شوکر خەیات، هونەرمەندی ناسراوی کورد، دوو رۆژە باری تەندروستیی ناجێگیرە و بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری، بنێردرێتە تورکیا.
شاخەوان کەرکووکی، هونەرمەند و هاوڕێی نزیکی شوکر خەیات، بە رووداوی راگەیاند، دوو رۆژە باری تەندروستیی شوکر خەیات ناجێگیرە و کاژێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 23-7-2021 بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری، دەنێردرێتە تورکیا.
ئەو هونەرمەندە، داوا لە حکومەت و لایەنی پەیوەندار دەکات، هاوکاری ئەو هونەرمەندە بکەن کە زیاتر لە نیو سەدە خزمەتی هونەری کردووە و ئێستا پێویستی بە هاوکاری هەیە.
شوکر خەیات، لە 1940 لە گوندی قەڵخانلوی ناوچەی داوێ لە گەرمیان لە دایکبووە، ناوی تەواوی شوكر محەممەد قادرە، بەهۆی پیشەکەیەوە بە شوكر خەیات دەناسرێت، تا تەمەنی 12 ساڵی لە گوندەکەی ژیان بەسەربردووە، پاشان ماڵیان بۆ گەڕەكی شوریجەی كەركووك گواستراوەتەوە
لە 1955ـەوە گۆرانی گوتووە و وەک دەنگخۆشێک ناسرا، لە 1967 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج كچ و سێ كوڕە، لە 1969 بۆ یەکەمجار بە گوتنەوەی گۆرانی 'یار غەزاڵ و سەوزە سەوزە'ـی سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، هونەرمەندی کورد، ناوبانگی پەیداکرد و لەگەڵ نەی ژەن ئەحمەد داودە، گۆرانی و مەقامی تۆمارکردووە
لە تەمەنێکی زوو، شارەزاییەکی زۆری لە مەقامات پەیداکردووە، لەوانە مەقامی ئەڵڵاوەیسی، قەتار، ئای ئای، سێگا، چوارگا، نەهاوەند، عەجەم، حیجاز و سەبا و چەند جۆرێکی دیکە و خاوەنی زیاتر لە سەت بەرهەمە.
شوکر خەیات لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کەرکووک، ئاوارەی هەولێر بووە و ئێستا لە بنەسڵاوەی هەولێر نیشتەجێیە.
سەرچاوە: rudaw