بەرزان حەمەسور
بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاتنی هێزێکی ( حەشدی شەعبی ) ئەمڕۆ 26.08.2024بۆ ناوچەی گوڵەجۆ لەگەرمیان، گوایە دوای ڕێکەوتنیان لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ڕادەستکردنی ئەوناوچەیە بە هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەم کارەکراوە..!
میللەت دەپرسێ لە خاوەنی ئەم کەناڵە کەخودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
ئایا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە کەناڵی ئاسمانی K24 سەر بەخودی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ، خەمخۆریتانە بۆ نیشتمان ،دڵسۆزیتانە بۆ پارێزگاری لە خاکی نیشتمان وەئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی شەقامە لەم جۆرە ڕێکەوتنە ژێربەژێرانە ،کەلایەنێک خەریکە خیانەت بە نیشتمان دەکات..؟
ئەمەجێگای دەستخۆشیە...!
یان ئەم بڵاوکردنەوەیە شکاندن وناوزڕاندنی هێزە حەریفەکەتانە وەک هەڵمەتێکی پێش هەڵبژاردن.. یاخود چیرۆکەکەی مەجیدەکوێرە...؟
خۆئەگەر دەتانەوێت بەمیللەت بڵێن کەئێوە سەرۆکی ئەم نیشتمانەن خەمی نیشتمان تان داوە بەکۆڵتان و ئەرکتانە لەهەر دۆڕاندنێکی بستێک لەم خاکە گشت لایەکی لێئاگاداربکەنەوە..ئەوا هەموان دەپرسین خێرە ،کردنەوەی پتر لە 80بنکەوبارەگای سەربازی لە پارێزگای دهۆک بەدرێژایی پێنچ ساڵی کابینە پۆلیسیەکەی تۆدا داگیرکاری ترکی لەناوقوڵایی ماڵەکەی باب وباپیرانتا تەراتێن دەکەن وبازگەیان داناوە و بەئاشکرا خاکی نیشتمان داگیردەکەن وسەروەری کوردستان پێشێل دەکەن..ئەم هەموو هەواڵی داگیرکاریەی کوردستان لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە لەگشت کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی خۆماڵی وبیانی ڕوماڵ دەکرێن وبڵاەدەکرێنەوەو تەنها ڕاگەیاندنەکانی ئێوە نەبێت پەردەپۆشی دەکەن ،هەروەک نەعامە سەرتان دەبەنە کونەوە،تانەبینن ونەبیستن! بۆ نقەتان لەخۆتان بڕیوەو تائەم چرکەیە لەکەناڵە ئاسمانی ولۆکاڵەکانیشتانەوە نەهەواڵ ونە بەیانێکتان دەرنەکرد ،نە بۆ ڕاگەیاندنەکان ،نە لەژێر لێویشەوە ناڕەزاییەکتان دەرنەبڕی وتەنها وشەیەکتان تان لەسەرنەوت !
( دەگێڕنەوە لەکۆنا لەشاری بەغداد پیاوێک بەناوی عبدالمجید ،بەمناڵی تووشی تەراخوما بووە وچاوەکانی کەمێک کزبووە، بەدرێژایی ڕۆژ، چوار وەرزە، پیشەی تەنها هێنانی ئاو بووە لە ڕووباری دجلەوە بۆحەوزەکەی ئارامگا- مزگەوتی شێخ عبدالقادری گەیلانی، بۆ دەست نوێژوخاوێنکرنەوە..
بۆ ئەم کارە دوو گوێدرێژی بووە کە " جۆنگە" شەڵتە یان لەسەرپشت بووە بۆهێنانی ئاو، ئیتر عەبدولمەجید خەو وخۆراکی سێ ژەمەی هەر لەشۆربەخانەکەی ئەوێ بووەوشەوانیش هەرلەوێ خەوتووە.
خەڵکی گەڕەک و سەردانکەرانی مزگەوت زۆرجار بۆ پێکەنین سەردەکەنە سەر عبدالمجید، گاڵتەی لەگەڵدا دەکەن وە هەمیشە بە مجیدە کوێر (مجید اعور ) بانگی دەکەن.. بانگکردنی بەم ناوە زۆر مجید توڕە دەکات!
بەیانیەک زۆر زوو مجید پێش بانگ بەبێ دەنگی سەردەکەوێتە سەر درەختی ناو حەوشی مزگەت و بزمارێک دەبات و دەیچەقێنێتە لقێکی درەختەکە کەخۆی باش نیشانەی کردووە و دێتە خوارەوە!
پاش نوێژی جماعەتی بەیانی لەسەر سەکۆی حەوشی مزگەوت، هەموو ئامادەبووان دەست بەدووعان لەخوا دەپاڕێنەوە، دنیا هێشتا هەرتاریک و ڕوونە!
لەم کاتەدا مجید سەر بەرز دەکاتەوەو ڕوو لەدرەختەکە دەکات و بەدەنگی بەرز هاواردەکات: (ئەی هاوارچۆن شتی وا دەبێت..؟)
ئەمە کوفرەو ئەم تاوانە گەورەیە، کێ کردویەتی؟
خەڵکەکە هەموو لێی کۆدەبنەوەو دەپرسن، چییە مەجیدە کوێر، بۆ هاوار دەکەی، چیبووە؟
مجیدیش پەنجە بۆ درەختەکە ڕادەکێشێ.. بۆ ئەو لقەی تەنها خۆی دەزانێ، دەڵێ ئەمەکفرە، کێ چووە بزماری لەو درەختە داکوتیوە؟
کاری وا نابێت ...کێ ئەو تاوانەی کردووە دەبێت سزا بدرێت ...!
هەموو خەڵکەکە سەیری درەختەکە دەکەن بۆ ئەولقەی مجید دەڵی بەڵام هیچ کەس هیچ نابینێ..!
دەست دەکەنەوە بە پێکەنین و گاڵتە پێکردن بە مجید.
مجید دەڵێ گاڵتەم پێدەکەن! ئێوە ئەوبزمارە نابینن؟ ئا ڕاوەستن ...
مجید لەپێش چاوی ئەو هەموو خەڵکە سەردەکەوێتە سەر درەخت و بەئارامی دەست دەبات بۆ بزمارەکە بەدووپەنجە لەلقەکەی دەردەهێنێ و دێتە خوارەوە و بزمارە ئەداتە دەست مامۆستای پێش نوێژ ... هەر هەموو سەریان دەسوڕمێ و دەڵێن وەڵڵا مجید ڕاست دەڵێت ... ئێمە چەند ساڵە غەدرمان لەم پیاوە کردووە گوناحمان کردووە بەرامبەر بەم پیاوە بە مجیدە کوێر بانگمان کردووە، خۆ ئەو چاوی لەهەموومان باشتر دەبینێ!
دەچن دەست دەکەنە ملی و ماچی دەکەن و زۆر داوای لێبوردنی لێ دەکەن ...
مجید زۆر خۆشحاڵ دەبێت و دەگەشێتەوە کە ئیتر نازناوی مجیدەکوێری ڵیدەبێتەوە..!
بەڵام کە خواحافیزی لە خەڵکە دەکات و بڕوات بەلای کارەکەیەوە، دەکەوێ بەسەر کەرەکانیدا و بەدەما دەکەوێتە سەر زەوی!
خەڵکەکەی کە دەبینن وا مجید کەوتووە خێرا دەڕۆن و هەڵی دەگرنەوەو بەدەم تەکاندنەوە پێی دەڵێن باشە مجیدە کوێر تۆ ئەم دووکەرەت نەبینی لەبەردەمتا ئەی چۆن ئەو بزمارەت بینی بەوحەوایەوە لەسەر ئەو درەختە؟؟؟ )