ئه‌و رۆمانانه‌ی ئیشیگورۆ ده‌یاننووسێت به قووڵی له خه‌ون ده‌چن. كاره‌كته‌ره‌كانی واقیعی نین، به‌ڵام دێمهنهكانی وا هه‌ژێنه‌ر دنیا پیشانده‌ده‌ن كه دوای ئه‌وه هه‌موو شتێك نائاسایی دێته‌به‌رچاو. مارگرێت ئه‌توود و چوار نووسه‌ری تر، به بۆنه‌ی دوا رۆمانی ئیشیگورۆوه، هه‌ر یه‌كه‌یان ئازیزترین رۆمانیان له‌ناو به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌ڵبژاردووه و له‌باره‌یه‌وه له (The Guardian) نووسیویانه كه لێره‌دا به دوو به‌ش ده‌یخوێنینه‌وه:
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
«هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم» رۆمانه ئازیزه‌كه‌ی مارگرێت ئه‌توود:
رۆمانه‌كانی ئیشیگورۆ هیچ كاتێك باسی یه‌ك بابه‌ت ناكه‌ن كه به رووكه‌ش نیشانی ده‌ده‌ن و رۆمانی «هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم» له‌م رێسایه به‌ده‌ر نییه. گێڕه‌ره‌وه‌ی رۆمانه‌كه «كه‌تی ئێچ» له رۆژانی خوێندكاریی خۆی ده‌كۆڵێته‌وه له‌و رێكخراوانه‌دا به ناوی «هیلشم» كه به‌ڕووكه‌ش دڵگیربوون. ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه به ئامانجی دابینكردنی ئه‌ندام بۆ كه‌سانی «نۆرماڵ» سه‌رقاڵی په‌روه‌رده‌كردنی مناڵن بۆ لاساییكردنه‌وه (Simulation). ئه‌م مناڵانه دایك و باوكیان نییه و ناشتوانن مناڵیان ببێت. ئه‌مانه دوای باڵغبوون وه‌كو په‌رستار خزمه‌تی ئه‌و مناڵانه ده‌كه‌ن كه گه‌یشتوونه‌ته قۆناغی باڵغبوون و پاشان په‌رستاره‌كانیش باڵغ ده‌بن.
ئه‌م چالاكیانه له‌ناو گورزه‌یه‌ك گوزارشتی باش‌دا پێچراونه‌ته‌وه: دنیای ده‌ره‌وه سووره له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی، به‌ڵام نایه‌وێت دان به بێڕهحمیدا بنێت. هه‌ر ناڕه‌زاییه‌ك كه سه‌روه‌ختێ له ئارادابووه ئێستا نه‌ماوه و هه‌لومه‌رجی ئێستا هه‌م خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان هه‌م قوربانییه‌كان به ئاسایی ده‌بینن. هه‌روه‌كو زه‌مانێ كۆیلایه‌تیش وابوو.
«كه‌تی ئێچ» باسی نادادپه‌روه‌ریی چاره‌نووسی ناكات. به‌ڵكو زیاتر باسی په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی ده‌كات. په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ «باشترین هاوڕێی خۆی» و «روس»ی ئاغا سیفه‌ت و ئه‌و كوڕه‌ی حه‌زی لێیه‌تی، تۆمی ئازیز. ئیشیگورۆ ریتمێكی جوانی هه‌یه: «كه‌تی» هه‌میشه وه‌كو كیژۆڵه‌یه‌ك قسه ده‌كات هه‌ر جۆره شه‌یداییه‌كی راگوزه‌ر، گوێپێنه‌دان، دروستكردنی داروده‌سته و مقۆ مقۆی خێرا تۆمار ده‌كات. هه‌موو ئه‌م شتانه بۆ كه‌سێك كه له ده‌فته‌ری یاده‌وه‌ریی لاوی‌دا تۆماری ده‌كات ئاساییه.
له‌م نێوانه‌دا، «كه‌تی» چه‌ند مهتهڵۆكهیهك شیده‌كاته‌وه. بۆچی ئه‌وه‌نده گرنگه ئه‌و مناڵانه فێری ره‌سم بن؟ ئه‌گه‌ر بڕیاره به لاوی بمرن، بۆچی ده‌بێت بچنه قوتابخانه. ئایا ئه‌مانه مرۆڤن یان نا؟ لێره‌دا دوو دیمه‌نی ترسناك ده‌گێڕدرێنه‌وه: مناڵانی ئۆردوگای بێگاری «ترزینشتات» كه ره‌سم ده‌كه‌ن، مناڵانی ژاپۆنی كه له ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی تیشكی ئه‌تۆمی به‌ره‌وڕووی مردن بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام باڵنده‌ی كاغه‌زی دروست ده‌كه‌ن.
هونه‌ر بۆچییه؟ ئه‌م كاره‌كته‌رانه ده‌پرسن. ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هونه‌ر ده‌بێت له خزمه‌تی ئامانجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆشندا بێت له زه‌مانی ئه‌فلاتونه‌وه له ئارادا بووه و له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا كامڵ بووە. هونه‌ر له رۆمانی «هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم»دا ئامانجێكی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ئامانجه نییه كه كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له رەگەزەکانی بوونی «هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم» شێوازی فۆرمه‌ڵه‌بوونی گروپی خۆییه له گروپه بێگانه‌كانه‌وه: كه‌سانی په‌راوێزخراو خۆیان له تۆمه‌تی په‌راوێزخستنیان به‌ده‌ستی خۆیان بێبه‌ری ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له خۆبه‌خشان، ته‌نانه‌ت له كاتی مردنیشیاندا، گروپێكی شانازیی و بێڕه‌حم دروست ده‌كه‌ن، جگه‌له «كه‌تی ئێچ» كه به‌ڕاستی ناتوانێت تێبگات، بۆچی هه‌تا ئێستا نه‌بووه به خۆبه‌خش.
رەگەزێكی دیكه‌ی رۆمانی «هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم» ئه‌وه‌یه ئێمه بۆ گره‌نتی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی خۆمان روو له خواردنی گۆشتی مرۆڤ ده‌كه‌ین. مناڵه‌كان قوربانین له ره‌گه‌زی مرۆڤن، كه له قوربانیخانهی سه‌لامه‌تی گشتیی كۆمه‌ڵگا پێشكه‌ش ده‌كرێن. بێمهیلی «كه‌تی ئێچ» و هاوڕێكانی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی چاوه‌ڕوانیان ده‌كات «ئازار، بڕینی ئه‌ندام و مردن» ده‌توانێت روونكردنه‌وه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌و وه‌سفانه‌ی «كه‌تی» سه‌باره‌ت به ژیانی ده‌یكات كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر خاوه‌نی به‌ده‌ن نییه، یانی بەدەنی هەرنییە، له‌م رۆمانه‌دا كه‌سێك زۆر ناخوات، كه‌س بۆنی عه‌تر ناكات، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی سێكسیش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر له هه‌ست داماڵراوه. به‌ڵام دیمه‌نه‌كان، بیناكان و كه‌شوهه‌وا زۆر له‌به‌رده‌ستدان. ده‌ڵێی «كه‌تی» به‌شێكی زۆری هه‌ست و هۆشی خۆی بۆ ئه‌و شتانه ته‌رخان كردووه كه له به‌ده‌نی جیابوونه‌ته‌وه و به‌م پێیه ئه‌گه‌ری برینداربوونیان كه‌مه.
له كۆتاییدا، ئه‌م رۆمانه له‌باره‌ی ئاره‌زووی ئێمه‌وه بۆ سه‌ركه‌وتن له ئیش و كاردا قسه ده‌كات. ئه‌و ئاره‌زووه زۆره‌ی لای مناڵان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی «په‌رستارێكی باش» و پاشان «خۆبه‌خشێكی باش»بن ره‌حم و به‌زه‌یی ده‌جووڵێنێت. هه‌ر ئه‌م ئاره‌زووه‌یه كه وایان لێده‌كات پابه‌ندی قهفهزهكانیان بن. هیچ كام له‌مانه بیر له هه‌ڵاتن و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له كۆمه‌ڵگای «نۆرماڵ» ناكه‌نه‌وه. له دنیای ئیشیگورۆدا، هاوشێوه‌ی دنیای ئێمه، خه‌ڵك زیاتر ئیشێك ده‌كه‌ن كه پێیان ده‌گوترێت بیكه‌ن.
به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، دوو زاراوه زۆر دووباره ده‌بنه‌وه، یه‌كێكیان زاراوه‌ی «نۆرماڵ» ه و ئه‌وی تریان «بڕیاربوو»ه (Supposed) بۆ نموونه له رسته‌ی كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا ده‌یخوێنینه‌وه: «... بۆ هه‌ر جێگایه‌ك كه بڕیاربوو بڕۆم.» «نۆرماڵ» كێ ده‌ستنیشانی ده‌كات؟ كێ پێمان ده‌ڵێت بڕیاره بۆ كوێ بچین؟ ئه‌م پرسیارانه هه‌میشه له‌گه‌ڵمانن و له‌كاتی پێكاداندا ده‌بنه چاره‌نووسساز.
كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانی «هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم» ئه‌فسانه‌یی نین. كۆتایی رۆمانه‌كه‌ش ئارام به‌خش نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م شاكاره به ده‌ستی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ستڕه‌نگین نووسراوه كه بابه‌تێكی ئاڵۆزی هه‌ڵبژاردووه: وێنه‌ی ته‌ڵخی خۆمانه له‌ودیو شووشه‌وه.
«زه‌به‌لاحی نێژراو» رۆمانه ئازیزه‌كه‌ی ئیان رانكین
ئیشیگورۆ له ساڵی «2005»دا به رۆمانی «هه‌رگیز مه‌یه‌ڵه بڕۆم»، كه رۆمانێكه سه‌باره‌ت به ئاكاره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی جینی و به تایبه‌تی لاساییكردنه‌وه، ئه‌وه‌ی نیشاندا كه زۆری حه‌زی له به‌ره‌نگارییه له به‌رامبه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی بیر و هه‌ستدا. خوێنه‌رانی ده‌بوو (10) ساڵی تر چاوه‌ڕێیان بكردایه هه‌تا رۆمانێكی دیكه‌ی چاپ ده‌بێت، رۆمانێكی فه‌نتازی عه‌یار بیست و چوار سه‌باره‌ت به سه‌فه‌رێكی پڕ به‌سه‌رهات بۆ كوشتنی زه‌به‌لاحێكی ترسناك. رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه له عه‌سرێكی تاریكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا رووده‌ده‌ن، قۆناغی پاش مردنی پاشا «ئارسه‌ر»ه كه به‌ریتانیا پڕه له پاڵه‌وان و جادووگه‌ر و ته‌لیسم و شمشێر وه‌شاندن. چیرۆكی رۆمانه‌كه به ژن و مێردێك به ناوی «ئه‌كسل و بیاتریس» ده‌ستپێده‌كات، كه له باشترین حاڵه‌تدا یاده‌وه‌رییه‌كی درێژی زۆر لاوازیان هه‌یه، وه‌كو هه‌موو خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری خۆیان. به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌ن سه‌روه‌ختێ كوڕێكیان هه‌بووه و سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بیدۆزنه‌وه. له رێگه‌ی سهفهرهكهیاندا رووبه‌ڕووی «ساكسۆن»ێكی قاره‌مان ده‌بنه‌وه به ناوی «ویستان، له‌گه‌ڵ سێر گاڤین» كه به «شاسواری سه‌وز» به‌ناوبانگه. گاڤین له‌باره‌ی پاشا ئارسه‌ر و كوشتنی ساكسۆنهكانەوە به ده‌ستی خۆی قسه‌یان ده‌كات. له‌م نێوانه‌دا «ویستان» سه‌فه‌ری پڕ سه‌ركێشی خۆی ده‌ستپێكردووه، ئه‌ركی ئه‌وه‌یه ئه‌ژدیهایه‌ك به ناوی «كویریگ» بدۆزێته‌وه و بیكوژێت.
هیچ خاڵێكی ناجدی یان پۆست‌مۆدێرن له‌م ئیشه‌دا نییه. ئیشیگورۆ مه‌به‌ستی نییه داستانێكی فه‌نتازی بخوڵقێنێته‌وه. وادیاره ئیشیگورۆ به‌ڕاستی حه‌زی له فۆرمه و «زه‌به‌لاحی نێژراو»یش جوامێرانه هه‌م له‌گه‌ڵ خوێنه‌ران و هه‌م له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌كاندا یاریی ده‌كات. من ئیشیگورۆم خۆشده‌وێت، نه‌ك چیرۆكی خه‌یاڵی زانستی، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سه‌رنجم راده‌كێشێت، به ره‌سمكردنی دنیایه‌كی رۆشن و پڕكردنی له‌و كاره‌كته‌رانه‌ی خۆشمده‌ویستن و حه‌زمده‌كرد له به‌سه‌رهاته باش و خراپه‌كانیاندا به دوایاندا بچم. ئیشیگورۆ ناتوانێت رسته‌ی بێزاركه‌ر بنووسێت. هه‌روه‌ها هه‌ستێكی قووڵی هاوسۆزیی هه‌یه و به‌رهه‌می كاره‌كه‌شی رۆمانێكه ده‌رباره‌ی عه‌شقێكی هه‌میشه‌یی و په‌یوه‌ندی مرۆڤدۆستانه. دنیای «ئه‌كسل و بیاتریس» دنیایه‌كه تیایدا له‌وانه‌یه شته له‌بیركراوه‌كان هێنده‌ی شته له‌بیرنه‌كراوه‌كان گرنگ و ژیانی بن. ئاشتی له نێوان هۆزی بریتۆنهكان و ساكسۆنهكاندا، كه سه‌روه‌ختێ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا له‌شه‌ڕدابوون، په‌یوه‌سته به ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئهژدیهاكهوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه به‌كۆمه‌ڵه‌ی سڕاوه‌ته‌وه بگه‌ڕێته‌وه، له‌وانه‌یه ناكۆكی و خوێنڕشتنێكی تازه له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.
منیش رۆژی پێنجی مارتی «2015» سه‌فه‌ری پڕ سه‌ركێشی خۆمم ده‌ستپێكرد. ریزی به‌رده‌مم به‌شێوه‌یه‌كی نیگهرانیكهر دوورودرێژ ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام من له‌و شه‌وه سارده‌دا به‌قایمی له‌ناو ده‌ستمدا نوسخه‌یه‌كی كتێبی «زه‌به‌لاحی نێژراو»م وه‌كو ته‌لیسم گرتبوو. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه هه‌موو بلیته‌كانیان كڕیبوو، چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك پێش ئه‌وه له شانۆی «لایسیوم ئه‌دینبورگ» دانیشتبوون سه‌یری ئیشیگورۆ یان ده‌كرد كه باسی كتێبه تازه‌كه‌ی ده‌كرد. دوای به‌رنامه‌كه، ئیمزای كتێبه‌كه له بینای ئه‌وسه‌ری شه‌قامه‌كه كرا كه هۆڵه‌كانی راهێنان و نووسینگه‌ی ئیشوكاری لایسیومی لێیه. نووسه‌ریان له‌سه‌ر مێزێك له‌سه‌ره‌وه‌ی قادرمه‌كان دانیشاندبوو، له خواره‌وه‌ی قادرمهكانیش ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ری خوێنه‌رانی وه‌كو مار له‌جووڵه‌دا بووین. هه‌رایه‌كی پڕ جۆش و خرۆش له نێوان غهریبهكاندا له ئارادا بوو، من پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه شوێنی مه‌به‌ستم چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كم له كتێبه‌كه خوێندبۆوه. چه‌ند مانگی پێش ئه‌وه له یه‌كێك له به‌رنامه‌كانی «ڤان مۆریسۆن»دا له له‌نده‌ن ئیشیگورۆم دیبوو، له‌به‌رئه‌وه چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك به گه‌رمی گفتوگۆمان كرد. پێم وت ساڵانێكی زۆربوو رۆمانی فهنتازیم نه‌خوێندبۆوه. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به رۆڵی ژن له به‌رهه‌مه‌كانی خۆمدا قسه‌مان كرد. ئه‌و له‌سه‌ر رێنمایی ژنه‌كه‌ی نوسخه‌ی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی له‌لاوه دانابوو، ئه‌مه‌ش یانی ماوەی لەدایکبوونی ئه‌م كتێبه‌ی زۆر زیاتر له كتێبه‌كانی تری درێژه‌ی كێشاوه.
له كاتێكدا به هه‌ست و جووڵه‌ی باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌وه كتێبه‌كه‌ی ئیمزا ده‌كرد، وتی: «هیوادارم به‌لای كه‌مه‌وه ئه‌و به‌هایه‌ی هه‌بێت.»
نزیكه‌ی حه‌فته‌یه‌ك دوای ئه‌وه رۆمانه‌كه‌م ته‌واو كرد و زۆر حه‌زم ده‌كرد بیبینم و سه‌باره‌ت به رۆمانه‌كه قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م. «زه‌به‌لاحی نێژراو» رۆمانێكه پڕه له رووداو له هه‌مانكاتدا پڕه له جوانی. «زه‌به‌لاحی نێژراو» له‌م رۆمانه‌دا له ئهژدیهابوونیدا ته‌نانه‌ت بهقولهپێی ئه‌و تووڕه‌ییه‌ش ناگات كه ده‌توانێت له‌ناكاو یاده‌وه‌ریی مێژوویی سڕاوه بگه‌ڕێنێته‌وه. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا پێمان خۆشه نه‌زانین؟ ئه‌م ناوه‌ڕۆكه له هه‌موو شوێنێك ده‌ستده‌كه‌وێت، له به‌رهه‌مه‌كانی میلان كۆندێراوه بگره هه‌تا فیلمی ماتریكس و دواجاریش له ئه‌ده‌بدا به رۆمانی وه‌كو «خه‌وی دووه‌م»ی «رۆبه‌رت هریس» «كه له ئاینده‌دا رووده‌دات» و رۆمانی «حه‌بی سوور»ی «هاری كهنزرڤ»، « كه له حاڵی حازردا رووده‌دات» شیكراوهتهوه. ئیشیگورۆ به بردنی ناوه‌ڕۆكێكی ئاوا بۆ قۆناغی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و دنیای ئه‌فسانه و جادوو، جوانییه‌كی بێوێنه‌ی پێده‌به‌خشێت.
سەرچاوە : کوردستانی نوێ