پێنج بنەما زێڕینەکەی پێشڕەوی سینەمای سەربەخۆ (جیم جارموش) دەربارەی هەمووشتێک

وەرگێڕانی: تاهیر عەبدولواحید

سلاڤۆی ژیژەک دەربارەی هونەری سینەما دەڵێت:" سینەما هونەرێکی لادەر و ڕەهایە، ئەوەت پێ نابەخشێ کە ئارەزووی دەکەیت، بەڵکو وەهات لێدەکات چۆن ئارەزوو بکەیت".
چۆن سینەمایەکی نوێ پێکدەهێنیت؟ چۆن دەتوانیت پڕۆژەیەکی هونەری نوێ بەرجەستە بکەیت؟ چۆن سەرکەوتوو دەبیت لە پێشکەشکردنی کارێکی بەکۆمەڵ؟. کاتێک داوایان لە پێشەوای سینەمای سەربەخۆ (جیم جارموش)کرد کە پێنج بنەمای زێڕین بخاتە ڕوو کەهاوکاربێت بۆ سەرکەوتنی ئەوانەی گرنگی دەدەن بە هونەری سینەما لەڕووی نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان و کارکردن لەو بوارەهونەریەدا،ئەویش ئەم پێنج بنەمایەی خستە ڕوو کە هەموو شتێک لەوبوارەدا دەگرێتەوە.

بنەمای یەکەم:

هیچ بنەمایەک بوونی نیە.کاتێک باس لە پیشەی هونەر دەکەین هیچ بنەمایەکی جێگیرکراو و هەنگاوی دیاریکراو لەگۆڕێ نیە. چونکە ڕێچکە ى جۆراوجۆرى زۆر هەن کە ئەفرێنەرەکان لێیانەوە متمانەبەخۆیان دروست دەکەن هەتا ئامانجەکانیان بپێکن. فیلم ڕەگەزێکی هونەری جێگیر نیە،بەڵکو بۆ هەمیشە فۆرمێکی هونەری کراوەیە. وەک خۆشم،لە سروشتمدا نیە بەخەڵک بڵێم پێویستە چی بکەن و چۆنی ئەوەبکەن کە دەیانەوێت.هەرگیز ڕاسپاردەکانم بەسەر کەسدا نادەم،تەنانەت من لەوجۆرەکەسانەش هەڵدێم کە چۆنێتی بیرکردنەوەو ئاین و ڕێگاکانت بۆ دەستنیشان دەکەن.لەڕاستیدا ئەوانە پاڵت پێوە دەنێن بۆ کەنارێکی دوورتر لە سەربەخۆیی خودی خۆت.دانانی بنەمای زێڕین بۆهەر بابەتێک هاودژە لەگەڵ فەلسەفەی کەسێتی من،کەواتە،خۆلادان لە ئامرازی(بنەماکان) لە سەرەتای خوێندنەوەی هەر دەقێکدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا هەرچیەک کە لێرەدا نووسراوە تەنها وەک کۆمەڵێک تێبینی تایبەتی کەبۆخۆم دەیانووسم لێیان دەڕوانم.ئەویش لەسەر ئەو پرەنسیپەی کەدەڵێت"گەر کەسێک ویستی کارێک ئەنجام بدات پێویستە کۆمەڵێک تێبینی لەبەرچاوبگرێت کەهاوکاری دەبن بۆ تێپەڕاندنی ڕێچکەی کارەکەی بەبێ وەستان" گەرکەسێکیش پێی وتی: تاکە ڕێگایەک هەیە بۆ گەیشتن،ئەویش پەیڕەو کردنی ڕێگاکەی منە.هەتا دەتوانیت خۆت و عەقڵ و جەستەتی لێ دەرباز بکە و لێی دوربکەوەرەوە.

بنەمای دووهەم:

مەهێڵە گەلحۆکان داگیرت بکەن، لەهەموو بارودۆخێکدا ئەوان یان ئەتوانن هاوکارت بن یان نا،بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاتبگرن لە بەدەستهێنانی ویستەکانت ئەوکەسانەی پارە دەدەن بە دروستکردن یان بڵاوکردنەوە یان ریکلامکردن و پیشاندانی فیلم،فیلمساز نین. لەهەموو حاڵەتێکا ئەوانە لێناگەڕێن فیلمساز بەئازادی خۆی دەستنیشانی خەرجی و بڵاوکردنەوە و دابەشکردن و پیشاندانی فیلمەکەی خۆی بکات.کەواتە تۆش مەهێڵە ئەوان کۆنترۆڵی کڵێشەی هونەری فیلمەکەی تۆ بکەن کەخۆت هەڵیدەبژێریت و لێوەی دەتەوێ فیلمەکەت بەرجەستە بکەیت، ئەگەر پێویستیشی کرد دەمانچەیەک لەگەڵ خۆت هەڵگرە ئەویش بۆئەوەی هەست بەئارامی بکەیت.هەروەها چەندیش توانیت خۆت بەدوور بگرە لە کەسانی سایکۆپاسی، خەڵکانێکی زۆرهەن کەبۆ تێرکردنی ئارەزووی مادی و سێکسی لەگەڵ مرخ خۆشکردن لە ناوبانگ و تیشک خستنەسەرخۆیان دێنە ئەوبوارەوە،ئەوانە هیچ لەهونەر و چێژبردن لە سینەما و چۆنێتی دروستکردنی فیلمی سینەما نازانن،بەشێوەی زانیاری سەرۆک جۆرج دەبلیو بۆش دەربارەی هونەرەکانی شەڕی دەست و هونەرەکانی شمشێربازی.

بنەمای سێهەم:

ئامانج لەقۆناغی بەرهەمهێنان (واتە قۆناغی وێنەگرتن و دوای وێنەگرتن)ئەوەش خزمەتکردنە بەفیلم نەک پێچەوانەکەی،واتە فیلم ناچێتە خزمەتی بەرهەمهێنان. ئەفسوس،جیهانی پیشەسازی فیلم جیهانێکی پێچەوانەیی یە بۆیە پێویستە تێڕوانینیش لەزۆرێک لەکاروبارەکانی پێچەوانەیی بێت هەتا ئامانجە سەرەکی و لەپێشینەکان ڕۆشنبن لەلات،ئامانج لە فیلمدا خزمەتکردن نیە بە باڵانسی دارایی و ئۆردەری وێنەگرتن و نووسینی سیڤی کادرە هونەریەکان،ئەگەر دروستکەری فیلم لەم تێبینی یە تێنەگات،ئەوا پێویستە سەربەرەوخوار خۆی هەڵبواسێت و بەئاوەژوویی تەماشای ئاسمان بکات.

بنەمای چوارهەم:

پیشەسازی فیلم کارێکی هاوبەش و بەکۆمەڵە نەک کردەی تاک.تۆ لەگەڵ کۆمەڵە عەقڵێکدا کاردەکەیت کەلەوانەیە یەکێک لەوان بیرۆکەیەکی بەهێزت بۆ پێشنیار بکات،خۆت بکەرەوە و ئامادەبە بۆ گۆڕاکاری و هەموارکردنەوە و بەرەوپێشچون و زیادەکردن. بەپێی سنوور پانتاییەکی کراوە بۆ ئەفراندن بکەرەوە،بەباشی ئەوەت لەیادبێت کەهەرکەس ئەرکێکی تایبەت و کارێکی دیاریکراوی هەیە کە کەسی تر ناتوانێت لەبری ئەو بیکات.دەنا پاشاگەردانی باڵ دەکێشێت. پێویستە بەیەکسانی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت و ڕێز لەتەواوی تیمی کارەکەت بگریت و باوەڕی ڕەهات بەگرنگی هەمویان هەبێت.بەنمونە، هاوکاری بەرهەم کاتێک پێش دەستپێکردنی وێنەگرتن هەڵدەسێت بە پشکنینی شەقامێک بۆ دڵنیابوون لە چۆڵی شەقامەکە و پاکی شوێنەکە،ئەو وەک گرنگی هیچی کەمتر نیە لە ئەکتەری بەرچاوی کامێرا. بەڕێوەبەری وێنەگرتنیش هیچی کەمتر نیە لە بەڕێوەبەری شوێنگەکانی وێنەگرتن،تەنانەت هیچی کەمتر نیە لە دەرهێنەری فیلم. گاڵتەجاڕی ڕیزبەندی هەرەمیی ئەرکەکان (مەبەست لەوەی جیاکاری بکەیت لەناو تیمی کارەکە بەپێی پیشەکانیان ) کاری دەروون لاوازەکان و ئەوانەن کە ئەناڵێنن بەدەست لوتبەرزیەوە،ئەوانەی بەهۆی هەڵئاوسانی ئێگۆیانەوە سەختە کە کۆنترۆڵ بکرێن. ڕیزبەندی هەرەمی کاروفەرمانەکان تەنها لەسوپادا و لەسیستمی کاری سەربازیدا کەڵکی هەیە.گەر بەباشی هاوکاربویت لەگەڵ کادرەکانی تیم کەخۆت هەڵتبژاردوون بۆ دروستکردنی فیلمەکەت ئەوا کاریگەری ئەرێنی لەسەر کواڵیتی فیلمە دادەنێت و فیلمەکە بۆ ئاستێکی زۆرباش بەرزدەکاتەوە، بۆئاکامێکی نایابتر لەوەی کەخۆت پێش بینیت کردووە بەر لە دەسپێکردنی فیلمەکەت. بەڵام گەر ئارەزوی ئەوەت نەکرد هاوکاری تیمەکەت بیت ئەوا باشترە بەدوای بوارێکی تردا بگەڕێیت کە کاری تاکەکەس بێت، تابلۆیەک بکێشە،یان کتێبێک بنووسە، ئەگەر ویستیشت ببیتە دیکتاتۆرێکی گەڵحۆ ئەوا خۆت بەدوور بگرە لە سینەما و لەهونەر. بەتایبەتی ڕوو لە سیاسەت بکە.چونکە بواری سیاسەت لەم ڕۆژگارەماندا کراوەیە بەڕووی هەمواندا.

بنەمای پێنجەم:

هیچ شتێک لە نەبوونەوە نەهاتووە،هەموو کارێکی هونەری ئاکامی چەندین گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی چەندین کاری پێش خۆیەتی.بۆیە پێویستە لەهەر شتێک ڕاپێچ بکەیت کە ئیلهامت پێدەبەخشێت و خەیاڵەکانت دەوروژێنێت. فیلمە کۆنەکان و فیلمە نوێکان بکە نێچیری خۆت، ڕامی میوزیک بکە،کتێبەکان و تابلۆ هونەریەکان و وێنەکان و دروشمەکان و خەونەکان.گفتوگۆ لەخۆوەییەکان و کەلەپورە بیناسازیەکان و پردەکان و لافیتەی شەقامەکان و درەختەکان،هەورەکان و دەریاچەکان، ڕۆشنایی و سێبەر، هەموویان هەڵلووشە. لەوانەدا تەنها ئەوانەی ڕاستەوخۆ بانگی ڕۆحت دەکەن هەڵیان بژێرە.ئەگەر هاتوو ئەمەت کرد،بەرهمەکانت،دزیەکانت ڕەسەن دەبن.ڕەسەنایەتی بە هیچ نرخێک بەراورد ناکرێت.ئەمە لەکاتێکیشدا کە داهێنانی نوێ لەهونەردا بوونی نیە.بۆیە پێویستە لەسەرت خۆت بێزار نەکەیت بەشاردنەوەی شوێنپێکانی دزیەکەت،بەڵکو ئەگەر هەستت کرد پێویستت پێیەتی ئاهەنگیشی بۆ بگێڕە. لەهەموو بارودۆخێکیشدا هەمیشە ئەم وتەیەی دەرهێنەری فەڕەنسی (جان لۆک گۆدار) وەبیرخۆت بهێنەرەوە کە دەڵێت" گرنگ نیە شتەکان لەکوێوە دەهێنیت،گرنگ ئەوەیە بەرەو کوێیان دەبەیت".

دەربارەی نووسەر و سینەماکار جیم جارموش:

نووسەرو دەرهێنەری سینەمایی (جیم جارموش) ی ئەمریکایی بە یەکێک لە گرنگترین ناوەکانی نێو مێژووی سینەما دادەنرێت.ڕۆڵی ئەو وەک دەرهێنەری نووسەر مێژووی سینەمای ئەمریکی گۆڕی. ئەزموونە سەرەتاییەکانی ڕێگای لەبەردەمی زۆرێک دەرهێنەرە ئەمریکاییەکان کردەوە کە ئێستا کاری سینەمایی و دروستکردنی فیلم دەکەن. گرنگی مێژوویی(جارموش) لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە دەرگای لەسەر تایپی فیلمی(سەربەخۆ) واڵاکرد.ئەو جۆرە لەفیلم کە سەرنج و سەرسامی زۆرێک لە ڕەخنەگرانی جیهانی و ئەوروپایی بۆلای خۆی ڕاکێشا، ئەو ڕێچکەیەی کە کۆمەڵێک دەرهێنەری تر کاریگەربوون پێی وەک (تارانتینۆ) و (برایانی کوین و پۆڵ تۆماس ئەندرسن) و (سپایک لی) و (ویس ئەندرسن) و (دارین ئەرنۆڤسکی)و...... لەلایەکی ترەوە فیلمەکانی جارموش بەجوانی و کەمی ژمارەیان و جۆراوجۆریان دەناسرێنەوە.ئەو بۆ ماوەی 40ساڵ کاری لەسینەمادا کردووە و تەنها 11 دانە فیلمی درێژی دروستکردووە.فیلمەکانی جارموش وەک دەرچوو لە چەشنەکانی فیلمی بازرگانی هۆلیودی (فیلمی ڕاکردوو لە واقیع) دەژمێردرێن.بەڵام وەک فیلمی قوڵ لەڕووی فەلسەفی و شێوازی دژەباوی گێڕانەوەوە ناسراون.بابەتی فیلمەکانی جارموش بینەر ڕاپێچی بیرکردنەوە و تێڕامان دەکات و چەندین بابەتی فەلسەفی ئاڵۆز باس لێوەدەکات.. دیارترینی فیلمەکانی بریتین لە (نامۆتر لە فیردەوس) و (بەیاسا دەکەوێت) و (شەمەندەفەری ئاڵۆزی) و (شەو لەزەوی) و ( پیاوی مردوو) و ( گوڵە لەتوپەتەکان) و ( سنوری کۆنترۆڵ) و دوافیلمیشی (بەتەنها لە عاشقەکان گەڕان زیندوبن).

 

 

سەرچاوە: galawej