هونەرمەند شاباز زەمانی، لە دوای بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی بەناوی 'بێ دەنگی'، بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، کۆنسێرتێک لە هەولێر بۆ هەوادارانی سازبکات.
ریمۆند عەبود، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی 6ـی کانوونی دووەمی 20223، کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەند شاباز زەمانی ساز دەکەن، تێیدا گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
زەمانی لە دەستپێکی ساڵی نوێ، ڤیدیۆکلیپی 'بێ دەنگی' بڵاوکردەوە کە لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و شاڵاو مولیر کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە کەناڵی ئەو هونەرمەند لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
فەرمان دێکۆنی، بەڕێوەبەری کارەکانی شاباز زەمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، جگە لە ڤیدیۆکلیپی 'بێ دەنگی'، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ئەلبوومێکی گۆرانی بەناوی 'The Twin' بڵاوبکاتەوە کە لە 20 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و ماوەی دوو ساڵە کاری لەسەر دەکرێت و لە دوو بەرگ پێک دێت و دوو ستایلی جیاواز لەخۆدەگرێت.
شاباز زەمانی، لە سلێمانی لە دایکبووە، خاوەنی چەند بەرهەمێکی هونەرییه و پێشوازییەکی بەرچاو لە لایڤ میوزیکەکانی دەکرێت، 'دەست بێنە' لە ئاوازی خۆی و تێکستی محەرەم ئەحمەدی، یەکێک لە بەناوبانگترین ڤیدیۆکلیپەکانیەتی و زیاتر سی ملیۆن و 300 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
ڤیدیۆکلیپی 'بەڵێن'ـی زەمانی لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2018 بڵاوکرایەوە و هەشت ملیۆن و 432 هەزار بینەری هەیە، ڤیدیۆکلیپێکی دیکەی بەناوی 'چەتر' لە 26ـی کانوونی یەکەمی 2019 بڵاوکرایەوە و 10 ملیۆن و 327 هەزار بینەری هەیە.
سەرچاوە: rudaw