سلێمانی کوا دیمەن و گوزارشتە جوانەکانی بازاڕو دوکانی جارانت؟!

بارزان شێخ عوسمان

 ‎چل ساڵ لەمەوبەر یان زیاتریش،(واتە لەساڵی 2012 دا) ئەوسا كە سلێمانی تەمەنی 188 ساڵ و منیش 10 ساڵان بووم، چوونە بازاڕو شت كڕین لەدوكانە جۆراوجۆرەكانی شار چێژێكی تایبەتیی و خۆشی هەبوو.
سەرباری ئەوەی ئێمە مانان كە لەبازاڕدا بووین یەكترمان دەناسی، كەچی هەر گوزەرو بازاڕێك خەسڵەتی خۆی هەبوو، هەر لەبەردەركی سەرا، قەسرەكەی نوری عەلی ،سابونكەران لای كەبابخانەی بەكرو گازینۆی شارەوانی ، جادەی كاك ئەحمەدی شێخ، شەقامی بێکەس لای گەراجی حەمەی فەرەج ئەفەندیی چایخانەکەی حەمەی زەینەب ، حەمە جەلیلی جگەرچی ،سینەما سیروان و رەشیدو دوكانی حەمەسورو دەروێش ئەمین تا حاجی حان و جادەی ئۆرزدی ،شەقامی پیرەمێرد سجنەكەو ستۆدیۆ رەفیق بگەڕێوە بۆ بەر مزگەوتی گەورە و مەعاریف ،جادەی مەولەوی و حەمامی قشڵەو باتا،بازاڕی عەسری و بازاڕی زێوەرو بەر بەلەدێكە، لەوێشەوە بۆ قەیسەری نەقیب و حەوزە وشكەكە جادەی كاوەو سینەما دڵشاد، بڕۆ بۆ ئەسحابە سپی و قەزازەكان، بچۆرەوە بۆ بازاڕە بچكۆلەو كانێسكان و ئەنجا ژێر پردەكەو مەیانی ماستەكە ئاشەكەو بەرزاییەكەو بازاڕی برنجەكە، لەولایشەوە بۆ لای باخی گشتیی كە پێشتر باخی گەل بوو سەركەوەرەوە بۆ دارۆغاو مەڵكەندی و پیرەمەسور(پیرمنصور). ‎ئەوانە هەر بازاڕو ناوچەیەكیان تایبەتمەندیی خۆیان هەبوو بابەت و كەرەسەو كاڵای خۆیان هەبوو، هەریەكەیان شتێكی تیادا دەستدەكەوت. ‎
ئەودەم وەك ئێستا ئەو هەموو عەشاماتە نەترەنجا بوونە ناو شارەوە، لەوسەری بازاڕەوە بۆ ئەوسەری گوێت لەدەنگی یەكتر دەبوو، بەیانیان دوكان و بازاڕی‌ سەنتەری شار زوو دەكرانەوە، چایخانەو هەندێك دوكان جا بەڕادیۆ یا بەتەسجیل بەدەنگەسازو خۆشەكەی خوا لێیان خۆشبێت عەبدولباست یان حافز مەهدی یا شێخ سەعید قەڵقاڵی یاخود مەلا سمایل مەلا محەمەدو مەلا حەسەنی مزگەوتی گەورە چەند ئایەتێكی قورئانیان دەدا بەگوێی رێبوارانداو دەروونیان گوڵاو پڕژێن دەكردن، ئەمێستا سەرباری دیارنەمانی ئەو دوكان و خاوەن دوكانانە یان بەڕادیۆو تەلەفزیۆن یان سیدی یان هەر شتێكی ئەم عەسرە بەدەنگێكی ناخۆشیی خۆكوژیی و هاندان بۆ شەڕو كوشتارو بوغزاندن ئەو وتە جوانانەی پەروەردگار بەهەڵەو پەڵەی زۆرەوە دەدەن بەگوێی رێبواراندا. ‎دوكاندارەكانی ئەوسا هەموویان رووخۆش و سیماو رووخسار پاك و،ریش تاشراو بوون تەنانەت سۆفییەكانی وەك حاجی شەربەت لەبازاڕدا بەڕووویەكی خۆش و بەبۆن و بەرامەی كوردەواریی یان پاریسیی پێشوازییان لەكڕیارەكان دەكرد، بێ جیاوازیی، تەنانەت ئەو رووخسارە بێگەردەیان رێبوارانیان رادەكێشا كە بچنە دوكانەكانیان، كەچی ئێستا مەگەر چۆنەها ئەو سیمایانە ببینیت ،سەرباری ئەوەی مۆڕە دەكەن بەبۆن و بەرامەی سعودیی و قەتەڕیی بێزەوقانەشیان رێبواران وڕ دەكەن بەو چاوە ترسناكانەشیان لەو رێبوارانە ورد دەبنەوە، ئەوەی وەك خۆیان نەبێت یان بەقین و تەوسەوە مامەڵەی لەتەكدا دەكەن یا ئەوەتا دەستەو دایرەكەیان هان دەدەن توانجێكی تێبگرن بەتایبەتی ژنان و كچانی سفور. ‎بەڵام جاران ئەو دوكاندارە نورانییانە كە قاڵبووی عیبادەت بوون تەنانەت بەتەمەنەكانیشیسان، وەختێك سفورو قۆڵ روتێكیان دەبینی سەرباری رێزگرتنیان دەیان وت زەمەنەكەی گۆڕاوە دەبێت پیاو لەگەڵ عەسرەكەدا هەڵبكات. دوكانی كەمالیات و پوشاكی ژنان و كەرەسەی ئارایشت لەبازاری عەسری و قەیسەری نەقیب دواتر لەئۆرزدی پاشان لەخەفاف و زانكۆ هەمووی دوایین مۆدیلی جیهانیی وەك فەرەنسیی بوون، پۆشاكەكانیش هەمووی‌ جوان و شارستانیی بوون و لەگەڵ سیمای خەڵكەكەو ئەدگاری خوا كردی شاری سلێمانیدا دەگونجاو باش رێكدەخرا(ئاخر ئەودەمە تازەترین مۆدێل دوای ئەوروپا لەبەیروت و بەغدادو سلێمانی لەبەردەكرا)، ئەمێستا سەرباری تێكەڵ و پێكەڵیی دوكانەكان(لەفەفرۆش لەتەنیشت پوشاك و پەردەفرۆشەوەیە) بەشێكی زۆری جلوبەرگی ژنانەو كچانە لەو جۆرو ماركانەن كە میزاجی شارێكی وەك سلێمانی تێكدەدات و تەنسیقی نییە لەگەڵ هەڵكەوتەی شارەكەدا هەمووی جلوبەرگی سعودیی و ئەو ناوچە ئەقڵ قفڵ لێدراوانەیە ،سەیرترینیان كە سلێمانی وتەنی لەقتوی هیچ عەتارێكدا نەمان دیوە(جلی نوێژ)ە بەحسابی ئەو دوكاندارە كڵۆڵانەی لاساییكەرەوەی ئەقڵ وشك و بۆگەنەكانی سعودیی و قەتەرو ئیمارات بێت هیچ نوێژێكی دایك و ژنان و كچانی كەسوكاری ئەم شارە قبوڵ نەبووە كە بەسەرپۆشە سپییە كوردەوارییەكەی خۆمانەوە یان بەسەرو فێستەكەی(بەهەشتیی) حەپسەخانی نەقیبەوە كردوویانە، تەنانەت ئەو لاساییكردنەوەیە جلوبەرگی پیاوانیشی گرتۆتەوەو جلە كوردییەكەشیان شێواندووەو شەرواڵێكی كورت و كوێریان لەبەردایە وا دەزانیت لەتۆرابوراو سەربازگەكانی تاڵیبان و هەقانیی وەزیرستان بەدیل گیراویت.
‎رێبواران كە بەگوزەرو ناوبازاڕی جارانی سلێمانیدا تێدەپەڕین گوێیان لەپێكەنین و قسەی خۆشی نێوان دوكاندارەكان دەبوو، كەچی ئێستا هەرگیز ئەو دیمەنانە نابینیت و گوێت لێیان نابێت، یاخود قسە خۆشەكانی حەسەنی شیرین و بارام بەگ و فەریق دەگێڕدرانەوە كەچی ئێستا ئەوان رەحمەتیان لێبێت لەژیاندا نەماون و لەفەیسبووك بەناوی ئەوانەوە بوختان دەكەن و قسەو جنێو بەخەباتی میللەتێك دەدەن . جاران سەرچنارو باخی بەختیاریی و كۆتەڵ و كارێزی وەستا شەریف و توی مەلیكی‌ سلێمانی سەیرانگەی دڵڕفێن و جێگەی ژوانی هەمووان بوو كەچی ئێستا لەگەڵ نەمان یان تێكچوونی سیماكانیان هەموو دەشت و دەر تەڵبەند كراوە. ‎جاران لەناوبازاڕ كە دایكێك یان باوكێك كچەكەی یا كوڕەكەی بانگ دەكرد گوێت لەناوێكی كوردیی مۆسیقیی وەك چالاك، هەندرێن، ئامانج، ئاوات، شاڵاو..هتد دەبوو یان ناوە عەرەبییە بەكورد كراوەكان و..هتد، بەڵام ئێستا گوێت لەو ناوانە دەبێت كە نەك هەر ناوی ئیسلامیی نین، بەڵكو لەناوچەیەكی دیاریكراوی وەك سعودیی و قەتەری ئێستا هەن ئەنەس , طلحە، حذیفە، سلمان ،رەیان ،مسلم، ئوسامە، مثنی‌، اسما‌ء، آیة، الا‌ء..هتد. 

 بەشبەحاڵی خۆم كە گوێم لەو ناوانە دەبێت دەستبەجێ رادەچڵەكێم تەقینەوەو سەربڕین دێتە بەرچاوم. ‎جاران كە بەناو شاردا گوزەرت دەكرد كاتی بانگ لەبڵندگۆی مزگەوتەكانەوە، گوێت لەدەنگێكی خۆش دەبوو كەچی ئێستا دەنگێكی ناساز رات دەچڵەكێنێت تەنانەت خوتبەی هەینیش وەك ئەودەمە نەماوە كە باسی دەكەم ئەوكات هەمووی ئامۆژگاریی و روونكردنەوەی جوان بوو كەچی ئێستا هەمووی جنێو و هێرشكردنە سەر خەڵكە تەنانەت ئەو مینبەرەی پێغەمبەریان كردووە بەجێگەیەك كە قسەی ناشیرین و بەدڕەوشتیی و بوختان هەڵبەستن و درۆكردنیشی تیادا دەكرێت. ‎بۆیە هەر جارێك دەچومە ناو بازاڕ بەكۆنە هەوارەكاندا گوزەرم دەكرد سەرباری ئەوەی سیماكانی جارانم لێ ون دەبو نەم دەبینین ، خەمبار دەبوم دەموت سلێمانی كوا دیمەن و گوزارشتە جوانەكانی جارانت، كوا؟! ئایا دێنەوەو دەیانبینمەوە؟ یان لەگەڵ نەمانی رەشەباكەی جارانتا ئەوانیشت لول دا!
تێبینی:
ئەم بابەتە لە ژمارەی رۆژی 7ی دیسامبەری 2012 لە رۆژنامەی کوردستانی نوێدا لەلاپەڕەی ئازاد بڵاوکراتەوە.
لەسەر داوای نوسەر " سپی " جارێکی تر بلآویکردۆتەوە لەبەرئەوەی پەیوەندی بەم دۆخەی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستانەوە هەیە.

 

 

سەرچاوە: speemedia