کورد هەرگیز پشتیوانانی لە بیرناکات..
٭ ڕاگەیاندنی کۆتایی فێستیڤاڵی کوردستان لە فینلاند ( ١٦هەمین فێستیڤاڵی بەدرخان )
شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە ژێرناوی "کورد پشتیوانانی لە بیرناکات" لە وڵاتی فینلاند بەرێوە چوو. فێستیڤاڵی شازدەهەمی بەدرخان بە بەشداری سەرۆک کۆماری پێشووی فینلاند خاتوو تاریا هالۆنێن (Tarja Halonen)، کەسایەتی سیاسی و کوردپەروەری فینلاندی و کەسایەتیە چالاکەکانی کوردستانی و سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند بەڕێوە چوو. شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە جۆری خۆیدا یەکەم فێستیڤاڵی لەو چەشنە بوو کە لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە بچێت.
فێستیڤاڵەکە ڕۆژی شەممە 26/08/2023 لە هێلسینکی پایتەختی فینلەندا، لە هۆڵی (Kalliola ) لە کاتژمێری یەکی دوانیوەرۆ دەستی پێکرد و تا درەنگانی نیوەشەو درێژەی کێشا. فێستیڤاڵی " کورد پشتیوانانی لە بیرناکات" بەم شێوەیەی خوارەوە بەڕێوە چوو:
دوای پێشكەشکردنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لە لایەن هونەرمەندان مستۆ دادار و ئاڵان عارفی ژەنیار، ئامادەبوان چەند چرکەیەک بێ دەنگی ڕاوەستان بۆ یادی شەهیدانی کورد و کوردستان. دواتر بەخێرهاتنی میوانان کرا لەلایەن کۆرگێڕان خاتوو شنە ڕەزایی و ئەیوب سووری.
فێستیڤاڵەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو کە بریتی بوو لە بەشی یەکەم: ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد و بەشی دووەم بریتی بوو لە بەشی وێژە و هونەر و مۆسیقای کوردی.
بەشی یەکەمی فێستیڤاڵ بریتی بوو لە بابەتی ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی گەلی کورد:
فێستیڤاڵ بە وتاری خاتوو تارها هالۆنێن سەرۆک کۆماری پێشووی فینلاند دەستی پێکرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا وێرای ئاماژە بە گرنگی ڕاگرتنی کولتوور و چاندی نەتەوەیی لە لایەن نەوەی یەکەم و دووەمی کۆچبەر، کۆبوونەوەی کوردەکان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە لە دەوری یەکتر لە وڵاتی فینلاند، بە نیشانەی هاونەتەوەیی بوونی ئەو کۆمەڵگایەی زانی.
دوای وتاری تاریا هالۆنێن، سروودی تەعریب کە بۆ شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان ئامادە کرابوو لە لایەن هونەرمەند مستۆ دادارپێشکەش کرا. سروودی تەعریب هۆنراوەی بارکەن برۆنی شاعیری ناوداری کورد عەبدوڵا پەشێو و دانان و دابەشکردنی مۆسیقاکە لەلایەن دکتۆر عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە بە خۆبەخش ئەنجامدرابوو .
٭ وتاری لێژنەی ئامادەکاریی فێستیڤال بە زمانی کوردی، لەلایەن بەڕێز حەمید بەدرخان ، بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور پێشکەش کرا. ناو براو لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر بەها کەلتوورییەکان و پەیوەندییەکانی ئەمڕۆی دنیای پاش پەتای کۆرۆنا کە هەمیشە لە گۆڕانکاریدایە، چونکە کلتور شوناسی نەتەوەیی ئەمڕۆ و داهاتووی نەتەوە و گەلانە . بە دوای ئەودا وتاری لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵ بە زمانی فینلاندی لە لایەن وەڵات نەهری، سەرۆکی فیدراسیۆنی کوردانی فینلاند پێشكەش کرا. ناوبراو لە وتارەکەیدا وێرای ئاماژە بە پرۆسەی ئامادەکردن و رێکخستنی فێستیڤاڵەکە، لەسەر گرینگی فێستیڤاڵێکی وا لە وڵاتی فینلاند بە مەبەستی بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و قووڵکردنی پێوەندییە کولتووری و مرۆڤییەکانی کۆمەڵگای کورد لەو وڵاتە دوا. دوای وتاری لێژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵ پەیامی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کەئاراستەی سەرپەرشتیارانی کۆمیتەی باڵای شازدەهەمینی فێستیڤاڵی بەدرخانی کردبوو کە لە لایەن ، بەڕێز جەبار جومعە خوێندرایەوە. وتارەکە ئاماژەی کرد بە گرنگی سازدانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە و ڕۆڵی لە دروستکردنی پردێکی نزیکبوونەوە لە نێوان گەلی کورد و گەلانی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا پێشانگای کتێب و بەرهەمە هونەرییەکانی ناو فێستیڤاڵەکە لەلایەن بەشدارانی ئەو بەشە پێشكەش کرا.
دوای ناساندنی پێشانگاکان، وتارێکی زانستی لە ژێر ناوی "مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورد" لە لایەن مێژووناس و زمانەوانی کورد سۆران حەمەڕەش بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش کرا. ناوبراو لە وتارەکەیدا بەرهەمی لێکۆلینەوەی خۆی لە سەر مێژووی کورد و کوردستانی بە شێوەیەکی چڕ و پڕ پێشكەش کرد. مێژوویەک کە لەلایەن داگیرکەران و مێژوونووسانی بیانی بە زۆری ون کراوە و بۆ خزمەتی ئەجێندای سیاسی ڕووخسارێکی نەگونجاو بۆ کورد لە مێژوودا دروستکراوە. ناوبراو کتێبێکەی بە هەردوو بە زمانی ئینگلیزی و کوردی نووسیوە و بڵاوی کردۆتەوە.
٭ پانێڵی کورد پشتیوانانی لە بیر ناکات! (بە فینلاندی و ئینگلیزی) لەلایەن کۆڕگێڕ: دکتۆر مەجید حەقی، چالاکڤانی سیاسی و مامۆستا لە فینلەند پێشکەشکرا کە بە بەشدارانی هەڕیەک لە بەڕێزان :
- ئاریا ئالهۆ، سیاسەتمەدار و سەرنووسەری کۆڤاری ئودین، فینلاند
- فرێدا چانگات، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، فینلاند/فیلیپین
- تانیا عەبدولقادر حوسێن، دیپلۆماتکار، عێراق/فینلاند
- تاریا کانتۆلا، سیاسەتمەدار و چالاکڤانی مەدەنی، فینلاند
- ڕێبوار کەریمی، کارناس و لێکۆڵەری کۆمەڵناسی، فینلاندی و کوردستانی .
- کریستینا کۆیڤوۆنێن، لێکۆلەر و نووسەر، فینلاند
- تێێمۆ ماتینپورۆ، بەرپرسی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئاشتی لە فینلاند .
دوای دواتر پارچە مۆسیقایەک بۆ رێزگرتن لە شۆرشی ژن ژیان ئازادی لە ئاڵان عارف پێشکەشکرا. ئەمجا وتارێک لە لایەن کاوە حەسەنپوور، نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەر شۆرشی ژینا و کار و چالاکییەکانی رێکخراوی هەنگاو لە گەیاندنی دەنگو باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بیروڕای گشتی جیهان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پێشکەش کرا.
بە دوای ئەودا پانێلی دووەم بە ناونیشانی بەرەو درووستکردنی لۆبیی کولتووری کوردی لە دیاسپۆرا کە لەلایەن کۆڕگێڕ: وڵات نەهری، سەرۆکی فیدراسیۆنی کوردانی فینلاند ، بەبەشداری ئەو نووسەر و روناکبیرانە ئەنجامدرا:
٭ عومەر شێخموس، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیست، سوید کە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداربوو
٭ حەمید بەدرخان، سەرۆکی ئەکادێمیای بەدرخان ، ئەڵمانیا
٭ شەهێن زادئەحمەد، چالاکڤانی مەدەنی، فینلاند
٭ خەبات باپشتی، چالاکڤانی سیاسی، فینلاند
٭ مستۆ دادار، هونەرمەند، هۆڵەند
٭ کەیا ئیزۆل، کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا - دیاکورد، سوید
بەشی دووەمی فێستیڤاڵ هونەر و فەرهەنگ و مۆسیقابوو، کە لەلایەن بەڕێزان کۆڕگێڕان: نیدال جۆجەک و هۆگر عەلیپوور پێشەکەشکرا
٭ کردنەوەی بەرنامەی هونەری بە هەڵپەڕکێی کوردی، لە لایەن کۆما زاگرۆس ڕۆژئاوای کوردستان بە چەندین هەڵپەرکێی کوردی هۆڵەکەیان ڕازاندەوە .
٭ ئێوارە کۆڕی شیعری کوردی کە لەلایەن کۆرگێڕ، سەید خدر میرسەییدی بەسەرکەوتوویی بەڕێوەبرا کە چەندین شاعیری پارچەکانی کوردستان تێیدا بەشداربوون.
بەشداران: ئەردەلان عەبدۆ، پاوان عەلی، فەریدون بەرزنجی، ڕەئوف گوڵبەدەن، ئیحسان ئەسپار، عەبدوڵڵا حاجی، میدیا قامیشلۆ، چیمەن قەرەداغی، فازیل سوڵتان پەنا و مەهدی غەمبار .
٭ دابەشکردنی بڕوانامەی ڕێزلێنان بۆ بەشداربوان بە خوێندنەوەی بەیانی کۆتایی فێستیڤاڵ لەلایەن وڵات نەهری خوێندرایەوە و هەروەها خەڵات و میداڵیای فێستیڤاڵ و بڕوانامەی ڕێزلێنان لە لایەن حەمید بەدرخان پێشکەش بە ئامادەبوان کرا .
٭ کۆتا بڕگەی بەرنامەی فێستیڤاڵ بریتی بوو لە پێشکەشکردنی کۆنسێرتی گۆرانی و مۆسیقا بە بەشداریی هونەرمەندان:
مێریسۆفیا لاکۆس، مام کوردنژاد ئیبراهیمی و سەیزادە حومێرا ، ڕێبوار مەعروف ، چریکە هەورامی و مستۆ دادار.
جێی وتنە کە میوانان و بەشدارانی فێستیڤاڵەکە لە نەتەوە جیاوازەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە ئامادەییان هەبوو و پەیتا پەیتا بە جلوبەرگی کوردییەوە دەهاتنە نێو هۆڵی فێستیڤاڵ. ئەوەی جێگای تێڕامان و دڵخۆشیی بوو، بیانییەکانیش بە جل و بەرگی کوردییەوە بەشدارییان کرد.
هەربۆیە لەگەڵ پێشکەشکردنی بڕگەکانی فێستیڤاڵی کوردستان @لە فینلەند، دەرفەتی سەردانی پێشانگای کتێبی کوردی لەلایەن سێ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە ( پڕۆژەی 49 کتێب و ئاپێک و ئەکادیمیای بەدرخان) بە نیشاندانی سەدان ناونیشان بەشدارییان کرد. هەروەها پێشانگای هونەری لەلایەن هونەرمەند محەمەد فەتاح و بەهائەدین شێخ کریم و هونەرمەندی کاریکاتێریست ڕێناس عارف، وێنەگر کریستینا کۆیڤینێن کرایەوە و چەندین تابلۆی دانسقەیان پێشکەشکرد .جگە لەو کارانەش پێشانگای جلی کوردی و کاری دەست لەلایەن هاوسەری سەید خدری سەید سەیدیی و دروستکردنی چەندین کاری دەستکردنی وەکو کڵاوی ئاڵای کوردستان لەلایەن میدیا قامشلۆیی پێشکەشکران.
کۆمیتەی باڵا سوپاسگوزاری ئەندامانی کۆمیتەی باڵای شازدەهەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە فینلەند و بەڕێزان لوقمان کەریم وەیسی کە لەخۆبووردووانە یارمەتیان پێشکەش بە میوانانی فێستیڤاڵکردووە.
هەروەها بڕیاردرا ساڵی ئایندە، 2024، 17هەمین فێستیڤاڵی بەدرخان لە وڵاتی بەلجیکا بەڕێوەبچێت.
کۆمیتەی سەرپەرشتیاری کوردستان@ فیلەند فێستیڤاڵ
شانزدەیەمینی فێستیڤاڵی بەدرخان لە هێلسینکی 26/08/2023