کاوەڕەش
لەجیاتی ٧٠ ئۆتۆمبێل لەسەر جادەبێت و كاربۆنی ژەهراوی بەژینگەدا بڵاوبكەنەوە, دەكرێ بەبەكارهێنانی گواستنەوەی گشتی دوو بۆ سێ پاس, هەموو ئەو كەسانە و بگەیەنێت و قەڵەباڵغی شەقامیش و ڕێژەی گازە پیسەكانیش كەم بكاتەوە.
لەڕووی ئابوریشەوە، سودی دەبێت لەگێڕانەوە پارەی سوتەمەنیی و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلەكان. بەشێك لەهاووڵاتیان, تەنها بۆ خۆدەرخستن و پۆزلێدان ئۆتۆمبێل بەكار دەهێنن, كەهیچ پئوێستیەكی دروست نیە.
لەووڵاتانی پێشكەوتوو كەنرخی سوتەمەنیی گرانەو باجی زۆری لەسەرە، مەبەست لێی كەمتر بەكارهێنانی گواستنەوەی تایبەتەو كەمكردنەوەی جەنجاڵی ڕێگاوبان و پاك ڕاگرتنی ژینگەیە. خودی ووڵاتانی ئەوروپیی پلانیان هەیە لەماوەی یەك دەیەی داهاتوودا، هیچ جۆرە ێۆتۆمبێلێك ڕێگا پێنەدەن كەبزوێنەرەكەی بەسوتەمی كار بكات، بەڵكو بزوێنەری ووزەی كارەبایی دەبێتە جێگرەوەی.
چەند ساڵێك لەمەبەوبەر حوكمەتی بەریتانیا بڕیاریدا كەهەموو سوپەرماركێتەكان پارەی (زەرفی) كەلو و پەلەكان و خواردەمەنی لەكڕیارەكان وەربگرن، تەنها بۆ ئەوەی كڕیاڕ هەموو جارێك زەرفی عەلاگەكە ، بەبەلاش وەرنەگرێت و دواتر فڕێی بدات، كەژینگە پیس دەكات، بەڵكو هەمان زەرفی عەلاگە چەند جارێك خۆت دەییبەتەوە بازاڕو، شتی تێدەكەیەوە.
لەولاوەتریش نرخی باجی زیاتری خستە سەر هەموو ئەو خواردنانەی كەشەكر تێدا بەكاردێ، بۆ ئەوەی خەڵكی كەمتر بیخوات،چونكە زۆربەی شیرینیەكان زیان بەتەندروستی دەگەیەنن و هاووڵاتیان فشاریان خستبوە سەر كەرتی تەندروستی، بەهۆی زۆری دەرئەنجامی خواردنە شەكراویەكان. هەموو ئەوانە بۆ گرینگی دانن بەتەندروستی مرۆڤ.
دەربارەی ئەوەی كەدەشڵێن ئاو و كارەباو غاز ٢٤ كاتژمێری هەیە، بەڵێ ڕاستە، بەڵام خۆ بێ بەرامبەر نیە. كارەبا و ئاو غاز ٢٤ بەردەستە، بەڵام لەو ماوەدا هەمووی چوار كاتژمێر بەكاری دەهێنی، چونكە وەك یەكەی مۆبایل وایەو بەپێوەری زیرەكەوە بەستراوە، كەسەنت بەسەنت لەسەرت هەژمار دەكرێ.
بۆیە، تاكی كورد كەچوار كاتژمێر ئاوو كارەبای هەبێ، بەقەد ٢٤ كاتژمێری خەڵكی ئەوروپی، بەكاری دەهێنێ. لەئەوروپا كەرتی كارەبا و غازو ئاو، بەدەست حوكمەتەوە نیە، تافێڵی لێ بكەی و خەتی نایاسای ڕابكێشی.
یاخود لەڕقی حوكمەت سەربان و بن بانەكەت بكەی بەچراخان بەڕۆژو شەو. لەكاتێكدا بەكارهێنانی گڵۆپ و ئامێری ناپێویست لەتەمەنی گڵۆپ و ئامێرەكان كەم دەكاتەوە. تۆ دەبێ كەلەكاركەوت، هی دیكە بكڕی، چونكە هەموو گڵۆپ وئامێرئكی كارەبای، تەمەنی دیاری كراوی خۆی هەیە.
زیادلەپێویست بەكارهێنانیشی، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئەو دیلەمۆو ئامێرانەی بەرهەمی دێنن و گازی ژەهراوی زیاتر دەردەدەن، كەزۆربەی نەخۆشیەكانی شێرپەنجەو سیەكان و پێست، لەمڕۆدا، سەرچاوەی ژینگەی پیس بووە.
بەریتانیا، هەرچواردەوری بەئاو دەور دراوە، بەڵام زۆربەی ماڵەكان چەند بەرمیلێكیان ڕەبت كردوە كەئاوی بارانی سەربانەكانی تێدا كۆدەكەنەوە، بۆ شۆردنی سەیارەو ئاودانی باخچەی ماڵەوە، چونكە ئاو بەپارەیەو تەنانەت پارەی ئاوەڕۆی پیس بووی ماڵانیش دەبێ بدەی بەكەرتی ئاو.
لای خۆشمان بەنوێژی نیوەڕۆ تەماتە فرۆش و ماست فرۆش، ١٥بۆ ٢٠ گڵۆپی سەدی واتی پێكردوە. لەكاتێكدا هیچ گڵۆپێكی ووڵاتانی ئەوروپیی لە٦وات، تێەپەڕ ناكات. لەی تاكی كورد كێشەی ئاوو كارەباو غاز نیە، بەڵكو كێشە لەچۆنیەتی بەكار هێنانی دایە.
بەداخەوە بەشێك لەمێدیاش بۆ جۆشدانی هەست و سۆزی تاك هانی خەڵكی دەدەن بۆ دووركەوتنەوە لەگرینگی دانی خەڵك بەژینگە. گاڵتەو گەپ، بەڕێنمایەكانی كەمتر بەكارهێنانی ئاو و كارەباو سوتەمەنییەوە دەكەن.
لەكاتێكدا لەو بەریتانیایە عەزیمەی جیهان، كاتێك مانگانە بڕی پارەی ئاو و غازو كارەبات بۆ دێتەوە، هەرچەندە سودی كۆمپانیاكانە، كەتۆ زۆرتر بەكاری بهێنی لەڕووی مادیەوە، بەڵام ئەوان ڕێنمای دەنێرن، كەكاتێك خواردن دەكوڵێنی سەری مەنجەڵەكەت دابخە، بۆ ئەوەی زوو بكوڵێ و كەمتر پارەت بۆ بێتەوەو ژینگە كەمتر پیس بێت. یان ژمارەی جل شۆردنەكان كەمتر بكەوە، واتە هەفتەی یەك جار جل شۆر بەكاربهێنە. یان كاتێك گەرماو بەكار دەهێنی، یان ددانەكانت دەشۆی، هەوڵبدە زوو لێبیتەوەو كەمتر ئاو بەفیڕۆبدەی. هەموو ئەو ڕێنمایانە بۆ پاك ڕاگرتنی ژینگەیە.
ئەمڕۆ زۆربەی مامەڵەكانی میریی و نامیری بە ئۆنلاین بەڕێوە دەبرێ، بۆ ئەوەی بەكەمترین كات و كەمترین خەرجیی و كەمترین بەكارهێنانی هاتوچۆو كاغەزو مەرەكەب، كارەكان ڕای بكرێن. لای ئێمەش هێشتا خاوەنی دەیان زانكۆو قوتابخانەو كۆلێج ین كەچی هێشتا مامۆستای زانكۆ، دەبێ بچێتە لای عەریزەنوس تائەو ڕێنمای بكات و ڕێوشوێنی چۆنیەتی ڕایكردنی مامەڵەكانی نیشان بدات!
ناوچەیەكی وەك هەرێم كەخاوەنی بیرمەندو ئەندازیاری لێهاتوو بەرپرسی خەم خۆر بوایایە، تەنها بە ووزەی خۆرو با، دەیتوانی ووزەی پاك و دۆستی ژێنگە دەستەبەر بكات بۆ كارەبا، بەزیادیشەوە.
پاك ڕاگرتنی ژینگە پێویستی بەهۆشیاری تاكەوەیەوە، ئەگەر هەریەكەوە لەئاستی خۆیەوە دەست پێنەكات و لەماڵ و گەڕەك و ناوچەكەی خۆیەوە قۆڵی لێ هەڵ نەماڵێ، ئەستەمە ئەو ئەركە بەچەند كارمەندێكی دەوڵەت بكرێ.
لەئەوروپا، هەفتەی یەك ڕۆژ شارەوانی خۆڵ و خاشاك كۆ دەكاتەوە، ئەویش هەر هەفتەیەی بۆ جۆرە خاشاكێكە. هەفتەیەك تەنها ماددەكانی پلاستیك و شوشەو تەنەكە، هەفتەیەكی دیكە، بۆ كارتۆن و ماددەكانی لەكاغەزدروستكراو، هەفتەی داهاتوو، بۆ جۆرە جیاوازەكانی پاشماوەی خواردنەكان. هەموو ئەمانەش دەبێ لەبەرمیلی خۆڵەكەت دەبێ و لەپلاستیكی ڕەشت هاویشتبێ. خۆشت لەبەر دەرگا دایدەنێت. مانگانەش پارەی شارەوانی كەمتر نیە لە١٠٠پاوەند بۆ ٢٠٠ پاوەند بەپێی ژمارەی نیشتەجێبوانی خانوەكە دیاری دەكرێ. نەك وەك لای خۆمان كەبەداخەوە بەشێك لەخەڵكی سوكایەتیش بەژینگە پارێزەكان دەكەن و هیچ دەربەستی پاك و خاوێن ڕاگرتنی دەوروبەر نین.
سەرچاوە: ئێستا نیوز