به‌ته‌مه‌نترین سیاسه‌تمه‌داری جیهان چی له‌باره‌ی كورده‌وه‌ ده‌ڵێ ؟

راپۆرت: درەو


"مەرگەساتی كورد مێژوو و جوگرافیا سەپاندویەتی، بەڵام دووبەرەكی ناوخۆیی خراپتری كردووە" ئەمە قسەی بەتەمەنترین سیاسەتمەداری ئەمریكایە، كە ئێستا تەمەنی لە 100 ساڵ نزیكدەبێتەوە‌و هێشتا قسەكانی لەبارەی داهاتووی جیهانەوە گوێی لێدەگیرێت، ئەم پیاوە پێشبینی دەكات دوای شەڕی ئۆكراینا، نەخشەی سیاسی جیهان گۆڕانكاری گەورە بە خۆوە ببینێت. 

جەنگی ساردی دووەم بەڕێوەیە !
لەگەڵ نزیكبوونەوەی یادی 100 لەدایكبونیدا، جارێكی تر ناوی هێنری كیسنجەر وەكو یەكێك لە دیارترین سیاسەتمەدارە بەئەزمونەكانی ئەمریكا‌و جیهان كەوتەوە سەر لاپەڕەی رۆژنامەكان. كیسنجەر كە پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە، لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی (CBS)ی ئەمریكیدا باس لە زۆرێك لە ئاڵۆزییەكانی ئێستای جیهان‌و مەترسییەكانی زیرەكی دەستكرد لە دۆخە قەیراناوییەكاندا دەكات، ئەمە لەپاڵ نیشاندانی پێشینەی خۆی لە قۆناغەكانی ژیانی سیاسیدا كە جەنگ‌و ئاشتی بەخۆیەوە بینیوە. 
لەسەرەتای ئەم دیدارەدا پرسیار لە كیسنجەر كرا ئایا ئەگەر داوای لێبكرێت سەردانی روسیا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆك ڤلادیمیر پۆتین، كاردانەوەی چی دەبێت؟

ئەو وتی: دەمەوێت ئەم كارە بكەم، بەڵام بە سیفەتی راوێژكار. باسی لەوەكرد، جەنگی ئۆكراینا لە خاڵی وەرچەرخانێكی گرنگ نزیك دەبێتەوە. 
لەبارەی چین، كیسنجەر ئاماژە بەوە دەكات، ناتوانرێت چین لە سیستەمی جیهانی دوربخرێتەوە، دەكرێت پرسی تایوان سەربكێشێت بۆ جەنگ لەنێوان دوو دەوڵەتە زلهێزەكە (چین‌و ئەمریكا)، ئەمەش پێویستی بەوەیە گرنگی زیاتری پێبدرێت "ئەمە قۆناغێكی زۆر مەترسیدارە".
كیسنجەر پێشتر هۆشداریدا لەبارەی سەرهەڵدانی جەنگی ساردی دووەم، ئەو پێیوایە ئەگەر ئەمە رووبدات لە جەنگی ساردی یەكەم مەترسیدارتر دەبێت. لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی  "ئیل مۆندۆ"ی ئیسپانی، كیسنجەر وتی:" دەكرێت جەنگێكی ساردی نوێ لەنێوان چین‌و ئەمریكا دەستپێبكات، هەردوو وڵاتەكە خاوەنی سەرچاوەی ئابوری هاوشێوەن، ئەمە هەمان دۆخی سەردەمی جەنگی ساردی یەكەم نییە، پەكین‌و واشنتۆن ئێستا بوون بە نەیاری یەكتر، چاوەڕوانی ئەوەش لە چین ناكرێت وای لێبكرێت مەیلی رۆژئاوایبوون بكات".
لە دیدارێكی رۆژنامەوانی تردا، ئەم سیاسەتمەدارە بەتەمەنەی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە ئارەزووی هەندێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی روسیا، كە بەبۆچوونی ئەو، ئەمە رەنگە سەربكێشێت بۆ ئاژاوەی ئەتۆمیی، داوا دەكات لە پرسی ئۆكرانیادا بە دانوستان رێگری لە مەترسی سەرهەڵدانی جەنگێكی جیهانی وێرانكەر بكرێت. ئەو دەڵێ:" ئێستا ئێمە بەتەواوەتی لە چاخێكی نوێدا دەژین"، باس لەوە دەكات، دوای كۆتایهاتنی جەنگی ئۆكراینا دۆخی جیۆپۆلەتیكی لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانكاری گەورە بەخۆوە دەبینێت. 

كیسنجەر چی لەبارەی كوردەوە دەڵێ ؟
كیسنجەر لە كتێبی یادەوەرییەكانی خۆیدا بەناوی (ساڵەكانی نوێبونەوە) بەشێكی تەرخانكردوە بۆ كوردو ناوی لێناوە "تراژیدیای كوردەكان".
لەم كتێبەدا كیسنجەر باس لەوە دەكات، لە ساڵی 1972وە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی كردووە بە یارمەتی كوردەكان، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ "ئاستی دەستوەردانمان لەوێ شتێك نییە بەراورد بكرێت بە بارودۆخەكە لە هیندی چینی".
كیسنجەر باس لەوە دەكات" لیژنەكانی كۆنگرێس هێرشیانكردەسەر ئیدارەی نیكسۆن بەهۆی رۆڵی لە هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی كوردەكان بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی".

"مەرگەساتی كورد مێژوو و جوگرافیا سەپاندوویەتی، بەڵام دووبەرەكی لەسەر ئاستی ناوخۆیی خراپتری كردووە، گەلی كورد كە ئێستا ژمارەی زیاترە لە (25 ملیۆن) بوەتە قوربانی ئەو روداوانەی كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە، لەوكاتەوە كە لە كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەمەوە دەوڵەت- نەتەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستبوون، كوردەكان خۆیان بەدابەشكراوی لەنێوان عێراق‌و ئێران‌و سوریاو توركیا بینییەوە لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆیان پێدرا، بەڵام كاتێك هێزە ئەوروپییەكان دوای جەنگی جیهانی یەكەم سنوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان كێشا داواكارییەكەیان بۆ مافی چارەی خۆنوسین پشتگوێخرا. لەوكاتەوە، خواستە نیشتیمانییەكانی كورد بوونە هەڕەشە لەسەر یەكگرتوویی وڵاتانی میواندار" كسینجەر وای لەبارەی دۆخی كوردەوە نوسیوە.
لەبارەی پەیوەندی ئەو سەردەمەی ئەمریكا لەگەڵ كورد، كیسنجەر ئاماژە بەوە دەكات"  لە یەككاتدا هۆكاری ئایدیۆلۆژی و ستراتیژی هەبوون بۆ دەستوەردانی ئەمریكا، كەلتوری "وڵسۆنی"(مەبەست لێی وودرو وڵسۆن بیست و هەشت هەمین سەرۆكی ئەمریكایە 1913-1921) بە ئاڕاستەی پشتگیركردن‌و پاڵپشتی لە مافی چارەی خۆنوسینی گەلی كورد پاڵی پێوەدەناین، بەڵام ئەوەشی دەرهاویشت كە بە تەنگژەی بەردەوامی سیاسی ئەمریكا دەناسرێت: كۆتوبەندە دیاریكراوەكانی پابەندبونی ئەخلافی ئەمریكا لە ناوچە دوورە دەستە وشكەكان كە گەیشتن پێیان سەختە، وەكو ناوچە شاخاوییە كوردییەكان، لەناو ژمارەیەك وڵاتدا كە تا رادەیەكی زۆر كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەمریكا هەیە، چۆن دەتوانرێت خاڵی راوەستان بدۆزرێتەوە لەنێوان پاڵپشتیكردنی تەواوەتی خواست‌و ئارەزووی كوردەكان‌و دەستبەردان لێیان لە ناوچەیەكدا كە خاڵی ستراتیژی هیلالی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بە نەوت‌و كەنداوی عەرەبییە؟".

كیسنجەر دەڵێ" وڵاتانی دراوسێ، وەكو توركیاو ئێران، پشتیوانی كورد دەكەن بەمەبەستی گۆڕینی ئاڕاستەی فشارەكانی عێراق لەسەر خاكەكانیان، بەڵام هەرگیز ئامادەنین رەزامەندی لەسەر دروستبوونی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردی بدەن، بەهەمان هۆكار، ئیدارەكانی نیكسۆن‌و فۆردو بوش و كلینتۆن خۆیان بەدەوورگرت لە پشتیوانیكردنی سەربەخۆیی كوردەكانی عێراق".
كیسنجەر دەگێڕێتەوە:" ئەو وڵاتانەی وایان دادەنا كە زیاتر رووبەڕووی هەڕەشەی دیدو بۆچوونی عێراق دەبنەوە ئوردن‌و ئێران بوون، كە هەردووكیان سنورێكی دوورودرێژی هاوبەشیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، هەروەها ئیسرائیلیش هەمیشە بەئاگابوو لەو سیستمە عەرەبیە رادیكاڵ نوێیانەی كە چەكی سۆڤیەت پاڵپشتی دەكردن، ئەو سێ‌ دەوڵەتە دۆست‌و هاوڕێی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوون، هەمووشیان بەنهێنی هاوكارییان پێشكەشی كورد دەكرد.. هەوڵەكانیان بۆ حوكمی ئۆتۆنۆمی لەو ناوچە شاخاوییە سەختەدا لە باكوری عێراق وەك كارتێكی فشار بەكارهێنا بۆ ئەوەی وزەو سەرچاوەكانی رژێمی بەعس لە سنورەكانیان دووربخەنەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە راستەوخۆ لەم هاوكارییە نهێنییەیدا بەشداریمان نەكرد، بەڵام ئاژانسە هەواڵگرییەكانمان زانیارییان لەسەری وەردەگرت لەلایەن دەزگا هاوتاكانیان لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە پەیوەست بوون بەو پرسەو هەموو ئەو وڵاتانەش هاوكاری سەربازی‌و ئابورییان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەردەگرت".
كیسنجەر لە وەسفی كورددا نوسیویەتی" كوردەكان هاوبەشێكن كە دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا بۆچون‌و هاوپەیمانێتییەكانیان بگۆڕن‌و، سەختە ببن بە بەشێك لە ستراتیژییەكی كاركردنێكی گشتگیر، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بانگەشەی سەركردەكانیان، بەدڵنیایی ئامانجی سەرەكی ئەوان بەدەستهێنانی سەربەخۆیی یاخود ئۆتۆنۆمی تەواوە لە كەمترین حاڵدا، بە بەردەوامی بەرەنگاری دەكەن بۆ دیاریكردنی ئەولەویەتی خۆیان لەچوارچێوەی پەیوەندی بە چەمكی هێزی دەرەكی لەبارەی هاوسەنگی جیۆسیاسییەوە، وەكو ئەوەی تێگەیشتوین، وا باشترە گوێ لە پاڵەوانەكان بگرین نەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین، هەمان ئەو تایبەتمەندییەی كە ئازایەتییان پێدەبەخشێت وایان لێدەكات پتەوبن و نەرمونیانی لەدەستبدەن".


ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، مانگانە بڕی (20 ملیۆن) دۆلار هاوكاری دارایی پێشكەشی هێزی پێشمەرگە دەكات، ئەم یارمەتییە ریشەیەكی مێژویی هەیە، كیسنجەر دەگێڕێتەوە:" لە یەكی ئابی 1972 نیكسۆن واژۆی لەسەر فەرمانێكی ئاڕاستەكراو كرد بۆ دەستپێكردنی پرۆگرامی نهێنی، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕی 250 هەزار دۆلاری لەمانگێكدا وەكو یارمەتی راستەوخۆ لە ساڵی دارایی 1973 دیاریكرد. لەگەڵ دوو ملیۆن دۆلار بۆ كەلوپەل، واتە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، بەڵام شا یارمەتییەكی زۆرتری پێشكەش كرد، كۆی گشتی هەموو یارمەتییەكان كە ئیسرائیل‌و بەریتانیاو ئێرانییەكان پێشكەشی كوردەكانیان كرد گەیشتە ملیۆنێك دۆلار لە مانگێكدا، ئەمەش بە پێوەری جەنگی سارد بڕێكی كەم بوو".
ئەم هاوكارییە لە قۆناغێكی تردا زیادیكردووە، كیسنجەر دەڵێ" بەدرێژایی ساڵی 1973 شەڕ سەختتر بوو، هاوكات داواكاری كوردەكانیش بۆ پێدانی یارمەتی دارایی زیادیان كرد، لە 29ی ئازار/ مارسی 1973، پشتیوانی داواكارییەكم كرد كە ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی (CIA) پێشكەشیكرد، جیم شلسنجەر لەماوەیەكی كەمدا كە پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی وەرگرت، ئیمزای لەسەر كرد بۆ پێدانی هاوكاری زیاتر، دواتر نیسكۆن رەزامەندی لەسەر نیشاندا.. پێشنیازم كرد پاڵپشتی داراییمان زیادبكەین بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا، شا برێكی زۆر لەوە زیاتر پارەی تەرخانكرد، گەیشتە نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار. ئەمە سەرەڕا پاڵپشتی لۆجیستی‌و تۆپهاوێژەكانی (كە پێكهاتبوو لە تۆپی دوورهاوێژی ئێرانی‌و بوو بە چەتری كوردەكان لەناو سنوری ئێراندا) لەگەڵ ئەوەشدا، نیكسۆن هۆشداریدا لە مەترسی توندكردنەوەی بارودۆخەكە لەلایەن كوردەوە لەڕێگەی گۆڕینی شەڕی بەرگرییەوە بۆ هێرشكردن".
ئەمریكاو ئێران بۆچی پاڵپشتی دارایی شۆڕشی كوردیان دەكرد، كیسنجەر وەڵام دەداتەوە:" وادەركەوت كە پاڵپشتی نهێنی بۆ كوردەكان لە ساڵی یەكەمیدا ئامانجەكەی دەپێكێت، لە 5ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری 1972 لەلایەن ریچارد هیڵمز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندییەوە (كە دواتر دەبێت بە باڵیۆز لە ئێران) راپۆرتێك رەوانەی نیكسۆن كرا، تێیدا ئاگادارمان دەكات لەوەی كوردەكان دوو لەسەر سێی سوپای بەعسیان سەرقاڵكردووە لەوەی ئەركەكانی تریات ئەنجام بدەن.. كاروبارەكان بەوشێوەیە ناڕۆن كە سوپای رژێمی بەعس ئارەزوویان دەكات.. پارێزگاریكردنی بارزانی لە قەڵایەكی قایم‌و ئارام بەردەوامی دەدات بە سەرقاڵكردنی دوو لەسەر سێی سوپای عێراق، بەعسییەكان بێبەش دەكات لە بنكەیەكی گەرەنتیكراو كە لەوێوە تیمەكانی تێكدان‌و تیرۆركردن كار لە دژی ئێران بكەن".
"كاتێك جەنگی عەرەب- ئیسرائیل بەرپابوو، تەمەنی پرۆگرامی نهێنی زیاتر لە ساڵێك نەبوو، كوردەكان جگە لە هەندێك چەكی قورس هیچیان نەبوو، تۆپهاوێژەكانی ئێران كە پاڵپشتیان دەكات بەجۆرێك سەركێشی ناكەن بۆ دووركەوتنەوە لە سنور، كوردەكان لە توانایاندا بوو بەرگری لە ناوچە شاخاوییەكەیان بكەن، تانك‌و فڕۆكەكانی عێراق روبەڕوی ئاستەنگ دەبوونەوە، بەڵام هێزەكەیان كە بەچەكی سوك پۆشتەكرابوو لە ناوچە دەشتاییەكانداو لە دەرەوەی ناوچەكانی خۆیان كەمترین دەرفەتیان نەبوو لەبەردەم سوپای گەورەی عێراقدا كە بەچەكی قورس‌و پێشكەوتووی سۆڤیەتی‌و سەدان تانك پۆشتە كرابوو، گومانی تێدا نییە هێرشی كورد لە پشت پەناگە شاخاوییە پارێزراوەكانەوە بەدڵنیایی دەبێتەهۆی تێكشكانی تەواوەتی هێزە سەربازییەكانی كورد".
بەگوێرەی قسەی كیسنجەر، مستەفا بارزانی" شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغداد وەك هەلێك لێكدەدایەوە بۆ سوككردنی ئەو كۆتوبەندانەی كە هاوپەیمانەكانی سەپاندبوویان، هەروەها بۆ چەسپاندن و پتەوكردنی دەسەڵاتی بە رێگایەك كە هێشتا بە هاوتای دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی دادەنا، بەڵام لە كرۆكدا جیاكردنەوەی لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەستەم‌و مەحاڵ بوو، لە شانزەی ئازار/ مارسی 1974دا بارزانی بۆ گرەنتیكردنی ستراتیژە پێشنیازكراوەكەی دوو بژاردەی خستەبەردەستمان: 180 ملیۆن دۆلار بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی، یان 360 ملیۆن دۆلار بۆ بونیادنانی ئەوەی پێدەوترێت ژێرخانێكی "گونجاو" بۆ سەربەخۆیی.. كۆپییەكەی بارزانی بۆ دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی هەرگیز لەلایەن شا لە ئێران یان توركیا پشتیوانی لێ نەكرا، ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لە دۆخێكی وادا نەبوو بتوانێت ئەو پارەیەی پێشكەش بكات كە داوایكردبوو هەتا نزمترین ئاستی ئەوەی داینابوو، تەواوی ئەو بودجەیەی تێدەپەڕاند كە بۆ پرۆسە نهێنییەكان تەرخانكرابوو كە ویلایەتە یەكگرتووكان ئەنجامیدەدان". 
هەر لەبارەی كوردەوە، ئەم سیاسەتمەدارە بە ئەزمونەی ئەمریكا لە یادەوەریییەكانی خۆیدا نوسیویەتی:" رەفتاری كوردەكان، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەكانیانی لە هەموو قۆناغێكدا كردووە بە كارێكی قورس، هەندێكجار بێ‌ هیوادەبوون‌و زۆر پێویستیان بە هاوكاری هەبوو، هەندێكجاریش دڵخۆشی بە سەركەوتن بە روخساریانەوە دیاربوو، بۆ نمونە  لە 27ی تەمموز/ یۆلیۆی 1974 شای ئێران پەیامێكی بەپەلەی بارزانی گەیاندە دەستمان كە تێیدا داوای هاوكاری دەكات، هۆشدارییەكی لەگەڵدا هاوپێچ كردبوو دەربارەی كۆتاییەكی مەترسیدار بۆ- ئێران‌و هەموو كەنداو- ئەگەر بەرخۆدانی كورد هەرەس بهێنێت. بەڵام دوای چەند هەفتەیەك لە (سەرەتای ئەیلول/ سێپتەمبەر)دا بارزانی پێشنیازی كرد هێزەكانی كورد هێرش بكەنە سەر كێڵگەكانی نەوت لە كەركوك، پێشنیازەكەمان لە 18ی ئەیلول/ سێپتەمبەر رەتكردەوە، چونكە نەماندەویست قەیرانی وزە گەورەببێت- كە خۆی لە بنچینەدا مەترسیدارە- لە رێگەی گەڕێكی توندوتیژی كە دامەزراوە نەوتییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكاتە ئامانج، بەڵام گوشاری جارجارەی بارزانی بۆ هێرشكردن، پاساوی نەیارانی پێشكەشكردنی هاوكاری زیاتری بۆ كوردەكان بەهێزتر كرد، لەسەر بنەمای ئەوەی كە  ئەوان  بەشی ئەوەندە سەرچاوەی دەرامەتیان هەیە بۆ بەرگریكردن لە پێگەكانیان كەواتە بۆ گوشار دەكەن لە پێناوی ئەوەی چەكی تریان بۆ بەرپاكردنی هێرشێكی گەورە دەستبكەوێت".
بەپێی ئەوەی كیسنجەر خەمڵاندویەتی" كۆی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ مستەفا بارزانی لە میانی ساڵی دارایی 1973، 1974، 1975 گەیشتوەتە بڕی 20 ملیۆن دۆلار‌و بڕی 1250 تۆن لە تەقەمەنی و كەرەستەی جەنگیشی لەخۆگرتووە.
لەبارەی رێككەوتنی جەزائیری نێوان سەددام‌و شای ئێران‌و نسكۆی ساڵی 1975ی كوردو بەرپرسیارێتی ئەمریكا لەو كارەساتەی بەسەر كورددا هات، كیسنجەر نوسیویەتی:" كاتێك هەموو شتێك كۆتایی هات، قارەمانەكانی روبەڕوبونەوە (ئەوانەی دەگەڕێنەوە بۆسەر رابردوو) زۆر بەتوندی هێرشیانكردەسەر ئیدارەی سەرۆك فۆرد، بەدیاریكراویش تیرەكانیان ئاڕاستەی من كرد- بەهۆی دەستهەڵگرتن لە كوردەكان، بەڵام شا بڕیاری خۆیدا بوو، ئێمە نە هیچ بەڵگەیەكی لۆژیكی نە ستراتیژیەتێكی گونجاومان نەبوو بۆ قایلكردنی بە پاشگەزبونەوە لەو بڕیارە، بەڵام ئەو چارەسەرەی كە هەندێك لە رەخنەگران لە سیاسەتەكانمان پێشنیازیانكرد ئەوە بوو (هەڕەشە لە شای ئێران بكرێت بە راگرتنی یارمەتییەكانمان)، ئەوەش هیچ واتایەكی لۆژیكی نەبوو، چۆن دەكرێت هاوپەیمانێكی سەرەكی هانبدەین بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەبێ هیچ پاڵپشتییەك لەلایەن ئێمەوە، ئەوە تاكە بژاردە بوو كاتێك كۆنگرێس دەستی لەو هاوپەیمانانە هەڵدەگرت كە چەقۆ لەسەر گەردنیان بوو ؟   ئەو روداوانەی كە لەدوای روخانی شاوە رویانداوە راست و دروستی بڕیارەكەی ئێمەیان سەلماند بەوەی ئێرانێكی دۆست دەوڵەتێكە كە بۆ هاوسەنگی هەرێمایەتی و جیهانی ناكرێت دەستی لێ هەڵبگیرێت، شتێكی نەزانانە و سەرشێتانە و نابەرپرسانە بوو سەقامگیری دەوڵەتێكی دۆستی تر تێكبدرێت لەڕێگەی دەستپێكردنی هێرشێكی سیاسییەوە بۆسەر شا یاخود بڕینی یارمەتییەكان لە ئێران. پابەندبونمان بە بەرگریكردن لە ئێران شتێك نەبوو كە هەر كاتێك توڕەبوین پاشەكشێی لێ بكەین، ئەوە گوزارشت بوو لە بەرژەوەندی جیۆسیاسییمان. بۆیە پێویست بوو لەسەرم شایەتحاڵی بەكۆیلەكردنی گەلێكی دۆستی تر بم".

كیسنجەر كێیە ؟ 
هاینز ئەلفرێد كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكاو یەكێك لە سیاسەتمەدارە بەناوبانگەكانی ئەمریكاو جیهان لە 27ی ئایاری 1923 لە فۆرت ، باڤاریا لە ئەڵمانیا لە دایكبووە باوكی مامۆستا بووە بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا جولەكە بوون، خۆی‌و كەسوكارەكەی ساڵی 1938 لەترسی نازییەكان ئەڵمانیایان بەجێهێشتووەو چوونەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو پەیوەندیی كردووە بە پەیمانگای جۆرج واشنتن لە نیویۆرك و ساڵی 1948 رەگەزنامەی ئەمریكای بەدەستهێناوەو هەمان ساڵ پەیوەندیكردووە بە سوپاوە.
لە سەردەمی جیراڵد فۆرد لە ساڵی 1973 بۆ 1977 وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە پێش ئەوەش لەسەردەمی سەرۆك ریچار نیكسۆندا راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بووە، رۆڵێكی دیاری هەبوو لە سیاسەتەی دەرەوەی ئەمریكا وەك سیاسەتی كرانەوە بەڕووی چین‌و سەردانە بەردەوامەكانی بۆ وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسرائیل كە لە رێككەوتنی كامپ دەیڤد كۆتایی هات لە ساڵی 1978.
ساڵی 1983 رۆناڵد ریگان سەرۆكی ئەمریكا پۆستی سەرۆكی دەستەی فیدراڵی پێ سپارد كە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئەمریكای ناوەڕاست‌و ساڵی 2001یش جۆرج بوشی كوڕ كردیە بەرپرسی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر.
ساڵی 1973 كیسنجەر خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدراوە. ئەو بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بە پلەی نایاب لە زانستە سیاسییەكاندا لە زانكۆی (هارڤارد) بەدەستهێناوە، پێشەنگ  بووە لە هەوڵدان بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەمریكا لەلایەك‌و روسیاو چین لە لاكەی ترەوە. 
كیسنجەر تاكە ئەندام حكومەتەكەی نیكسۆنە كە تائێستا لە ژیاندا ماوە، ئەو كەسایەتییەكی جێگە مشتومڕە، لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسان‌و چالاكانی سیاسی‌و پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤەوە وەكو تاوانبارێكی جەنگی ناوی دەهێنرێت‌و بەرپرسیارێتی هێرشەكانی ئەمریكا لە لاوس‌و كەمبۆدیا دەخرێتە ئەستۆی ئەم پیاوە، لەبەرامبەردا لەلایەن زۆرێك لە پسپۆڕانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، كیسنجەر وەكو وەزیرێكی دەرەوەی خاوەن كاریگەریی تەماشا دەكرێت‌و رێزی لێدەگیرێت. 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی نوسینه‌كه‌ی كیسنجه‌ر له‌باره‌ی كورده‌وه‌ كلیك (لێره‌) بكه‌

 

سەراوە  درەو