دەنگی كورد، وەك یەكەمین رۆژنامەی رۆژانە

دەنگی كورد- صوت الاكراد، كە لە مێژووی رۆژنامەوانی كوردیی بە یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی سیاسیی كوردیی سەربەخۆ دادەنرێت كە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی لە دوای (شۆڕش- كودەتا)ی 14ی تەموزی 1958 دەرچووە بە دیاری كراوی لە 9ی شوباتی 1960 یەكەم ژمارە دەرچووە و تا تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بەردەوام بووەو بە شێوەی رۆژانە دەرچووە لە هەفتەكەیا، تەنیا رۆژانی شەممە دەرنەچووە، ئەگینا رۆژانی تر بە چوار لاپەڕە دەرچووە كە سێ‌ لاپەڕەی سەرەتای عەرەبی بووەو دوا لاپەڕەكەشی كوردی بووە.

ئەم رۆژنامەیە، خاوەنی ئیمتیاز و سەرنووسەرەكەی پارێزەر عومەر جەلال حەوێزی بووە و یەكێك بووە لەو رۆژنامە راقیانەی كە شان بە شانی رۆژنامە عەرەبییەكانی ئەو سەردەمەی عیراق چاپ دەكرا، لەرووی ناوەڕۆك و دیزاین و نووسەرەكانی زۆر سەردەمیانە بووە.
لەم ماوەیەدا، وەكو كارە چاك و مەزنەكانی تری، مامۆستا عەبدوڵڵا زەنگەنە، لە كتێبێكی قەبارە گەورەدا، وێڕای لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەسەر سەرجەم لایەنەكان رۆژنامەی دەنگی كورد، هەروەها شیكاری بۆ هەلومەرجی دەرچوون و نووسەرەكانی و ناوەڕۆكەكەی، سەرجەم ژمارەكانی رۆژنامەكەی بە چاپێكی ناوازەو وەكو خۆی دەڵێت بە ئۆرژیناڵانە پێشكەشی كتێبخانەی كوردیی كردووە.
دەنگی كورد، سەرەتا وەكو رۆژنامەیەك رۆژ نا رۆژێك دەرچووە، بەڵام لە ژمارە (45)ەوە بووە بە رۆژانە و تا ساتی وەستاندنی بەردەوام بووە لە دەرچوون. ئەم رۆژنامەیە چەندی لە بارەوە بنووسرێت كەمە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری بكەین بە هەق وەكو رۆژنامەیەكی رۆژانەی خەبەری و سیاسیی مامەڵەی كردووە، هەواڵی سیاسیی كورتی عیراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بڵاوكردۆتەوە، هەروەها سەروتاری بە كوردی و عەرەبی هەبووە، ریكلام و ئاگادارییەكی زۆری رۆژانەی تێدا بڵاوكراوەتەوە. هەموو ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسە ناودارانەی بۆیان نووسیوە ، وتارەكانیان كورت و پوختن، كە دیارە پێشتر پێیان وتراوە كە كەم بنووسن  بۆ ئەوەی بۆ رۆژنامەیەكی رۆژانە بشێت. 
بۆ نموونە ناونیشانی چەند هەواڵێكی ژمارە (1)ی دەنگی كورد یان صوت الاكراد-تان بۆ دەنووسم: نكبە المغرب الشقیق ئەم هەواڵە باس لەو بومەلەرزە وێرانكەرە دەكات كە ئەو دەمە وڵاتی مەغریبی عەرەبی گرتۆتەوە، خگبە الامیرە ماركریت شقیقە ملكە بریگانیا، باس لە وتارێكی گرنگی شازادەی مارگرێت دەكات لەو رۆژەدا، دیغول یتعنت باس لێدوانێكی نوێی سەرۆكی ئەو كاتەی فەرەنسا دیگۆل دەكات لەبارەی سەربەخۆیی جەزائیر، سیادە الزعم یفتتح موتمر رابگە الدفاع عن حقوق المراە ئەمەش هەواڵێكە بە وێنەیەكی عەبدولكەریم قاسم كە بەشداری كۆنگرەیەكی لەبارەی مافی ژنان كردووە لە بەغدا و ئەمەو چەند هەواڵێكی تر كە تەنیا لە یەك ژمارەدا بەدی دەكرێت.
دیارە لە لاپەڕە دوو و سێ‌-شدا چەند راپۆرت و وتار و هەواڵ و ریكلام و ئاگاداری هەیە كە بە راستی ئەگەرچی رۆژنامەكە تەنیا چوار لاپەڕەیە، بەڵام بە تەواوی پڕۆفیشناڵانەیە و خوێنەر تێر دەكات لە زانیاری رۆژانە.
ماوەتەوە بڵێم، چاپكردنەوەی سەرجەم ژمارەكانی (دەنگی كورد) لەلایەن مامۆستا عەبدوڵڵا زەنگەنە-ەوە جێگای سوپاسی زۆرە.

مه‌ریوان مه‌سعود
 2022-06-19

 

 

سەرچاوە: knwe