بەڕێوەچوونی پیشانگەی گەورەی کتێبی کوردی بە بەشداریی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە بێلژیک

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە وڵاتی بێلژیک پیشانگەیەکی گەورەی کتێبی کوردی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە بەشداریی ناوەندی نووسەرانی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە رۆژانی 4 و 5ی بەفرانبار، بەرانبەر بە 25 و 26ی دێسامبری 2022ی زایینی، پیشانگەی گەورەی کتێبی کوردی لە شاری "گێنتـ"ـی وڵاتی بێلژیک لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە خانەخوێی ماڵی کوردی، بە بەشداریی ناهید حوسەینی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نووسەرانی کوردستان و نوێنەری ناوەندی نووسەران لەو پیشانگەیە بەڕێوە چوو.

یەکەم ڕۆژی چالاکیی پیشانگەی کتێب لە ماڵی کوردی، بە کۆڕگێڕیی کاک "شوان تاهیری" و بە پەیامی ماڵی کوردی لەلایەن کاک "هیوا مەلا سەلیمـ"ـەوە کە هەردووکیان ئەندامی دامەزرێنەری ماڵی کوردی بوون دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لەلایەن خاتوو ناهید حوسەینی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی نووسەران و نوێنەری ناوەندی نووسەرانی کوردستان لەو پیشانگەیە پێشکەش کرا. دواتر پەیامی ڕێکخراوی پێن لەلایەن بەڕێز "ڕۆنی ستێرکـ"ـەوە پێشکەش کرا.

بڕگەی دووهەمی بەرنامەکە لە ڕۆژی یەکەم، کرانەوەی پیشانگەی کتێب بوو کە بە ئامادەبوونی سێ وەشانخانەی کوردی کە بریتی بوون لە وەشانخانەکانی 49 کتێب، ئاڤا و نووسیار، بەڕێوە چوو.

پاشان بەریز"میران ئابراهام" لە وڵاتی هۆڵەندەوە بە وتارێک لەژێر ناونیشانی "پرسی شوناس لە چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا" بە شێوەی سەرهێڵ، بەشداریی چالاکییەکەی کرد. هەروەها مامۆستا "شێرزاد حەسەن" بە بابەتێک لەژێر ناونیشانی "ژنکوژی لە کۆمەڵگە"دا بەشیوەی سەرهێڵ بەشداریی چالاکییەکەی کرد. هەردوو بابەتی بەڕێزان بە پرسیاری بەشدابووان و وەڵامی ئەو دوو بەڕێزە کۆتایییان پێ هات.

ڕۆژی دووهەمی چالاکیی ماڵی کورد، بە وتارێکی خاتوو "بێریڤان دۆسکی"، کۆنسوولی عێراق لە وڵاتی بێلژیک و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان، لەژێر ناونیشانی"ڕۆڵی ژنی کورد لە خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان"دا دەستی پێ کرد. دواتر کاک "فەڕۆخ نێعمەتپوور" بابەتێکی بە شێوەی سەرهێڵ لەژێر ناونیشانی "ئەدەب و کۆمەڵگە" پێشکەش کرد.

بڕگەیەکی دیکە لە چالاکییەکانی ڕۆژی دووهەم، کۆڕێکی شێعری بوو بۆ هەردوو شاعیری هەستناسک و خامەڕەنگین، خاتوو"بەهار حسەینی" و خاتوو "دیمەن سۆهرابی" کە هەردوو شاعیر لە وڵاتی ئاڵمانەوە هاتبوون بۆ بەشداریی بەرنامەکە.

دوا بڕگەی چالاکیی ڕۆژی دووهەم، کۆڕێکی شێعری بوو بۆ هەرسێ شاعیر "ناهید حسەینی"، "بێریڤان دۆسکی"و "ڕۆنی ستێرک".

ئەم پیشانگەیە دوای دوو ڕۆژ چالاکیی بەردەوام و پێشوازیی گەرمی بەشداربووان، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

 

 

سەرچاوە: NNKurdistan@