دەزگای جۆن لینۆن کە بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمریکایە، خەڵاتی جۆن لینۆن بۆ 'ئامادەکردنی گۆرانی' لە بەشی نێودەوڵەتی، بە گۆرانی 'شەڕی دونیا'ـی هونەرمەند ئاگرین دڵشاد بەخشی کە یەکێکە لە تراکەکانی ئەلبوومی 'تێناگەی' ئەو هونەرمەندەیە.
ئەم دەزگایە خەڵاتی ساڵانە تایبەتە بە ئامادەکردنی گۆرانی لە 12 ژانەر لەسەرانسەری جیهاندا دەبەخشێت، بۆ ساڵی 2022 خەڵاتی باشترین ئامادەکردنی گۆرانی بە گۆرانی 'شەڕی دونیا' بەخشی و یەکەمجارە هونەرمەندێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
گۆرانی 'شەڕی دونیا' لە ملیۆدی ئاگرین دڵشادە و لە تێکستی هێمن حەمیدە و باس لە بێمانایی جەنگی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ دەکات و هانی پێکەوەژیان دەدات.
ئاگرین دڵشاد بە رووداوی راگەیاند، گۆرانی 'شەڕی دونیا' لەلای ئەو بەرهەمێکی تایبەتە و هەڵقوڵاوی هەستکردنیەتی بە بەرپرسیاریەتی مرۆڤ بەرامبەر بە چەمکی پێکەوەژیان، هەروەها هەڵقوڵاوی هەموو ئەو مەینەتییانەن کە جەنگ بەسەر ئێمە و سروشت و ژینگە و هەموو مرۆڤایەتیدا هێناویەتی.
جۆن لینۆن هونەرمەندێکی بەرەگەز بەریتانی بووە و لەبواری گۆرانی و دانانی میلۆدیدا ناوبانگێکی گەورەی جیهانی هەیە و ئەندامی گروپی بەناوبانگیBeatles بوو، بۆ رێزگرتن لە بەرهەم و کارەکانی ئەو هونەرمەندە، دەزگاکە خەڵاتەکانی بەناوی ئەو کردووە.
ئاگرین دڵشاد خەڵکی شاری کەرکووکە و بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بەکالۆریۆسە لە بواری میوزیکدا هەیە. لە 2007ـەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا لە پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەندانی بواری گۆرانی دادوەر بووە.
ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 100 کاری هونەری لە بوارەکانی دابەشکردنی میوزیک، نووسینی تێکست و میلۆدی هەیە.
یەکەمین ئەلبوومی گۆرانییەکانی بە ناوی 'تێناگەی' لە 2020ـدا بڵاوکردەوە، ئەلبوومی دووەمی بە ناوی 'رەنگار' لە ئەیلوولی 2021 بڵاوکردەوە.
ئاگرین دڵشاد، جگە لە بواری هونەری، لە بوارەکانی پەروەردە و ژینگە و ئاژەڵدۆستیدا چەندین کەمپەینی مەیدانی و هۆشیارکردنەوەی ئەنجامداوە بۆ برەودان بە پرسەکانی چاندنی نەمام و زیادکردنی رووبەری سەوزایی و پێدانی خواردن بە ئاژەڵانی بێلانە.
سەرچاوە: rudaw