سیاسه‌تى كورد و سفر بونه‌وه‌

 

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

له‌ كۆى سه‌ركرده‌ و سه‌ركردایه‌تیه‌كانى سیاسه‌تكردن له‌ كوردستان ، مامۆستایه‌كى بیركارییان تێدا نه‌بوو، تا به‌هاى (سفر) یان بۆ ڕوونبكاته‌وه‌، بێتوانیایه‌ چه‌ند (بنه‌مایه‌كى زانستى بیركارى) له‌ سه‌ركرده‌ هاوڕێكانى بگه‌یاندایه‌ :

- (سفر) له‌ پاڵ ژماره‌دا ، به‌ها به‌ خۆى و به‌ ژماره‌كه‌ ئه‌دات .
- دابه‌شكردنى (سفر) به‌سه‌ر ژماره‌دا ، چه‌ند گه‌وره‌ بێت هه‌ر (سفر)ه‌  
- (دابه‌شكردنى سفر به‌سه‌ر سفردا) نه‌بوه‌ و نه‌كراوه‌ ، قه‌ده‌غه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌نجامى نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بنه‌ماى یه‌كه‌م : ده‌سه‌ڵاتى حوكمڕان له‌ هه‌رێم ، له‌ زوه‌وه‌ ، له‌ پاڵ ژماره‌ى میلله‌ته‌كه‌یدا به‌هایه‌كى زۆرى ئه‌به‌خشى، بوو به‌ هه‌رێمێكى فیدڕاڵى، مافى چووه‌ ده‌ستووره‌وه‌، په‌رله‌مان و حكومه‌ت و هێزى نیشتمانى خۆى دروستكرد، به‌ دنیاى وت .. من هه‌م .

له‌ پڕ ده‌سه‌ڵات خۆى لێ گۆڕدرا، خۆى توشى بنه‌ماى دووه‌م كرد، پشتىكرده‌ ژماره‌ى میلله‌ته‌كه‌ى، خۆى وه‌ك (سفر)ێك دابه‌شكرد به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ژماره‌ى گه‌وره‌ى وه‌ك (ده‌وڵه‌تانى دراوسێ ، نه‌وت ، غاز ، پۆستى سیادى و گه‌وره‌ى فیدرالى و دیپلۆماسی .. ) له‌م دواییه‌دا تێگه‌یشت .. ئه‌نجامى دابه‌شكردنى (سفر) به‌سه‌ر هه‌ر ژماره‌یه‌كدا ، چه‌ند گه‌وره‌ بێت، هه‌ر (سفر)ه‌.

كاره‌سات ئێستایه‌ ، ده‌سه‌ڵات خۆى سه‌رقاڵى بنه‌ماى سێیه‌م كردوه‌ : پاش سى ساڵ له‌ په‌یڕه‌وكردنى سیاساتى (سفر)كردنى حزبه‌ پچوك و ناوه‌نجى و نه‌یار و كۆتا و ئۆپۆزسیۆنه‌كان، هاتون خۆیان به‌سه‌ر ئه‌واندا دابه‌شئه‌كه‌ن ، واتا دابه‌شكردنى (سفر) به‌سه‌ر خۆیدا ، ئه‌مه‌ش نه‌بوه‌ ، نه‌ ئه‌بێ ، نه‌ چاوه‌ڕوانى هیچى لێ ئه‌كرێ ..

به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌ى نه‌زانییه‌ له‌ حوكمڕانیدا ، ژماره‌ى میلله‌ت ئه‌خاته‌ پاڵ ژماره‌كانى ترى عێراق و ئه‌وكات (هه‌رێم) به‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ یه‌كسان ئه‌كه‌ن به‌ (سفر) له‌ پاڵ ژماره‌ى (عیراق) دا.

سەرچاوە : خەندان