محەمەد خۆشناو
« سیاسەت لە دەرەوەی واقع نیە » ئەمە قسەی فەرماندەی سەربازی و سەرکردەی مەزنی فەڕەنسا «شارل دیگۆل , 1890-1970»ە کە لە ووتارە بەناوبانگەکەی 29ی ینایری 1960 ئاراستەی گەلی فەڕەنسای کرد ، کە مەبەست لێی دانانی ڕادەیەک بوو بۆ مێژووی کۆڵۆنیالیستی فەڕەنسا و تەجاوزکردنی حالەتی نۆستالیجیای زەمەنی ئیمپڕاتۆریەت و مامڵەکردن لەگەڵ واقیعی نوێیە ، کە بریتیە لە دەستپێکی هاتنی جیهانێکی نوێ و ڕازیبوون بە کيشانەوەی فەڕەنسا لە جەزائیر.
ئەم دیدەی دیگۆڵ زادەی خەیاڵێکی مەزنی سەرکردەیەکی بوێر و نیشتیمانپەوەرە و واقعبینە کە دەبێت بە واقیعیانە مامڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکان بکەین ، من ئەمەم لەو پانێڵەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بینی کە لە ئینستیتیوی «میری»دا بەشداربوو ، کە لە بەشێکی قسەکانیدا گووتی « دەبێت دان بە واقعی سیاسیدا بێنین» پێم وایە ئەم دیدگایە لەنێوان سیاسەت و واقع و ، قەناعەتکردن بەوەی کە ئێمە مومارەسەی سیاسەت لەسەر بنەمای میسالیات ناکەین ، بەڵکە لە واقع و زەروراتەکانی دەکەین ، ئەمە مانای ئەوەش نیە کە هەمیشە سیاسەتمەداری واقعی ببێتە بەندکراوی واقع ، بەڵکو دەبێت لەژێر ڕۆشنایی واقع و ئەگەر و قۆناغی مێژوویی بێت ، بێ ئەو جیاکاریەی باسمانکرد کاری سیاسی فەشەل دێنێت ، ئەم دیدە بەرهەمی خەیاڵە ، ژیانی هەموو گەلان بەدرێژایی مێژووەکانیان بێ تەحدی و قەیران و هێدمە نەبووە ، بەڵام دوای دانپێدانان بەوەی کە بەسەریان هات سەرکەوتن و توانیان تەجاوزی بکەن و بەشێوەیەکی ئیجابی و واقعی مامڵەی لەگەڵ بکەن ، ئەم پەڕینەوەیە زادەی خیاڵێکی دروستە ، هەمیشە ئەوانەی کە ئەولەویت بۆ واقع دادەنێن و دان بە هاتنی قۆناغێکی نوێ دادەنێن ، خاوەن ئەندێشەی ئیجابین کە دەبێتە دەسکەوتێکی ڕاستەقینە بۆخۆیان و گەل و نیشتیمانیان ، بەرهەمی شاعیر و هونەرمەند ڕۆمانووس و و زانا…تاد زادەی خەیاڵن ، زانای بەناوبانگی فیزیا « ئەنیشتاین» دەڵێت : (خەیاڵ گرنگترە لە مەعریفە )،
خەیاڵ ئامرازێکە بۆ بیرکرنەوە و بۆچوون و داهێنان ، سیاسەتمەداری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە خەیاڵ دەکات بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن ، بەخەیاڵ دەرفەتەکان زۆرتر دەبن ، دەستپێشخەریەکان بەرهەمی خەیاڵن ، بەڵام کاتێک خەیاڵ تەنها بۆ خەیاڵ بێت ئەوە لە وەهم زیاتر چیتر نیە ، مرۆڤ تا زیاتر مەمڵە لەگەڵ واقیع بکات و بەرهەم بێنێت مەترسی زیادەڕەوی لە خەیال و دوەرکەوتنەوەی لە واقیع کەمتر دەبێت ، خەیاڵ سوودی گەڵێک زۆرە ، بەڵام هەروەها زیانیشی هەیە ، ئەوە خەیاڵی نەخۆشی هتلەر بوو کە زۆر تێکدەرانە بوو بۆ جیهان کە لەگەڵیدا عەقلێکی جەمعی شێتانە بەدیارکەوت ، کە ملیۆنەها زانا و مامۆستای ئایینی و دەستبژێری سیاسی لەگەڵ دابوو ئەو عەقلەیان پێکهێنا بە ئامانجی ڕزگارکردنی جیهان لە قەیرانەکان ،
کەچی ملیۆنەها کەس بوونە قوربانی ئەو خەیاڵە کە بێئاگا بوو لە واقیع !! خەیاڵی ڕاستەقینە نیعمەتێکی گەورەیە و دەبێتە دەستکەوتێکی ڕاستەقینە بۆ کەسەکە و نیشتیمان ، خەیاڵی سەرشێتانەش دەبێتە کارەسات ، کەس ناتوانێت واز لە خەیاڵ بێنێت و سەدا سەد بە واقیعیان بژیت .
سەر چاوە : سپی میدیا