دوو دەزگای راگەیاندنی سپی و ئاوێنە لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی لێژنەی ئەمنی سلێمانی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە نارەزایەتی دەربرین بە پێنەدانی مووچە و کەمتەرخەمی حکومەت لەو بارەیەوە.
لە بەشێکی راگەینراوی ئەو دوو دەزگای راگەیاندنەدا هاتووە" وا بریاربوو ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی حوزەیران، مامۆستایانو فەرمانبەرانی نارازی، وەک درێژەدانێک بەخەباتی مەدەنی چەند ساڵەیان لەپێناو وەرگرتنی مووچەکانیان، خۆپیشاندانێکی مەدەنیانە لەسلێمانی لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا ساز بکەن، بەڵام دوو ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانە لیژنەی ئەمنی سلێمانی بەبیانووی "هەبوونی دەستو دروستکردنی ئاژەوەگێڕیی"، مۆڵەتیان بەسازدانی ئەم خۆپیشاندانە نەدا".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیاندا ئەو دەزگایانە رێگریکردن لە خۆپیشاندانێکی مەدەنییە بەبێ پاساو دەزانن و دەڵێن" بەپێی یاسا رێکارەکان دەبێت خۆپیشاندەران لەلایەن هێزی چالاکە مەدەنییەکانەوە بپارێزرێن، بەڵام ئەمڕۆ وەک چەندان خۆپیشاندانی پێشوو هێزی ئەمنی جیاجیا هێنران بۆ هەڕەشەکردنو دەستگیرکردنو لێپچینەوە لەخۆپیشاندەرانو رۆژنامەنووسان".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشیاندا وێرای سەرکۆنەی ئەەی ئەمڕۆ لەلایەن لێژنەی ئەمنی سلێمانی بەرانبەر بە خۆپیشاندەران کرا رایدەگەیەنن" ئێمە وەک ئەم دەزگای ڕاگەیاندنانە کە لەخوارەوە واژوومانکردووە هەڵسوکەوتو ڕەفتاری ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بەزەنگێکی مەترسیدار دەزانین. هاوکات بەپێشێلکارییەکی تەواوی ئازادی خۆپیشاندانو رادەبڕینو ئازادی ڕاگەیاندنی ناوزەد دەکەینو ئۆباڵی بەرپرسیاریەتی ڕۆژانی ئایندەش لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی کوردستانە".
دەقی راگەیەنراوی دەزگاکانی ئاوێنە و سپی میدیا
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان رێگا بۆ ئازادی و خەباتی مەدەنی ناهێڵنەوە
وا بریاربوو ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی حوزەیران، مامۆستایانو فەرمانبەرانی نارازی، وەک درێژەدانێک بەخەباتی مەدەنی چەند ساڵەیان لەپێناو وەرگرتنی مووچەکانیان، خۆپیشاندانێکی مەدەنیانە لەسلێمانی لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا ساز بکەن، بەڵام دوو ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانە لیژنەی ئەمنی سلێمانی بەبیانووی "هەبوونی دەستو دروستکردنی ئاژەوەگێڕیی"، مۆڵەتیان بەسازدانی ئەم خۆپیشاندانە نەدا.
سەرباری ڕێگەنەدان بەخۆپیشاندانی مەدەنی، کە هیچ پاساوێکی نییەو دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕینو ئازادی چالاکی مەدەنیو ناڕەزایی دەربڕین، وەک زۆر جاری تری ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەکان، هێزە ئەمنییەکان پێش ئەوەی پەلاماری خۆپیشاندەران بدەنو دەستگیریان بکەن، پەلاماری میدیاکارانیان داو چەندین ڕۆژنامەنووسی کەناڵە جیاجیاکانیان دەستگیرکرد، کە ئەمەش پێشێلکردنێکی تەواوی یاسای ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی کاری ڕۆژنامەگەرییە لەکوردستاندا.
بەپێی یاسا رێکارەکان دەبێت خۆپیشاندەران لەلایەن هێزی چالاکە مەدەنییەکانەوە بپارێزرێن، بەڵام ئەمڕۆ وەک چەندان خۆپیشاندانی پێشوو هێزی ئەمنی جیاجیا هێنران بۆ هەڕەشەکردنو دەستگیرکردنو لێپچینەوە لەخۆپیشاندەرانو رۆژنامەنووسان.
بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی رابردوو ناڕەزایەتیو خۆپشاندانی مەدەنیانە لەسلێمانیو شارەکانی تری کوردستان بەمڕۆشەوە، ئاماژەن بۆ پێگەیشتنی پرسە دیموکراسییەکانو بزاوتی جەماوەری کۆمەڵگای کوردی، بەڵام جێگەی داخە دەسەڵاتدرانی هەرێم لەدەڤەری سلێمانی بەم شێوەیە ئەم چالاکییە مەدەنیانە سەرکوتدەکەن، ئەمە هەمان ئەو میکانیزمی سەرکوتکردنەیە کە لەدەڤەری هەولێرو دهۆکیش بۆ رێگرگرتن لەهەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی خەڵک بەکاردەهێنرێت.
ئەم ڕەفتارە سەرکوتکارانەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی کە درێژەپێدانی پێشێلکارییەکانی هەولێرو دهۆکە لەماوەکانی ڕابردوودا، پەیوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمو بزوتنەوە جەماوەرییەکان بەرەو ڕێگایەکی تاریکو داخراو دەبات، ئەو ڕێگەو شێوازانە دادەخەن کە کۆمەڵگەی کوردی چەندین ساڵە دەیەوێت لەڕێگەی خەباتی مەدەنیو ئاشتییەوە چاکسازییو گۆڕانکاری بکات. ئەم رەفتارەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی زەنگێکی مەترسیدارەو دەیانەوێت ئەو راستەییە بەخەڵک بڵێن کە ڕێگە نادەن سەرەتایترین ڕیفۆرم لەڕێگەی ئاشتییەوە بکرێت. لەکاتێکدا کە ئەم جۆرە رەفتارە نەک چارەسەری قەیرانەکان ناکات، بەڵکو تەنیا قەیرانی کۆمەڵایەتیو سیاسی لەکوردستاندا گەورەتر دەکات.
دەسەڵاتی یەکێتیو پارتی کە ساڵانێکە لەپشت دروشمەکانی دیموکراسیەوە خۆیان حەشارداوە، بەهەڵوێستی سەرکوتکارانەیان، ڕێگاکانی خەباتی مەدەنی لەکوردستاندا دادەخەنو دەیانەوێت تێکڕای کۆمەڵگە بەئاقاری توندوتیژیو شەڕەنگێزیدا بەرن. بەرپرس لەم دۆخە نوێیەو ئاکامە مەترسیداترەکانی دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی سلێمانیو هەولێرن.
ئیـە دەمانەوێ سەرنجی رای گشتیو هاوڵاتیانی هەرێم بۆ ئەو راستییە رابکێشین کاتێک کە بەچاوی خۆت دەبینیت ساکارترین مافی مرۆڤو پرەنسیپی دیموکراسی لەکوردستان پێشێلدەکرێت، بێدەنگی لەئێستاوە تاوانەو تەنها خزمەت بەو توندوتیژییە سیستەماتیکە دەکات کە ئامانجی ترساندنو بێدەنگ کردنی هاوڵاتیانو ملکەچ پێکردنی بێ مەرجیانە بۆ حزبی دەسەڵاتدارو کوردستان بەرەو حاڵەتی ستەمکاریی زیاترو دەسەڵاتخوازیی تەواو دەبات.
ئێمە وەک ئەم دووەدەزگای ڕاگەیانە کە لەخوارەوە واژوومانکردووە هەڵسوکەوتو ڕەفتاری ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بەزەنگێکی مەترسیدار دەزانین. هاوکات بەپێشێلکارییەکی تەواوی ئازادی خۆپیشاندانو رادەبڕینو ئازادی ڕاگەیاندنی ناوزەد دەکەینو ئۆباڵی بەرپرسیاریەتی ڕۆژانی ئایندەش لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی کوردستانە.
دەزگاکانی راگەیاندنی سپی میدیا و ئاوێنە
سەرچاوە سپی میدیا