکخراوی ئیسلامی و دەرەوەی واقعیی دینداری ئێمەیە، بۆ ئامانجی سیاسی و ئابوری و کەلتورییە.گەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت دەسەڵات بەم ئاستە بێدەنگ و بێ نەخشە بێت ، بەدڵنیایەوە لەماوەیەکی دوور و بێ یان نزیک هەرێمی کوردستان دەبێت ئەفغانستانی دووەم: لەناوچەکەدا و هیچ مانایەک بۆ ژیانکردن و مرۆڤبوون و ئازادی و مەدەنیبون نامێنتەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە فیکر و کردەی تیرۆریزم بپارێزن ، ئاراستەی ملدانی بەرەو بە ئەفغانستان نەڕۆین گرنگە حکومەت و ڕێکخراوە مەدەنی و حیزب و ناوەندی پەروەردەییەکان کۆمەڵێک ڕێوشێونی دروست و مەدەنییانە بگرێتە بەر :
یەکەم- بەر ئەساسی فەلسەفەی سیاسی کۆتایی بەم مۆدیلە شکستخواردوەی حکومڕانی بهێن ، لەشوێنیدا حکومەتی هاوڵاتیبونی و نیشتیمانی دابمەزرێت.
دووەم.. کۆتایی بەم جۆرە لەحیزبایەتییە بهنرێت کە بۆتە گەورەترین کۆسپ و ئاستەنگ و قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێم.
سێیەم.. بەهێزێکردنی فەرهەنگی مەدەنیەت و سیکۆلار و دیمۆکراسی و نۆڕمی لێبوردەیی و پێکەوژیانی پێکهاتە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان.
چوارەم.. یەکێک لە فاکتەرەکانی ڕێگرتن و بەگژاچونەوەی بیری توندئاژۆیی و پەڕگیری دەستەبەرکردنی سیستمێکی پەروەردەیی ئینسانی و مۆدێرنە.
پێنجەم.. لەڕێگەی میکانزمی جۆرجۆارەوە کەلتوری خوێندنەوە و کتێبدۆستی لەتەواوی شاروشارچکەکان بکرێتە کارنامە و پڕۆژەی جددی بزاڤ و نوخبەی ڕۆشنبیران و دەزگا هونەری و مەدەنییەکان.
شەشەم.. حکومەت و وەزارەتی ئەوقاف بەهاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو وتار و بابەتانە بۆ مامۆستایانی ئاینی و بانگخوازەکان دیاری بکەن کە باس لە لێبوردەیی و خۆشەویستی و پێکەوەژیان و ئاشتی دەکەن،
حەوتەم.. وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی چاودێری وتاری مامۆستایان و بانگخواز بکەن هەر وتاربێژێک هانی تیرۆر و ڕەتکردنەوە و بوغز و قین دا سزای یاساییان بدات..
*دەرئەنجام:
لەم نوسیندا گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی بەردەوامی مەترسیدار تیرۆر لە جڤاتی ئێمەدا پەیوەستە بەکۆمەڵک هۆکاڕی خودی و بابەتی، تا لەبنەڕەتەوە و زۆر بەهەندەوە نەڕوانە کۆی ئەو ئاڵنگاری و کیشە قوڵانەی لەنێوی پێکهاته و بونیادی چەقبەستوی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێمەدا بۆتە خۆرە و ئاستەنگ، کەنەتوانین ڕوبەڕووی بیری و فەرهەنگی بەرهەهێنانی تیرۆر و سڕینەوەی ژیانی نوسەر و ڕەخنەگر و ئازادیخوازانی چەندانی وەک (خواناس وریا گلی) گومانی تێدا نییە ئەمڕۆ یان سبەی بێت هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی تاریکی مەترسیدار و ئەفغانستانی دووەم..
سەرچاوەکان:-
1-تیرۆریزم: بروس هۆفمان. و. ئاوات ئەحمەد
2- بنەماکانی مافی مرۆڤ.. شیروان ڕەواندزی
4-کۆمەڵگا و غەریبەکانی. مەریوان وریا قانع.
5- لەدەستدانی ئاسمان.. بەختیار عەلی.
6-تیرۆر.. پێشڕەو ئیسماعیل. . لەسایتی دابڕان
سەرچاوە : هاوڵاتی