کاتێک بۆ گەشت دەچیتە بەرلین، لەپڕ لە یەکێک لە گەڕەکەکانی تابلۆیەکی گەورەی بۆنموونە نۆ مەتر بەرز و پێنج مەتر پان دەبینیت. تابلۆیەکی پڕ لە وردەکارییە کە سەرت سووڕدەمێنێ چۆن نەخشێنەرەکەی هێندە پشووی درێژ بووە کە ئەمە بنەخشێنێ. دواتر سەرنجت بۆ واژۆ یان ئیمزاکەی دەچێ کە لە خوارەوەی تابلۆکەدا نەخشێندراوە.
گیتا کوردپوور، هونەرمەندی شێوەکار کە لەدایکبووی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەیەک لە رووسیا ژیاوە و دواتر هاتووەتە ئەڵمانیا و خولیای وێنەکێشانی سەر دیواری بۆ دروستبووە و دەڵێت " لە ساڵی 2020 یەکەم کاری هونەریم لە سەر دیوارێکی 25 مەتری بوو لە بەرلین و دوای ئەوەی سەرکەوتنم بەدەستهێنا، ئیتر بەردەوام بووم و ئیستا وێنەم لەسەر هەشت دیواری مەزن لە بەرلین دروستکردووە و نەخشاندوومە".
گیتا کوردپوور روونیکردەوە، بەرلەوەی وێنەکە لەسەر دیوارێک بکێشێت، سەرەتا وێنەکە لەسەر پارچە کاخەزێک دروستدەکات و دواتر لەسەر دیوارەکە دەینەخشێنێت.
گیتا کوردپوور ئاشکرایکرد، وێنەکانی رەگ و ریشە و گوڵ لە خۆ دەگرن. ئەو خۆشەویستییەکی زۆری بۆ کارەکەی هەیە و دەڵێت" ئەوەندە کارەکەم خۆشدەوێت هەندێجار زیاتر لە 12 کاژێر خەریکی وێنەکێشانم بووم لەسەر دیوارێک، واتە تاوەکو تەواو ماندوو نەبم دەست لە کارەکەم هەڵناگرم".
گیتا کوردپوور گوتیشی، "سەرەتا زۆر قورس بوو بتوانم لە بەرزی زۆر وێنە بکێشم، بەڵام دواتر راهاتم و ئێستا بەنیازم لە دەرەوەی بەرلینیش دیوارە گەورەکان بە وێنەکانم بنەخشێن."
گیتا کوردپوور ئاشکرایکرد، ئەوانەی ئارەزووی وێنە و تابلۆکانی ئەویان هەیە، دەتوانن لەڕێگەی ئینستاگرامەکەی داوای بکەن.
سەرچاوە: rudaw