خاوەن پێداویستییەکى تایبەت بە فڵچەکەی خەریکى رەنگکردن و نمایشکردنی جوانییەکانى ژیانە

عومەر سەرابی، خاوەن پێدواویستیەکی بەهرەمەندی شارۆچکەی قەڵادزێیە، نەبوونی قاچەکانی نەک نەبووە بە ڕێگر لە بەردەم ژیان و بەھرەکانیدا، بەڵکو بەو پەڕی ھیواوە لە ژیان دەڕوانێت و وێنە دەکێشێت و نەی بۆ ژیان دەژەنێت.
(عومەر عەبدوڵا عەزیز)، کە ناسراوە بە عومەر سەرابی خاوەن پێدواویستیەکی شارۆچکەی قەڵادزێیە لە ئیدارەی ڕاپەڕین، لەساڵی 1971 لە ھەر لەو شارۆچکەیە لە دایكبووە تا ئێستاش  لەوێ نیشتەجێیە، لەکاتی کارکردندا لە ئیستەنبوڵ بەهۆی بەرکەوتنی ئاسن بە پشتی بەوھۆیەوە دڕکە پەتکی دەپچڕێت و  قاچەکانی لەدەستدات.

ئەو بەتەنیا لە ژوورێکی ماڵەکەیدا کە پڕە لە ھونەر و بەھرە دەژی، لەگەڵ ھەنگاو نانت بۆناو ماڵەکەی چاوەکانت بەو وێنانە پڕدەبن کە بەرھەمی ماندوبوونی چەندین ساڵەن، ھەروەھا ھەبوونی ئامێرەکانی نەی  سەرنجت ڕادەکێشت.

سەرابی دوای  لەدەستدانی قاچەکانی و گەڕانەوەی بۆکوردستان دوای خولیاکانی منداڵی دەکەوێت و وەک خۆی دەڵێت، لە ڕێگەی ئینەرنێتەوە خۆی فێری وێنەکێشان و نەی ژەنین دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات زۆربەی کات موشتەریەکانی یان میوانەکانی بەدەم سەیرکردنی وێنە و تابلۆکانیەوە داوای لێدەکەن کە نەی بژەنێت بۆیان.

سەرابی دەڵێت: هەر لە منداڵیەوە خولیای وێنەکێشانم ھەبووە، ماوەی 15 ساڵ دەبێت کە وێنەکێشانم کردوەتە پیشە و لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانم دابین دەکەم و گوزەرانم باشە، وە لەماڵەوە گەلەرییەکم هەیە کە بەشێکی کارەکانمی تێدا نمایشدەکەم، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستانەوە پەیوەندیم پێوەدەکەن و لەسەر خواستی خۆیان وێنەیان بۆ دەکێشم، بەھۆی زۆری ئەو وێنە و تابلۆیانەی کە داوا کراون و لەبەردەستمدا نین ژمارەی تابلۆ کێشراوەکانم نازانم بەڵام زۆرن.

چیرۆکی لەدەستدانی قاچەکانی بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕیتەوە و دەڵێت: لە ساڵی 2000دا بەهۆی خراپی بارودۆخی کوردستانەوە ڕێگای هەندەرانم گرتەبەر و دوای چەندین جار ھەوڵدان بۆ گەشتن بە وڵاتی یۆنان بێئەنجامبووە و لە وڵاتی تورکیا دەستگیرکرام، ھەر بۆیە لەو وڵاتە دەستم بە کار کردن کرد لە شاری ئیستەنبوڵ، لە کاتی کار کردندا  ئاسن بەر پشم کەوت و  بەو هۆیەوە دڕکە پەتکم پچڕا و قاچەکانم  لە دەست دان.

ئەو دەشڵێت،  ماوەی 20 ساڵە لەسەر کورسی و بەو شێوەیە ژیان بەڕێدەکات و تا ئێستا ژیانی ھاوسەرگیری پێک نەھێناوە.

سەبارەت بە بەشداریکردنی وێنەکانی لە چەندین پێشانگادا عومەر سەرابی دەڵێت: لە چەندین پێشەنگا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەشداری کردووە، چەندین پێشانگای تایبەت بەخۆشی کردوەتەوە، وێنەکانیشی زیاتر ڕەندانگدانەوەی سروشتی کوردستان، وە بەشێکیشیان ئەو کارەساتانەن کە بەسەر شارۆچکەی قەڵادزێدا ھاتوون، ھەروەھا وێنەی کەسایەتیە دیارەکان و ژن و منداڵن.

کاری وێنە کێشان تەنیا ھونەری ئەم خاوەن پێداویستیە تایبەتە پڕناکاتەوە و ئەوکاتانەی کە لە وێنەکێشان دەوەستێت لە ماڵەکەی خۆیدا دەست دەکات بە ژەنینی ئامێری نەی و کاتەکانی پێ بەڕێدەکات.

ئەو هونەرمەندە، جگە لە هونەرە باڵا سەرنجڕاکێشەکەی لە بواری زمانەوانیشدا ئەسپی خۆی تاوداوەو زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی ،ئینگلیزیش دەزانێت.

سەرابی لە کۆتای قسەکانیدا، باس لەوە دەکات کە نەک ئەو بارودۆخەی کە ھەیەتی بێهیوای نەکردوە بەڵکو دەڵێت بە پێچەوانەوە ژیان زۆر خۆشە و مرۆڤ کائینێکی گەورە و بە توانایایە و دەتوانێت هەر کارێک کە مەحاڵیش بێت ئەنجامی بدات، بۆیە دەبێت بەردەوام لە هەوڵداندابێت بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی و هەرگیز بێهیوا نەبێت لە ژیان.

 

سەرچاوە: rojnews