جەمسەرەکان و گۆڕانکاری

 

 ئازاد جۆڵا

سیستمی حکومڕانیی وڵاتان و شێوازی خەبات و تێکۆشانی گەلانی جیهان بە زۆر شێوازی جیاواز تێپەڕیوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لەدوای هەردوو جەنگی جیهانی و هەبوونی دوو جەمسەری و دابەشبوونی جیهان بەسەریدا،  بەڵام دەتوانین بڵێین گۆڕانکاری گەورە و بەرچاو ئەوکاتە هاتە ئاراوە کە دووجەمسەریی شکستی هێنا و بە قازانجی جەمسەری خۆرئاوا یان بەجۆرێکی تر بلۆکی سەرمایەداریی جیهان شکایەوە، بەمەش توانی کاریگەری و هەژموونی خۆی بەسەر هەموو جیهان و تەنانەت نەک هەر وڵاتانی خاوەن سیادە و دانپێدانراو، بەڵکو توانی هەژموونی خۆی بەسەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنیکە جیاوازەکانی جیهانیشدا بسەپێنێ کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نین و لە چوارچێوەی وڵاتێکی خاوەن سەروەریدا دەژین.

جیهان لەسەردەمی دووجەمسەریدا
ئەم سیستمە تاک جەمسەر و زلهێز و بێ رکابەرە ساڵانێک توانی تا ئاستێکی زۆر کۆنترۆڵی جموجۆڵ و گوڕانکاری و سیستمی حکومڕانیی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی وڵاتان بکات و هەژموون و کاریگەریی خۆی بسەپێنێ و بەگوێرەی خواست و پێویستی بەرژەوەندییەکانی خۆی پلان و بەرنامەڕێژی بکات بۆ گۆڕانکاری و رووخان و بنیاتنان و دۆستایەتی و دژایەتی، لەم چوارچێوەیەشدا زۆربوون ئەو گەل و وڵات و پێکهاتە و نەتەوانەی بوون بە قوربانیی ئەم سیاسەتی بەرژەوەدیخوازییەی جیهان و قووڵبونەوەی ناکۆکییەکان و دروستبوونی کێشە و ململانێکان لەتەواوی جیهان و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست 

نەمانی تاک جەمسەریی
ساڵانێکە زۆر بە ئاشکراو بە روونی هەست بەم راستییە دەکرێت، نەزمی تاک جەمسەری کز و لاواز بووە و کاریگەری و هەیمەنەی کەمتر بۆتەوە و خەریکە دووبارە جیهان بەرەو دوو جەمسەری و بگرە زیاتریش هەنگاو دەنێ.
زۆر بە روونیش ململانێکان و شەڕی بەرژەوەندی و گۆڕانکاری لە هاوپەیمانی و نەخشەی تازەی سیاسی وڵاتان ئەم راستییەمان بۆ دەسەلمێنێ.
ئەگەر لە چەند ساڵی رابردوودا، کێشە و ململانێکان لە نێوان جەمسەرەکان و وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، تەنها لە چواچێوەی شەڕی ئابووری و پێکهێنانی هاوپەیمانی و پەیوەندیی سیاسی و دیبلۆماسی بووبێت،  ئەوا ئێستا خەریکە ململانێکان و ناکۆکییەکان، شەڕی بەرژەوەندی و هەژموونگەرایی، دەگوازرێتەوە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی و بەزاندنی سنوورەکان و  پێکدادانی نێوان گەل و وڵات و نەتەوە و ئایین و پێکهاتە جیاوازەکانی دەرەوەی زلهێزەکان و هەندێکجاریش شەڕی بەوەکالەت بەتایبەتی بۆ ئەو گەل و وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ کێشە و هەمیشە هەژمووندار .

بەریەک کەوتنی بەرژەوەندییەکان
ئێستا جیهان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورە و پڕ لە مەترسی و خێرادایە، سەرەتاکانی بەریەک کەوتنی بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە و کوژانەوەی ئاگرەکە و راگرتنی گەردەلوولەکە، کاتێکی زۆر و گۆڕانکاریی گەورە دەخوازێ، دەتوانین بڵێین  ئەم گەردەلوولی گۆڕانکارییە لە ناوچەکەدا کۆمەڵێک رەهەندی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و لەداهاتووی نزیکدا شانۆکە روونتر دەردەکەوێ و هیچ وڵات و پێکهاتە و نەتەوەیەک بێ کاریگەری نابێت و تەپ و تۆزی ئەم گەردەلوولەی کەم یا زۆر هەر بەردەکەوێ. لەدۆخێکی لەم شێوەیەش هەمیشە وڵاتانی خاوەن سەروەری لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکان و دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و هێشتنەوەی سنووری وڵاتەکانیادا دەبن، بە پێچەوانەشەوە گەلانی ژێردەستە و پێکهاتە چەوساوەکان و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و ئیتنیکە سەرکوتکراوەن لە هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکەدان و دەخوازن تەپ و تۆزی گردەلوولەکە ببێتە شنەبای ئازادی و گۆڕانکاری ریشەیی و سەروەر بوونیان، لە مێژووی کۆن و نوێدا گەورەترین و قووڵترین کێشە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەردوو نیشتمانی کوردستان و فەلەستین بووە ئەگەر بەچارەسەری ریشەیی نەگەن، ئەوا وەک رابردوو و ئێستا و لە داهاتووش هەمیشە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو دەبێت و دەست تێوەردان  لە ناوچەکەدا زیاتر و بەریەک کەوتنەکان قووڵتر و بەرفراونتر دەکات.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ