تەنیا جەمیل گەنجێكی دانیشتوی وڵاتی یونانە خەڵكی شاری هەڵەبجەیە، ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی بەردەوامە لەكاری هونەری دا لەنوێترین كاری هونەری دا لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو توانی لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی هونەری ئەوروپی دوو بەرهەمی هونەری پێشكەشبکات.
لە لێدوانێکدا بۆ PUKmedia تەنیا وتی: كاری یەكەمم لەژێر ناونیشانی (گوزەر) كە بریتیبوو لەبەرهەمێكی درامای جووڵەی بێدەنگ نمایشكرا، تەنیا جەمیل وەك خۆی ئاماژەی پێكردوە ئەم بەرهەمەی لەدوای ساڵانێكی زۆر و لەپاش وەرگرتنی بڕوانامەی دەرهێنان لەخوێندنی باڵای هونەرە جوانەكان بەشی دراما تونیویەتی ئەم بەرهەمە دروست بكات.
تەنیا لەسەر بەرهەمی (گوزەر) دەڵێت: گوزەر، تەنها ڕێگایەک کە بۆمان ماوەتەوە بۆ ئەوەی کە بتوانین گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ خودی خۆماندا بکەین، ڕەت بوونمانە لەم موڵگا ناشیرینەی خەتا و گوناح تا بگەینە مەملەکەتی ڕاستەقینەی ئاو و حەقیقەت، کە مەملەکەتی خەونەکانمانە.
وتیشی: هەموو بوونێک خاوەنی مەملەکەتێکی پاک و بێ سنوورە، کە پڕە لە خەون و حەقیقەت. مەملەکەتێکی هەمەڕەنگ، بەبێ مەودا و سنوورداری، بەبێ جیاوازی و چینایەتی، بەبێ پیسکردنی ئاوێنەکان، بەبێ کوشتن و لەتکردنی خەونەکان.
ئاماژەی بەوەدا: تەنها حەقیقەتێک کە بەپاکی بۆمان ماوەتەوە، ئەوێیە، مەملەکەتی خەونەکان، تەنها لەو مەملەکەتەدا دەتوانین کە ئاوێنەکان بە پاکی ببینین، حەقیقەت بناسین، باوەش بە خۆشەویستیدا بکەین و تەوقە لەگەڵ یەکسانی و دادپەروەری دا بکەین، لەوێ گفتوگۆ و دیدار لەگەڵ خودی خۆماندا دەکەین، ئەوێ حەقیقەتی ئێمەیە، ئەوێ مەملەکەتی خەونەکانمانە.
هاوكات لەچوارچێوەی چالاكیە هونەریەكەدا تەنیا توانیویەتی فیلمێكی بەڵگەنامەیی بەناوی (چارەنوس) پێشكەش بكات، كەگوزارشی لە جینوساید و ئەو تاوانەی گەلی كورد دەكرد كە ڕووبەڕووی كوردانی رۆژهەڵات لە ڕومادیە بویەوە لەگەڵ جینوسایدی بارزانیەكان و جینوسایدی كوردانی ئێزیدی.
سەرچاوە: pukmedia