مۆدێرنیزمی کورد هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی کوردییە یان حەزی نوخبەیە؟

بەهرە حەمەڕەش

زۆرجار لە نوسینەکانم ئاماژەم بەوە داوە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گشتی و کورد لەم ناوچەیە بە تایبەتی، چەمکەکان وەکو خۆی و واقیعبینانە بەکارناهێنێت، هەر لە بواری ئەدەب و هزردا وەکو شانۆی ئەزمونگەری و شعری نوێخوازی، تا دەگاتە مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم.

کاتێک چەمکێک لە ئەوروپا وەردەگرین، هەوڵ نادەین پاشخان و بنەمای دروستبوونی ئەم چەمکە بخوێنینەوە و تێبگەین، کە لە چی قۆناغ و بە چ ئاست و ئەندازە و پێویستی لە دایکبووە! ئایا کۆمەڵگەی ئێمە گەیشتووەتە ئەم قۆناغە؟ یان چۆن دەتوانین بە کاری بهێنین؟ ئایا کۆمەڵگەی خۆمان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە بەراورد دەکەین، کە چەمکەکەی لێ هاوردە دەکەین، تا بزانین جیاوازی و وێکچوونەکانی چین و چۆن دەتوانین خۆماڵی بکەین؟ هەروەها ئایا دەتوانین لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگەی خۆمان بیگونجێنین؟

"واقیعی و عەقڵانی
 رەفتارمان لەگەڵ چەمکەکان نەکردووە"

بەم تێگەیشتنە، واقیعی و عەقڵانی رەفتارمان لەگەڵ چەمکەکان نەکردووە، لەبەرئەوە ئەگەر لە مێژوودا سەیری ئەڵمانیا بکەین، بۆ یەکەمجار کاتێک لە ئیتاڵیا رێنیسانس دروستبوو، دوای ئەوە لە ئەڵمانیا ریفۆرمی ئاین دروستبوو/ مارتن لۆتەر. هەروەها لە ئەڵمانیا و فەرەنسا بزووتنەوەی رۆشنگەری دروستبوو، سەرباری پێشکەوتنی بواری زانستی و تەکنەلۆژی و ئابوری. ئەمە وایکرد، کە کۆمەڵگە بەرەو ئاستێکی بەرز رۆیشت. لە بەرئەوە، لە ئەوروپا کاتێک گۆڕانکاری لە چەمکەکان دەکرێت، سەیریان کرد چەمک و میکانیزمی کۆن لەگەڵ پێشکەوتن نەدەگونجا یانیش پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە چەمکی کۆن نەدەگەونجا، لەوێوە روویان لەوەکرد، کە چەمکی مۆدێرنیزم و چەمکەکانی تر بەکاربهێنن.

"مۆدێرنیزم لە عەقڵ، 
ئاین و سیاسەت لە کۆمەڵگە"

مۆدێرنیزم لە عەقڵ، ئاین و سیاسەت لە کۆمەڵگە، بە گشتگیری کۆمەڵگە، هەروەها لە ئەوروپا چەمکی مۆدێرنیزم زۆر جیاوازە لە چەمکی نوێکردنەوە، چونکە نوێکردنەوە زیاتر لە شتی ماتریالی دێت، یان دەکەوێتە بواری تەکنەلۆژیا، بەڵام مۆدێرنیزم لە بواری عەقڵ، هزر و فەلسەفە دێت. ئەگەر ئاوڕێک لە رۆژهەڵاتی ناوین لە مۆدێرنیزم بدەینەوە، زیاتر بواری ئامێری گرتووەتەوە. هەروەها مۆدێرنیزمی ئێمە لە بواری ئەدەب و هونەر کراوە، بەڵام لە بواری عەقڵ و هزر نەکراوە!

“ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمە لە بواری مۆدێرنیزم کراوە، حەزی نوخبەیە لە بواری رۆشنبیری و سیاسیدا، بە بێ بنەمای ئامادەبوونی کۆمەڵگە"

لە بەرئەوە، ئەوەی دوێنێ نوێخواز بوون ئەمڕۆ کۆنە خوازن، لە ئەوروپا دوای مۆدێرنیزم، پۆستمۆدێرنیزم پەیدابوو. لای ئێمە، دوای مۆدێرنیزم قۆناغی عەشیرەتگەری و بنەماڵەیی گەڕایەوە، چونکە لای ئێمە گرنگی بە پێشکەوتنی زانست و کۆمەڵگە و بوارەکانی تری ژیان نەدراوە. ئایا دەتوانین باسی مۆدیرنیزم بکەین، کاتێک پاشگری ناوەکانمان ناوی خێڵ و ناوچەیە؟ هەروەها لە بواری سیاسەتدا، زۆر لایەنی سیاسی خۆیان بە چەپ و مارکسیسزم دەزانی، بەڵام ئێستا بۆ قۆناغی بنەماڵەیی و ڤیستڤاڵی خێڵ و عەشیرەت گەڕاونەتەوە. هەموو ئەوانە دەریدەخات، کە ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمە لە بواری مۆدێرنیزم کراوە، حەزی نوخبەیە لە بواری رۆشنبیری و سیاسیدا، بە بێ بنەمای ئامادەبوونی کۆمەڵگە. لە بەرئەوە، ئەزمونی ئێمە لەم بوارەدا تەندروست نەبوو، کە نەیتوانی بەردێک لە سەر بەردێک دانێت، بۆ ئەوەی دیوارێک دروستبکات و بچێتە قۆناغێکی تر.

بۆ ئەوەی غەدر لە نەوەی رابردوو نەکەین، دەبێ ئەوەش بخەیەنە بەرباس، کە تا ئێستا بە هەمان عەقڵیەت و تێگەیشتن، لەگەڵ سیاسەت و رۆشنبیری رەفتار دەکەین. ئەگەر ئێمە نەتوانین سود لە ئەزمونی رابردووی خۆمان وەربگرین، چۆن دەتوانین لە رێگەی چاولێکردن و بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە چەمکەکان لە نەتەوە و کلتورێکی تر وەربگرین. راستە وەک ئەوروپییەکان دەڵێن، بۆ کۆمەڵگەی زیندوو، هیچ کاتێک درەنگ نییە، کەواتە ئێستاش دەتوانین بە ئاوڕدانەوە لە دوێنێ، بیرکردنەوەیەکی تەندروست و راستەقینە بۆ ئەمڕۆ و بەیانی دروستبکەین.

ئەگەر سەیری بواری راگەیاندنیش بکەین، وەک تەکنیک و کوالێتی، زۆر پێشکەوتوو و مۆدێرنە، بەڵام بە عەقڵیەتی عەشیرەت مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. بەهەمان شێوە ئۆتۆمبیل و بیناکانمان نوێن، بەڵام ئایا بە چ عەقڵیەتێک بە کاری دەهێنین؟ کەواتە هەر شتێک بە تەندروست، لە کۆمەڵگە لە دایک نەبێت، بوونەوەرێکی نەزۆک و ئیفلیجی لێی دەردەچێت.

بە کورتی، کۆمەڵگەی زیندوو، هەڵەکانی خۆی دووبارە ناکاتەوە، بەڵام بەداخەوە مێژووی ئێمە ئەوەی بە دەستی ئێمە و داگیرکارانیش، وەک ئەنجام خۆمان دووبارە کردەوە، ئەگەر پرسیارێکیش بکەم، ئەگەر دوێنێ لە سەردەمێکی مەند خۆیان دووبارە کردەوە، دەرئەنجامی دووبارە کردنەوەیان زۆر بەرچاو نەبێت، بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمی خێرا دەژین، ئەگەر بە شێوازی سرووشتیش رەفتار بکەین زەحمەتە بەو خێراییە رابگەین. ئیتر ئەگەر خۆمان دووبارە بکەینەوە و بە هەڵە شتەکان بەکاربهێنین، ئەوا کۆمەڵگە بەرە و چ ئاقارێک دەچێت؟ پرسیارێکی کراوەیە بۆ خۆم و خوێنەر و بە کراوەیی بەجێی دەهێڵم.

 

سەرچاوە : نوچە نێت