بۆچی پێویستە دەستڕۆیشتووەکانی هەرێم دادگایی بکرێن؟

حەمە ڕەشید

 

 

کارێکی ئەستەمە ئەم هەرێمە بکەوێتە سەر ڕێچکە دروستەکەی خۆی و لە داروخان ڕزگاری بێت، گەر لە سیستەمە حوکمڕانییەکەی ئێستای ڕزگارمان نەبێت و سیستمێکی نوێی حوکمڕانی جێگەی نەگرێتەوە و لانیکەمی دادوەری کۆمەڵایەتیش پایەدار نەکرێت،پێموایە یەکێک لە پایە هەرە سەرەکییەکانی دادوەری کۆمەڵایەتیش دادگایی کردنی ئەو کەسانەیە کە دۆخی هەرێم و هاوڵاتییەکانی گەیاند بەم ڕۆژگارەی ئێستای، ئەوانەی بە خاتری مانەوەیان لە دەسەڵات هەموو شێوازێکی حوکمڕانی ناڕەوایان گرتەبەر و دەیگرنەبەر بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان بکەن. ڕەنگە لە ئێستادا مەترسییەکی گەورە لەسەر داڕوخانی خودی قەوارەکە نەبێت کە هیچ کەسێک ئارەزووی ناکات، بەوانەشەوە کە ڕقێکی زۆریان لە دەسەڵاتدارەکانی هەیە، بەڵام هەر پێویستە لە داتەپین و هەرەسهێنانی ئابوری و کولتوری و ئاکارییەکەی ڕزگاری بێت کە خۆی لە خۆیدا پارێزگاری لە مانەوەی قەوارەی هەرێمیش دەکات، بۆیە بەلانیکەوە دەبێ دەستڕۆیشتووەکان لەسەر چەند کەیسێک دادگایی بکرین، هەروەها بە هیوام پۆلێک لە پارێزەرانی بە توانا ئەو کەیسانە بگرنە ئەستۆ، لەوەش گرنگتر پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم پشتگیری لەو مافە ڕەوایانەی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی خۆیان و هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان لەم ماڵ وێرانییە ڕزگار بکەن، ئەو کەیسانەش بە کورتی بریتین لە:
دادگایی کردنیان لەسەر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، هەموو دەزانین خەڵکی کوردستان لە دوای یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێم، چ ئومێدێکیان بە ئایندەیەکی گەش و لە گۆڕنانی داگیرکاریی و پایەدار کردنی لانیکەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبوو، ئەمە ئەگەر ئاواتی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەبەرچاوبگرین، ئینجا دەزانین، ئەو دەستڕۆیشتوانە چ ستەمێکیان دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کردووە.
دادگایی کردنیان لەسەر بێسەروشوێنکردنی دەیان کەس، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانیکیان کردبێت، جگە لەوەی گوزارشتیان لە دیدێکی جیاواز کردووە، یا ئەوانەی لە شەڕی ناوخۆدا بە دیل گیراون و پاشان بێسەروشوێن کران.
دادگایی کردنی ئەوانەی ئازادی بیڕوڕایان بەرتەسک کردۆتەوە، چەندین کەسایەتی و خاوەن بیڕوڕای جیاواز و ڕۆژنامەنووسیان بەناهەق تیرۆر کردووە.
دادگایی کردنی ئەوانەی بە پاساوی بێناوەڕۆک و بە مەبەستی لاواز کردنی ڕکابەرەکەیان دەستی سوپای داگیرکارانیان (عێراقی بەعس، تورکیا و ئێران) هێنایە سەر خاکی هەرێم و زیانێکی زۆریان بە خاکی هەرێم گەیاند و چەندین ناوچەیان بە دانیشتوانەکەی چۆڵ کرد و بە دەیان کەسیش گیانیان لە دەستدا، یا کەم ئەندام بوون.
دادگایی کردنی ئەوانەی بەبێ هیچ خوێندنەوەیەکی دروست بۆ دۆخی کوردستان، سیاسەتێکی شکستخواردووی ئابوری سەربەخۆیان گرتەبەر و ناوەڕۆکی تەواوی گرێبەستەکانیشیان لە خەڵکی و دامەزراوەکانی حکومەت شاردۆتەوە، ئەمە ئەگەر هەر لە بنەڕەتەوە هیچ گرێبەستێک هەبووبێت کە لە ڕێگەیەوە سامانی وڵاتیان هەرزانفرۆش کرد و پێگەی هەرێمیان لاواز کرد و خەڵکەکەشیان برسی کرد.
دادگایی کردنی ئەوانەی بەبێ هیچ پاساوێکی لۆجیکی، جگە لە شاردنەوەی شکستەکەیان، بە ناوی پاشەکەوتەوە، دەستیان برد بۆ قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئاوەدان کردنەوەی هەرێمیشیان بۆ چەندین دەیە دواخست.
دادگایی کردنی ئەندازیار و سەرانی ڕیفڕاندۆم، ئەوانەی گوێیان لە وتە و ئامۆژگاری وڵاتان و کەسە دڵسۆزەکانی دەرەوە و ناوەوە نەگرت و هاوڵاتیانی هەرێمیان توشی نەهامەتی کرد، بە تایبەتی هاوڵاتیانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم.
دادگایی کردنی ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، شکستێکی ئابرووبەرانەیان هێنا و بوونە مایەی ئاوارەبوونی هەزاران کەس و کوشتنی سەدانی دیکە.
دادگایی کردنی ئەوانەی بەبێ هیچ پێشینەیەک بوون بە ملیاردێر و ملیۆنێر.
دواجار داواکارم کەمپینێکی شایستە بکرێت بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتووەکانی هەرێم دادگایی بکرێن و هەرێمیش لە هەرەسهێنان ڕزگاری بێت.

 

سەرچاوە:  شارپرێس