
شاسوار دزەیی پێشمەرگەی یەکێتی لە نامەیەکی راشکاودا بۆ قوباد تاڵەبانی دەڵێت" بە داخەوە ئێوە نە گوئ بەو گەندەلیانە دەدەن و نە حساب بۆ کەڕامەتی کەسوکاری شەهیدان و دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر دەکەن".
شاسوار دزەیی لە نامەیەکدا کە تایبەت بۆ (سپی) ناردوە ڕەخنە لە کاندیدەکانی یەکێتی دەگرێت بۆ پارێزگای هەولیر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و روو لە قوباد تاڵەبانی دەڵێت" ئەم نامەیە لە کەسێکەوەیە کە خۆی لە ئێوە بە دلسۆزتر و خاوەنتری یەکێتی دەزانئ ، چونکە رەنج و قوربانیەکی گەورەم بۆی داوە، بۆیە هیوادارم بەهەلە لێکدانەوەی بۆ نەکەن."
لە بەشێکی دیکەی نامەکەشیدا ئەو ئەفسەرە پێشمەرگەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" لەم رۆژانە ناوی کاندیدانی لیستی هەولێر بلاوکرایەوە ، سەرم سوڕما و کەوتمە پرسیار لە خۆ کردن گوتم گەلۆ کاک قوباد کە سەرپەرشتی هەلمەتی هەلبژاردن دەکات ، دەیەوئ شکست بە یەکێتی بێنئ، یان وایان لێکردوە خۆی شکست بخوا؟!
دەقی نامەکەی شاسوار دزەیی
نامەیەکی کراوە
بۆ کاك قوباد تالەبانی
بەڕێزم : ئەم نامەیە لە کەسێکەوەیە کە خۆی لە ئێوە بە دلسۆزتر و خاوەنتری یەکێتی دەزانئ ، چونکە رەنج و قوربانیەکی گەورەم بۆی داوە، بۆیە هیوادارم بەهەلە لێکدانەوەی بۆ نەکەن.
لەم رۆژانە ناوی کاندیدانی لیستی هەولێر بلاو کرایەوە ، سەرم سوڕما و کەوتمە پرسیار لە خۆ کردن گوتم گەلۆ کاک قوباد کە سەرپەرشتی هەلمەتی هەلبژاردن دەکات ، دەیەوئ شکست بە یەکێتی بێنئ، یان وایان لێکردوە خۆی شکست بخوا؟!
با لەوە دەست پئ بکەم: ئایا ئاگادار نین جاری رابردوو خەلکانێک چۆن و بە چ رێگایەک کورسی پەرلەمانتان بۆ مسۆگەر کردوە؟
ئایا ئاگادار نین لە ماوەی رابردوو دا جگە لە خۆ دەولەمەند کردن و کاری وەبەرهێنان هیچ رۆلێکی دیان نەبووە؟
ئایا نازانن خەلکانێکتان کاندید کردووە ئێستا شەریکی چەند بەرپرسێکن و چۆن لە جیاتی پڕۆژەی نیشتیمانی خەریکی پڕۆژەی ئابووری تایبەتن؟!
بە داخەوە ئێوە نە گوئ بەو گەندەلیانە دەدەن و نە حساب بۆ کەڕامەتی کەسوکاری شەهیدان و دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر دەکەن!
لە بەرامبەردا دێن ناوی چەند کەسێک لەو لیستە لادەدەن تەنیا لەسەر ئەوەی رەخنەیان گرتوە، بەلام کۆنە جاش جێگیر دەکەن !.. ئای لەو زەمانەی تێیکەوتووین!
ئایا نازانن ئێمە لە پێشمەرگایەتی وەک ئەفسەرێک چەند جار بریندار بوومە و مێژوویەکی چەند پاکم لەناو یەکێتی هەیە؟ ئێمە لە دلسۆزی و پەرۆشی خۆمان رەخنەمان گرتوە و دەگرین، پێم سەیرە ئێوە لە بیرتان چووە ، سەرۆک مام سەکۆی رەخنەگرتنی لە پارکی ئازادی کردەوە و هانی هەموومانی دەدا کە لە ئاست کەموکوڕیەکان بئ دەنگ نەبین !
ئایا رەخنەگرتن و چاو نەپۆشین لە هەلەکان سیاسەتی مامە، یان ملکەچی و گەندەلکاری؟
ئێوە سەیری لیستەکە بکەن ، لەگەل رێزم بۆ کاندیدەکان بە تایبەت هەندێکیان، ئینجا دەزانن لە سایەی ئەو سیاسەتەی ئێمە رەخنەی لێدەگرین یەکێتی چی بەسەر هاتوە؟
بڕۆن بەراوردی لیستی خولەکانی یەک و دووەمی لیستەکە بکەن تابزانن چیمان بەسەر هاتووە.
کوا هەولێریەکانی ناو لیستەکە؟
کوا تورکمانەکان ؟
کوا سەرکردە ناسراوەکان؟
کوا رۆشنبیرە دیارەکانی هەولێر؟
کوا فەرماندە ئەکادیمیەکان؟
کوا کەسایەتیە کۆمەلایەتیەکان ؟
کوا زمان زان و سیاسەت مەدارەکانی ناو لیستەکە ؟
نامەوئ لێرە هەموو شتێک باس بکەم دەنا زانیاری زۆر زیاترم لایە.
بەرێزم ئێمە لەوە توڕە نین کە حزبەکەمان کاندیدی نەکردووین ، بەلکو دلمان بەو یەکێتیە دەسوتێ کە خاوەنی ئەو جۆرە لیستە و ئەو هۆکارەیە کە کەسانی وەکو ئێمەیان پێ دوور خراونەتەوە. بەداخەوە بەو پەڕی بێ باکی یەکێتی بەرەو قەدەرێکی نادیار دەبەن. پێدەچئ ئێوە نە پێویستتان بە دەنگی خەلک و نە بە ڕۆلی پەرلەمانتاران لە بەغدا هەبێ ؟!!!!
تکایە یەکێتی چیدی بەرگەی تاقی کردنەوە و وەلانانی زیاتری تێکۆشەر و رۆشنبیر و بەهەلوێستەکانی ناگرئ.
زۆر پێم ناخۆشە کوڕی سەرۆک مام جەلال لە هەولێر شکست بێنئ، بەلام بەداخەوە هەست بەو مەترسیە دەکەم،لەگەل ئەوەشدا هیوادارم بەڕێزتان و یەکێتی و کاندیدە پاک و دلسۆزەکان سەر بکەون.
دووبارەی دەکەمەوە کە ئێمە خۆمان بە یەکیێتیەکی عەیار 24 دەزانین ، نەک ئەوانەی پێگە و دەسەلاتیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاردێنن، دڵنیابن پەنجەی پەشیمانی لەو کەسانە دەگەزنەوە.
براتان
پێشمەرگە و ئەفسەری خانەنشین شاسوار دزەیی
لندەن ٢٠٢٥/٧/٧
سەرچاوە : سپی میدیا