سێیەمین فێستیڤاڵی خولی شانۆیی لە كەركوك

رۆژی 5/11/2022، بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد فكاكە وەزیری رۆشنبیری‌ و لاوانی حكومەتی عیراق‌ و رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی كەركوكی (ی.ن.ك) و ژمارەیەك لە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی ‌و چەندین كەسایەتی سیاسی‌ و حزبی ‌و هونەریی و رۆشنبیریی بەشداری فێستیڤاڵەكەیان كرد. هاوكات بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی و ژمارەیەك لە هونەرمەند ‌و هونەردۆستان‌ و لەهەر چوار پارچەی كوردستان میوانی فێستیڤاڵەكە بوون بە هەموو پێكهاتە و زمانە جیاوازەكانەوە، چونكە كەركوك شاری فرە نەتەوە و پێكەوە ژیانە، ئەمەش فێستیڤاڵەكەی جوانتر و قەشەنگتر كرد.
سێیەمین فێستیڤاڵی خولی شانۆیی لە سەنتەری رۆشنبیری كەركوك بەڕێوەچوو، كەبڕیارە ماوەی شەش رۆژ بەردەوام بێت.
بەسەر ئاستەنگەكاندا سەركەوتین
شكۆ عومەر بەڕێوەبەری فستیڤاڵەكە، رایگەیاند: سەرباری رێگرییەكان و بوونی چەندین ئاستەنگ و لەمپەر لەهەموو رووەكانەوە، بەڵام توانیمان بەپاڵپشتی چەندین هونەرمەندی لێهاتوو خولی سێیەمی فێستیڤاڵی شانۆ لە كەركوك بەئەنجام بگەیەنین و بەردەوام بین لەم جۆرە فێستیڤاڵانە.
كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیە
هەر لە فێستیڤاڵەكەدا حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیاند: وەكو چۆن پێشووتر بەڵێنمان بە كەركوك و كەركوكییەكاندا بوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشت وەزیرەكانییەوە بەرامبەر بە كەركوك درێغی نەكەن و بەپێی ئەو توانایەتی هەیەتی پشتیوانی پرۆژەكان كراوە، بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری كەركوكی بەدەركردووە لەهەموو ئەو رێنمایانەی كە هەیە، هەركارێكی وەرزشی، هونەری، چاپكردن بوبێت ئێمە پشتگیری و پاڵپشتی بووینە.
چاوەڕێ هەماهەنگین
هاوكات وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی عیراق، رایگەیاند: وەكو وەزارەتی رۆشنبیری هاوكاری هەموو جۆرە چالاكییەكی هونەری و رۆشنبیری دەكەین لەپێناو برەودانی زیاتر بەو چالاكییانە بەتایبەتی بواری شانۆ كە باشترین رێگەیە بۆ گەیاندنی پەیامی كۆمەڵگەكانی عیراق لەڕووی پێكەوە ژیانەوە، هەروەها پاڵپشتی هەموو تەواوی چالاكییەكانیان دەبین لەپێناو بەردەوامی پەلكەزێڕینەی فرە پێكهاتەی وڵاتەكەمان.
وتیشی: لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پلانی هاوبەشمان دەبێت بەتایبەتی بۆ ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە و كاردەكەین بۆ بە نێو دەوڵەتی فێستیڤاڵەكە.
یەكێتی پاڵپشتی هونەرمەندانە
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی، رایگەیاند: یەكێتی لەڕابردوو و ئێستاشدا پاڵپشتییەكی جددی هونەرمەندانە و بۆ نموونەش ئەم سەنتەر رۆشنبیرییە كە رەوان شاد سەرۆك مام جەلال ئەم شوێنەی بۆ درووست كردین و ئێمەش بەردەوام پاڵپشتی لە هونەر و هونەرمەندانی شارەكە دەكەین.
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری‌ و هونەری كەركوك، بەهاوكاری دەزگای شانۆی كەركوك و گرووپی شانۆی هەوار و بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی، فێستیڤاڵی شانۆی كەركوك بۆ شانۆی هۆڵ و شانۆی سەر شەقام لەشاری كەركوك لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستان سازكرد.
بوودجەیەكی كەم و بەرهەمێكی زۆر
هەر لەوبارەیەوە محەمەد سەید سەرۆكی فێستیڤاڵەكە، رایگەیاند: فێستیڤاڵەكە لەسەر بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و نزیكەی 100 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە.
وتیشی: لەفێستیڤاڵی شانۆی كەركوك 20 بەرهەمی شانۆیی نمایش دەكرێت كە 11 بەرهەمی نمایشی شانۆی شەقامە و 9 بەرهەمی نمایشی شانۆی هۆڵە. هەر لەچوار چێوەی فێستیڤاڵەكەدا چەند چالاكییەكی دیكەی هونەری‌ و گۆرانی پێشكەشكرا.
جێی ئاماژە بۆ كردنە كە ئەم فێستیڤاڵە لەپاڵ چالاكییەكانی لەشاری كەركوك هەروەها چالاكیشی لەشارۆچكەی چەمچەماڵ و قەرەهەنجیر هەیە لەبواری شانۆی سەر شەقام و شانۆی هۆڵدا بەتایبەتی ئەو شانۆگەرییانەی كە تایبەتن بە پارچەكانی تری كوردستانەوە.

 

سەرچاوە: knwe- هێمن ئەحمەد