لە بەریتانیا 10 کچە خوێندکاری کورد بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرۆگرامی چیڤنینگ-دا دەکەن کە پرۆگرامێکی سکۆلەرشیپی بەریتانیایە و ساڵانە پێشکێش دەکرێت.
کاڵی یاسین کەریم، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە بواری هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکان، یەکێکە لە بەشداربووانی ئیڤێنتەکە و بە رووداوی گوت، "لە هەرێمی کوردستان 10 کچ کە سەرکەوتوبوون لە بەدەستهێنانی سکۆلەرشیپەکە و هەریەکەمان لە شارێک و لە زانکۆیەک و لە بوارێکی جیاوازدا دەخوێنین، بەناوی هەرێمی کوردستانەوە بەشداریمان لە پرۆگرامی چیڤنینگ-دا کرد."
کاڵی یاسین ئاماژەی بەوەش کرد، "پرۆگرامەکە زیاتر بۆ یەکترناسین بوو لەنێوان خوێندکارەکان، هەروەها چەند زانیارییەکیان لەبارەی سکۆلەرشیپەکەوە پێ گوتین و پاشان چەند لێدوانێک هەبوو لەلایەن سەرۆکی چیڤنینگ و چەند بەرپرسێکی باڵای حکومەتی بەریتانیا."
ئەو کچە خوێندکارە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە پرۆگرامەکە ئیڤێنتی بەخێرهاتن رێکدەخات بۆ هەموو ئەوانەی سکۆلەرشیپەکەیان بەدەستهێناوە، "ئیڤێنتەکە لە لەندەنە و ئێمەش وەکو خوێندکارانی کوردستان بەشداریمان کرد."
بە گوتەی کاڵی یاسین، ئەمساڵ زیاتر لە 60 هەزار خوێندکار لە سەرانسەری جیهان فۆڕمیان پڕکردبووەوە، بەڵام تەنیا 1400یان هەڵبژێردراون.
چیڤنینگ پرۆگرامێکی سکۆلەرشیپی بەریتانیایە، ساڵانە پێشکێشی ئەو خوێندکارانەی دەکات کە ئارەزووی خوێندنی ماستەریان هەیە لە زانکۆکانی بەریتانیا. ئەو خوێندکارانەی لەوێ وەردەگیرێن، هاوکاریی ماددی دەکرێن، واتە پارەی خوێندن نادەن و مانگانەش بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەر خوێندکارێک بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبهێنێت، دەتوانێت داوای وەرگرتن پێشکێش بکات. مەرجەکانیش زانینی زمانی ئینگلیزییە و وەرگیرانیەتی لە زانکۆیەکی بەریتانیا بەبێ مەرج.
سەرچاوە: rudaw