مەخموور ئەو شارۆچكەیەیە كە دەكەوێتە قوڵایی باشووری كوردستان، سنووری خوارووی هەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكە لە هەموو كات و سات و رووداوەكانی كوردستان رۆڵی بەرچاوی هەبووە، بە دەیان حەیرانبێژ و شاعیر و گۆرانیبێژ و موزیكژەنی تێیدا لە دایكبووە، كە یەكێك لەو هونەرمەند و موزیكژەنانە جوانەمەرگ دڵزار یاسینە.
دڵزار یاسین ساڵی 1969 لە شارۆچكەی مەخموور لە دایكبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارۆچكەیە تەواو كردووە. لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا و گۆرانی بووە. ساڵی 1986 لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی وەردەگیرێت.
دەنگێگی خۆشی هەبوو
لەوبارەیەوە جەمال جەمیل سەرۆكی تیپی مۆسیقای مەخمووری ئەوسا، سەبارەت بە دڵزار یاسین دەڵێت: ساڵی 1972 تیپی مۆسیقای مەخموورمان دامەزراند لە كۆتایی حەفتاكان دڵزار یاسینمان لە تیپەكە وەرگرت لەبەر ئەوەی دەنگێگی خۆشی هەبوو و بەشداریمان پێكرد و پاشانیش لەگەڵ نزار و بەدری برام فێری گیتارم كردن.
هونەرمەندی موزیكژەن جەمیل سنجاوی لەبارەی جوانەمەرگ دڵزار یاسین دەڵێت: دڵزار تەنها موزیكژەن نەبوو بەڵكو گۆرانیبێژێكی سەركەوتوو بوو. لە یادمە ساڵی خوێندنی 1979-1980 بوو لە گۆڕەپانی دواناوەندی مەخمووری كوڕان، ئاهەنگێك بەڕێوەچوو كە یەكێك لە گۆرانیبێژەكانی ئاهەنگەكە دڵزار یاسین بوو بە گۆرانی « باخەوان گیان خۆم غەریبم رێگای باخت لە كوێیە»ی بۆ ئامادەبووان چڕی كە بەڕاستی دەنگێگی خۆشی هەبوو.
من دەتوانم بە یەك دەست چەپڵە لێبدەم
هونەرمەند دڵزار یاسین كەسێكی زۆر لێهاتوو بوو لە بیرمە دەیوت:»كورد دەڵێ چەپڵە بە یەك دەست لێنادرێت، بەڵام من دەتوانم بە یەك دەست چەپڵە لێبدەم و لە بەر چاوی من بە یەك دەست چەپڵەی لێدا، من زۆر پێم سەیر بوو، دواتر بۆم دەركەوت كە ئەندامانی لەشی جوانەمەرگ زۆر نەرمە. چۆنی بوێت بە ئارەزووی خۆی دەیجوڵێنێت. هەر ئەمەش وای كردبوو كە دەست و پەنجەی بۆ ژەنینی كەمانچە زۆر شیاو بێت. دڵزار یاسین دەیتوانی ئامێرەكانی موزیك (كەمانچە، عوود، ساز، بانجۆ، جومبوش، گیتار، ئۆكۆردیۆن و ئۆرگ بژەنێت و بەمدوایانەش كلارنێت.
دوای كۆڕەوەكە دڵزار ئاوارەی ئێران دەبێت
هومەرمەند ئەنوەر قەرەداغی سەبارەت بە دڵزار یاسین دەڵێت: دڵزار یەكێك بوو لە خوێندكارە زیرەكەكان لە پەیمانگا و متمانەیەكی زۆرمان پێی هەبوو و توانایەكی زۆری هەبوو لە چالاكییەكاندا و هاوكات پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ هاوڕێكانی هەبوو و هەمیشە دەیوت من لەم شارە هەست بە غەریبی ناكەم. كاتی فێستیڤاڵەكان زۆر پێشەنگ و چالاك بوو و وەك ژەنیارێك بەشداری دەكرد.
لەگەڵ هونەرمەندانی ناوچەی موكریان
لەدوای ڕاپەڕین لە مەهاباد دەگیرسێتەوە و قۆناغێكی تری ژیانی دەستپێدەكات و لەگەڵ هونەرمەندانی ناوچەی موكریان لەوانە محەمەدی مامڵێ، عەزیز شارۆخ، حەسەن دەرزی، ئیبراهیمی قادری و چەند هونەرمەندێكی دیكە ناسیاویی پەیدا دەكات.
کۆمەڵێک هونەرمەندی دیاری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ محەمەدی ماملێ لە مەهاباد
هونەرمەند حەسەنی دەرزی لەبارەی دڵزار یاسینەوە دەڵێت: دڵزار هونەرمەندێكی بە توانا و بە سەلیقە و خۆشەویست بوو، وەك ژەنیارێك و دابەشكاری مۆسیقا چەندین گۆرانیمان لە ساڵی 1992 تۆمار كرد لەوانە ، گۆرانی بۆكان كیژە مەكتەبی، باران بارانە، دەزانی چەندم خۆش دەوێیت، غەمی خۆم نییە غەمی تۆمە، هەوای دڵداری، ئاواتمە خاڵ، خۆزگەم بەو رۆژە لەو مەنزڵە وێرانە دەڕۆم. هەروەها لەچەند گۆرانییەكی محەمەدی ماملێ وەك ژەنیار بەشداری كردووە.
بۆ كەسێكی تایبەت پاش مردنی
هونەرمەند و میوزیكژەن سەرتیپ ئەحمەد كۆیی سەبارەت بە دڵزار یاسین دەڵێت: من و خوالێخۆشبوو دڵزار یادگاری خۆش و ناخۆشمان بەیەكەوە هەیە، رۆژێك لە ئەرمینیا بووین پێی خۆشبوو سەردانی ئارامگەی ( ئارام خاچاتۆریان) بكات و شەوێك چووین، بۆ یادگاری گوڵێكی سەر گۆڕەكەی هەڵگرت و خستییە ناو دەفتەرێك و نامەیەك کە بۆ خۆی نووسیبووی بۆ كەسێكی تایبەت پاش مردنی، من نامەكەیم بۆ ئەو كەسە نارد. هونەرمەندێكی پڕ لە جوانی بوو، زۆر حەزی لە جل و بەرگی جوان و خۆڕازاندنەوە بوو، هەر شتێكی كڕیبا دوو دانەی دەكڕی یەكێك بۆ خۆی و یەكێك بۆ من. بەداخەوەی ژانی گەدەی هەبوو، ئەو ژانە زۆری ئازار دەدا و بەداخەوە دواتر هەر بە هۆی ئەو ئازارەوە كۆچی دوایی كرد.
هەر لەوێش بە خاك دەسپێردرێت
جەمیل سنجاوی داوا دەكات هەوڵبدرێت تەرمەكەی لە وڵاتی غەریبیەوە بهێندرێتەوە بۆ كوردستان و لە زێدی باب و باپیرانی ( مەخموور) بە خاك بسپێردرێت و هەوڵ بدرێت ساڵانە لەڕۆژی مردنەكەی بەرنامەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت و یادی بەرز رابگیردرێت و ساڵانە هونەرمەندانی مەخموور بەرهەمەكانی ئەو هونەرمەندە جوانەمەرگە بە نەوەی تازە ئاشنا بكەن. و شارەوانی و پەروەردەی مەخموور ناوی شەقامێك یان پاركێك یان خوێندنگەیەك بە ناوی ئەو هونەرمەندەوە بكەن.
جێی ئاماژەیە، هونەرمەند دڵزار یاسین دوای ئەوەی لە مەهاباد دەگیرسێتەوە بەرەو هەندەران كۆچ دەكات و بە هۆی نەخۆشی رۆژی 11-11-1994 لە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا كۆچی دوایی كرد و هەر لەوێش بە خاك دەسپێردرێت.
ئا/ جوتیار قادر ئیبراهیم
سەرچاوە: knwe