حەمە میروەیسی

حەمە میروەیسی یەکێکە لەو کوردە خەباتکارانەی کە هەر بە گەنجێتی، بە هۆی کوردبوونەوە، لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە، کەوتووەتە بەر ستەم و چەوساندنەوەوە. ئەو لەو کاتانەوە کە لاوێکی خوێندکار بووە و سەرگەرمی فێربوونی زانست بووە، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە خراوەتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەوە و هەربەو بۆنەشەوە ناچاربووە کە پچڕپچر خوێندنەکەی درێژە پێبدات. بۆیە لە ئاکامی ئەو سەرکۆنە ولێپرسینەوانەی دەمودەزگاکانی ڕژێمی بەعسدا، ناچار بووە ساڵی 1968 تا ساڵی 1975 واتە تا کاتی نسکۆی شۆڕش، ببێتە پێشمەرگە لە لەشکری کوردستاندا بە سەرکردایەتیی مەلا موستەفای بارزانی و لە دژی هێزەکانی عێراق تێکۆشان بکات. ئەو لە ماوەی گفتوگۆی ئاشتییانەی نێوان شۆڕش و ڕژێمدا لە ساڵی 1970دا، توانی کەڵک وەرگرێت و قۆناغی دواناوەندی خوێندنەکەی تەواو بکات.
دوای ئەوەی کە پیلانی پەیماننامەی 1975 کۆتایی بە شؤڕشی کوردەکان هێنا ولە لایەن دەزگای سیخوڕی و ئاساییشی ڕژێمەوە خرایە ژێر چاودێرییەوەو خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەی، ژیانیان کەوتە مەترسییەوە، دەستی هاوسەر و دوو مناڵەکەی دەگرێ و لە ئێران  دەبێتە پەنابەر و ساڵی دواتر واتە ساڵی 1976 وەکو پەنابەرێکی سیاسی دێتە وڵاتی ئەمریکاوە و لە شاری ڤاڵی (ڤاڵی سیتی)، باکووری داکۆتا (نۆرث داکۆتا)، نیشتەجێ دەبێ. ئەو دوای نیشتەجێبوونی لە ئەمریکا، توانی بەکالۆریۆس وماستەری زانست لە ئەندازیاری کارەبایی دا بە دەست بێنێ و دوو ساڵیش لە خوێندن و پرۆگرامەکانی دوکتۆرا بخوێنێ و وەکو تیکنیک کارێک (تیکنیسیۆنیک)، هاوکاری و پشتیوانیی زۆر پرۆگرامی بڵند و هەستیاری بەرگری (دیفاعی) بکات.

نووسەر، ساڵی 2004 دوای شەڕی دووهەمی کەنداو، لە سەر داوای ئەمریکایییەکان وەک وەرگێڕێک دەگەڕێتەوە ناو چالاکیی کوردایەتی و لە ڕێی وەرگێڕانەوە، تێکۆشانی خۆی درێژە پێدەدات. لە کۆتایی ئەو ئەرکە تازەیەی دا، بێ هەڵوێست نەوەستا ودەستیکرد بە گەڕان بە شوێن پەیداکردنی شیرکەت و ناوەندگەلێکی ئەمریکی دا کە بتوانن ئەرکی بیناکردنەوە و بووژانەوەی کوردستانی ئازادکراوی دوای ڕژێمەکەی سەددام، بگرنە ئەستۆ کە ئێستا لە لایەن بنەماڵەی بەرزانی یەوە کە ئەو تا ساڵی 1975 پێشمەرگەی بوو، کۆنترۆڵ کراوە. بە داخەوە ئەو هەوڵ و تەقەللایەی بە هیچکوێ ناگا و ئاکامێکی نابێ، چونکە لەولاوە، لە لایەن دەسەڵاتدارەکانی کوردەوە بەربەستیان بۆ دروستکراو ڕێگەیان پێنەدرا بە شێوەیەکی یاسایی ولە چوارچێوەی یاسادا، ئەرکەکانیان بۆ خزمەتی کوردستان و بووژانەوەی ژێرخانەکەی، بە جێ بگەیەنن.

لەو کاتە بە دواوە، نووسەر، هەوڵ و تێکۆشانەکانی خۆی تایبەت دەکات بە یەکخستنی کورد و ناساندنی زمان و مێژوو و کولتوورەکەی.

*کاک حەمە تا ئێستا کتێبێکی لەژێر ناوی "The History of the Kurdish People" بڵاو کردوەتەوەو کتێبێکی دیکەی تریشی لە ژێر ناوی "گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی کورد" ئامادەی بڵاو کردنەوەیە، کە ماڵپەڕەی نیشتمان لە سەر ئیزنی نووسەر چەن بەشێکی بڵاو دەکاتەوە.