خانمە ئەکتەرێکی کوردی دانیشتوی تاران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ٥٦ مانگ زیندانیکردن سزا درا.
بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شۆهرە قەمەر ئەکتەری سینەما و خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتوی شاری تاران، لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە، بە تۆمەتی "پشتگیری لە ئیسڕائیل" بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن و بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست لە پشتگیری بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە ١٤ مانگ بەندکردن و بەگشتی بە ٥٦ مانگ زیندانیکردن سزا دراوە.
عەلی شەریف زادە ئەردەکانی پارێزەری شۆهرە قەمەر، ڕایگەیاندووە" کە لە پەیوەندی سزای سەپێندراو داوای پێداچوونەوە کراوە".
شۆهرە قەمەر لە ساڵی ٢٠٢٣ شدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا و دوای ٤٢ ڕۆژ بەشێوەیەکی کاتی لە بەندی پێنجی بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.
هەروەها پێشتریش شۆهرە قەمەری، بەهۆی پشتگیریکردن لە بزووتنەوەی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) بە ١٥ مانگ زیندانیکردن سزا درا بوو.
سەرچاوە : سپی میدیا