'بانگا گران' نوێترین بەرهەمی هونەرمەند حەسەن شەریف کە بەرهەمێکی نەتەوەییە، بەشێک لە دیمەنەکانی لە قەڵای هەولێر وێنەگیراوە.
'بانگا گران' لە تێکستی شاعیر ئەمین بۆتانییە و شینوار کەمال کاری دەرهێنان بۆ ڤیدیۆ کلیپەکەی دەکات.
حەسەن شەریف بە رووداوی راگەیاند "بڕیاری هەڵبژاردنی قەڵای هەولێری پیرۆز، لەلایەن دەرهێنەرەوە بوو، قەڵا شوێنکی شوێنەوارییە و هەبوونی ئێمەیە و هەبوونی کوردستانە و پایتەختی ئێمەیە". گوتیشی، جگە لە قەڵای هەولێر، ڤیدیۆکلیپەکە لە چەند شوێنێکی دیکەی کوردستان وێنەدەگیرێت.
ئەو هونەرمەندە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 تێکستی شیعری ئەمین بۆتانی بەکارهێناوە، 'بانگا گران'ـیش یەکێک لە تێکستەکانی ئەو شاعیرەیە.
حەسەن شەریف، لەبارەی بۆتانی گوتی "ئەمین دنیایەکی زۆر تایبەتە، رێزم بۆ هەموو شاعیران و مامۆستایان هەیە کە تێکستی گۆرانی دەنووسن، ئەو تەنیا تێکستنووسێک نییە، لێکۆڵەرێکی زۆر باشە، رۆشنبیرێکی زۆر باشە، لە مێژوو و ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر قوڵە".
لەبارەی پڕۆژەی داهاتووی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئێستا کار بۆ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی دەکات کە 10 تراکە و لە قۆناخی هەڵبژاردنی تێکست و ئاوازداناندان.
ئەمین بۆتانی، نووسەر و شاعیر بە رووداوی راگەیاند، 30 ساڵە هاوڕێیەتی لەگەڵ حەسەن شەریف هەیە، بەر لەوەی بیناسێت گوێی لە گۆرانییەکانی گرتووە و دەنگی ئەوی پێخۆشبووە و تاوەکو ئێستا 30 بۆ 40 کاری هاوبەشمان هەیە.
شینوار کەمال دەرهێنەری ڤیدیۆکلیپەکە، بە رووداوی راگەیاند، گۆرانییەکە بەرهەمێکی نەتەوەیی و مێژووییە، باس لە رەسەنایەتی میللەتی کورد و ئێستای دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لەوەی هونەرمەند حەسەن شەریف هونەرمەندێکی گەورەیە، لە هەمانکاتتدا ئەوان هاوڕێن، گوتیشی، ئەو زۆر کەم کار بۆ ڤیدیۆکلیپ دەکات، بەڵام کاتێک ئەو هونەرمەندە داوای لێدەکات کارێکی بۆ بکات، بەبێ بیرکردنەوە بڕیار دەدات کارەکە بکات.
حەسەن شەریف، لە 1969 لە گوندی کێستەی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی ساز کردووە، لە 1985 یەکەم بەرهەمی بەناوی 'تەمبوورا من' و ساڵی دواتر 1986 بەرهەمێکی دیکەی بەناوی 'باران باری' بڵاوکردووەتەوە.
لە تەمەنی 17 ساڵیدا پەیوەندی بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانەوە کردووە، لە 1995 کوردستان بەرەو سوێد جێدەهێڵێت و ئێستا لە باشووری کوردستان ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی زیاتر لە ئەلبوومی گۆرانییە.
سەرچاوە: rudaw