نەجیبە مەحمود
جینۆسایدی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا یەکێکە لە تاریکترین و بە ئازارترین بابەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. ئەم کارەساتە نەک هەر بەربەرییەت و دڕندەیی مرۆڤەکان ورژێمە دیکتاتۆرەکان بەرامبەر بە نەتەوەکان و بەتایبەت کورد نیشان دەدات، بەڵکو وەک هۆشدارییەکی جددی بۆ هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکان دەبینرێت. ئەمڕۆ لە ساڵیادی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەدا، جگە لەوەی دەبێت یادی قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەو کارەساتە بەرز رابگرین ، هاوکات لە خۆمان بپرسین کە چ ڕێکارێک پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە.
یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکان لەم بوارەدا، لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانبارانە. لەو بارەوە پێویستە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت کە بە جددی و یەکلاکەرەوە دۆسیەی تاوانبارانی بەعسی و جاشە بەشداربووەکانی پرۆسەی ئەنفال لە ژێر دەسەڵاتی خۆی تەسلیم کات و بیانخاتە بەردەم دادگای فیدراڵی. ئەم کارە تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە مافەکانی قوربانیان و کەسوکارەکانیان.
بەداخەوە مێژوو دەریخستووە کە کورد زۆر جددی نییە لەم بابەتەدا و ئەم جددییە نەکردنە زیان بە قەرەبووکردنەوە و شکۆمەندی قوربانیانی ئەنفاڵ و رزگاربوان دەگەیەنێت.
بێدەنگی لە بەرامبەر تاواندا، خۆی جۆرێکە لە هاوبەشی، و دەبێت لەبیرمان بێت دەنگمان بەرز بکەینەوە و داوای دادپەروەری بکەین. ئەم دادپەروەرییە نەک تەنها بۆ قوربانییەکان، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووش مەسەلەیەکی جەوهەرییە، بۆ ئەوەی بزانن ئێمە دژی نادادپەروەری و تاوان دەوەستینەوە و هەرگیز ڕێگە نادەین مێژوو دووبارە ببێتەوە، و خوێنی قوربانیان بەفیرۆ بڕوات .
هەروەها دەبێ وەک نەتەوەیەک ئەوەمان لەبیربێت کە دادپەروەری و لێپرسینەوە بناغە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەردەوامن. با یەکڕیزببین و کاربکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و چەسپاندنی دادپەروەری.
سەرچاوە : ئاوێنە