كتێبی "شای ئێران، كوردی عێراق و شیعەی لوبنان 1956-1979" كە "ئارەش رەئیسینەژاد" نووسیویەتی و "شەفیقی حاجی خدر"، لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، بە قەبارەیەكی گەورەی 619 لاپەڕەییدا لە چاپخانەی رۆژهەڵات چاپ و بڵاو كرایەوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە، شەفیقی حاجی خدر، وەرگێڕ بە "وشە"ی راگەیاند، خاڵی دەستپێكی كتێبەكە بە رووداوە گەورەكەی 14ی تەمووزی 1958 دەست پێ دەكات، كە رژێمی پاشایەتی لە عێراق رووخاند و دەرگەی بۆ قۆناغێكی نوێی سیاسی پڕ كێشمەكێش و كودەتا و حوكمی دیكتاتۆری لە عێراق كردەوە، هەر ئەم خاڵە بووە مایەی ترساندنی ئێران و بەرەی رۆژئاوا، چونكە ئاراستەی رەوتی سیاسیی عێراق زیاتر بەرەو بلۆكی رۆژهەڵاتی لە ژێر هەژموونی یەكێتیی سۆڤیەتدا رۆیشت.
روونی كردەوە، كتێبەكە راستییەكی بەڵگەنەویستە و زۆر شت لە لایەن یار و ئەغیارەوە لەسەر شۆڕشی ئەیلوول نووسراوە، رەنگبێت هەر نووسینێك لە گۆشەنیگایەكەوە باسی كردبێت، بەم جۆرە تاكڕەهەندییانە بووە، بەڵام ئەوەی لە كتێبی "شای ئێران كوردی عێراق و شیعەی لوبنان"دا هاتووە، توێژینەوەیەكی مێژوویی بەڵگەداری پڕ وردەكاری جیاوازە، كە خوێنەر لە ئاستیادا سەرسام دەبێت.
روونی كردەوە، كتێبەكە ڕووداوێكی هەرە مەزن لە مێژووی هەرێمەكەدا دەكاتە سەرداو، ئەویش شۆڕش یان كودەتای 14ی تەمووزی 1958ە، ئەو رووداوی نەوەك هەر دۆخی هەمەلایەنەی عێراقی گۆڕی، بەڵكو بووە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتێكی زلهێزی ئەوكات وەك ئێران. شای ئێران وەك خۆی دەڵێت، لەبن دوو هەڕەشەی گەورەدابوو بۆ سەر دەسەڵاتی شاهەنشاهیانەی خۆی، نەوەك بۆ سەر ئێران، بەڵكو بۆ سەر تەواوی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناویندا، یەكەمیان، عەبدولكەریم قاسم و رووكردنە یەكێتی سۆڤیەت، دووەمیان، پرسی پان عەرەبیزم (عروبە)ی ناسریزم بوو.
وەرگێڕ دووپاتی كردەوە، قۆناغی 1968 تا 1979 كە كتێبەكە تاوتوێی كردووە، بۆ كورد لە قۆناغە هەرە هەستیارەكان بووە، چونكە كودەتا یەك بەدوای یەكەكانی عێراق و دواجار حوكمی بەعس جێگیر بوو، لەنێویشدا شۆڕشی ئەیلوول لە هەڵكشان و داكشاندا بووە، تا بە كارەساتەكەی نسكۆ گەیشت.
"ئەوەی دەیەوێ هاوكێشەی سەخت و ئاڵۆزی ماوەی نێوان 1958 تا 1979 بە سەرەداوی هەریەك لەمانەی خوارەوە بزانێت، حەمەڕەزاشا، ئەسەدوڵا ئەعلەم، پاشایی، ساواك، مۆساد، سی ئای ئەی، عەبدولكەریم قاسم، هەردوو عارف، ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسێن، مەلیك حوسێن، جەمال عەبدولناسر، سادات، نیكسۆن، هینری كیسنجەر، رێككەوتنی جەزائیر، تالوك، كورد، شۆڕشی ئەیلوول، مەلا مستەفا بارزانی، ئیبراهیم ئەحمەد، جەلال تاڵەبانی، پاكڕەوان، عیسا پژمان، مەنسوور قەدەر، مستەفا چەمران، مووسا سەدر، قەزافی، عەرەفات، ئەحمەد چەلەبی، خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی بزانێت، با لاپەڕەكانی ئەم كتێبە بە وردی بخوێنێتەوە"، شەفیقی حاجی خدر، وەرگێڕ وای گوت.
شایەنی باسە شەفیقی حاجی خدر، نووسەر و وەرگێڕە و دانیشتووی شاری هەولێرە و چەندان بەرهەمی تری سیاسی و ئەدەبی هەیە.
سەرچاوە: wishe