دنیا خرۆشا هەمووخەڵک بەهاواری ڕۆژنامەفرؤشەکان (دزی شەکرەکە دەستگیرکرا) بەئاگاهاتن، بە مقۆ مقۆ خەڵکی ڕژانە سەرشەقام بەپەرۆشەوە بوون بزانن وبەچاوی خۆیان ئەم دزە تاوانبارە ببینن، واچەند ساڵە بەدوایەوەن ئەم هەموو شەکرەی ئەم خەڵکە هەژارە ئەدزێ ودەستگیر نەئەکرا... ئاخۆ کێ بێت...؟!
بە پاڵەپەستۆ ئاپورەی خەڵک بەرەو دادگا کشان ... بەڵێ ... ئەوە تاوانبارەکەیە خەڵکینە بیبینن ... میروولە هێنرایە بەر دەم داگا بە قۆڵ بەستراوی، بە بەڵگەی دزیەوە گیراوە ... هێناویانە ... دەنکێ شەکر بەدەمیەوە!
دادوەر بێ سێ ودوو بەتاوانی دزینی شەکری میللەت بڕیاری دا ملی ببەڕێنن لەگۆڕەپانی شار بۆ ئەوەی ببێت بە عیبرەت ئیتر وڵات پاك بکرێتەوە لەدزی شەکر.
لەدوورەوە فیلێک بەرگی ئاڵ و واڵای پۆشیبوو، هاتبوو بۆ تەماشاکردنی ئەم شانۆگەرییە، کیسەیەکی گەورە پڕ شەکر لەسەرپشتی بوو ...
بەڵام چونکە باڵای بەرزبوو کەس لەخوارەوە نەی دەبینی ! ئەبوایە بچنە سەرپشتی تا کیسەشەکرەکە ببینن ...!
دەی کێ زاتی ئەوە دەکات بچێتە سەرپشتی فیلی ترسناکی باڵا بەرز ؟ هەرگیز کەس ناگاتە سەر ئەوبەرزاییە...
فیل لەوشەکرە دزراوەی سەرپشتی هەمووساڵێک لەمانگی ڕەمەزان بۆ هەرهەژارێک دەنکێ شەکری بەخێر ئەبەخشی... بۆیە هەموودوعای خێری بۆدەکەن ولەخوا دەپاڕێنەوە خوا فیلیان بۆ تەمەن درێژ بکات ،خوا دەست بەباڵیەوە بگرێ! هەر فیلە ئاگای لەو هەژارانەیە و هەست بەبرسێتی ونەهامەتی ئەم میللەتە هەژارە دەکاوکۆمەگیان دەکا....
بۆیە بەشێک لەوخەڵکە ڕەش وڕووتە بڕیاریان داوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بدەن بە فیل وەک نوێنەرو دەمڕاستی خۆیان !
هیچ کاتیک، هیچ کەس نەیپرسی دەی فیل ئەم هەموو شەکرەی لەکوێ بوو؟ لەکۆێوە هێنای خۆ ئەو کاتێ لەدارستانەکە بوو هەرگەڵا وگژوگیای دەخوارد وە کەهات بۆئێرە رووت وقووت بوو هیچی لەبەردا نەبوو،هیچیش لەسەر شانی نەبوو!!
بەرزان حەمەسوور- ئاڵمانیا