بریا د.فوئاد مەعسوم بیرەوەرییەکانی بڵاونەكردایەتەوە

 

 
 

 مامۆستا جەعفەر


بیرۆكەی دامەزراندنی یەكێتی (2)
مام جەلال تا رۆژی 06-03-1975 لە مەكتەبی بەیروتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاری كردووە. عەزیزی شێخ رەزا بەرپرسی ئەو مەكتەبە بووە، ئازاد خۆشناو ( كوڕی شەهید مستەفا خۆشناو) بە سەردان لای مام جەلال دەبێت. 
ئەو رۆژە ئەمریكییەكان لە رێگەی مەكتەبی بەیروتەوە، نامەیەكیان بۆ مەلا مستەفای بارزانی سەرۆكی پ.د.ك. ناردووە. داوایان كردووە: بە زووترین كات ئەو نامەیە بگاتە دەست سەرۆك. ئەوان ( مەكتەبی بەیروت) لەبەرئەوەی نەیانتوانیوە ڤیزای ئێران بەو پەلە پەلە وەربگرن، داوایان لە كاك ئازاد كردووە ئەو نووسراوە بگەیەنێت. ئەو لە ماوەی 24 سەعاتدا دەگاتە ورمێ. لەوێشەوە بۆ لای سەركردایەتی پارتی دەچێت .
كاك ئازاد تا رۆژی  27-03-1975لە كوردسان دەمێنێتەوە. ئەو كاتە د.فوئاد  لە مەكتەبی قاهیرەی پارتی كار دەكات. كاتێك گوێی لە رێككەوتنامەی جەزایر دەبێت، نازانێت چی روویداوە و چارەنووسی شۆڕش چی دەبێت؟ دیارە لە رێگەی شێخ عەزیزەوە دەزانێت، ئازاد خۆشناو گەڕاوەتەوە و دوا دەنگوباسی وڵاتی پێیە. كۆتایی مانگی ئادار دەگاتە بەیروت و لە گەڵ شێخ عەزیز و كاك ئازاد كۆدەبێتەوە. لەوە دەچێت، هەر لەوێ، چاوی بە مام جەلالیش كەوتبێت .

بە گوێرەی نامەیەكی رەوانشاد عادل موراد كە لە رۆژی 20-06-1975نووسراوە، ئازاد خۆشناو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بووە

دوو هەفتە پێشتر، مام جەلال، لە رێگای ئاژانسەكانی هەواڵەوە، دزە بە هەواڵێك بۆ رادیۆ جیهانییە گرنگەكان دەكات، گوایە: ” گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و درێژە بە خەباتی چەكداری دەدات” سەرەتا  مام جەلال پێی باش دەبێت: سەرۆك بارزانی لە رابەرایەتی پارتی و شۆڕش بەردەوام بێت. پارتی دیموكراتی كوردستان - سەركردایەتی كاتی دروست بكرێت. سەرۆك بارزانی وەڵامێكی هاندەری بۆ نانێرێتەوە. مام جەلال وتویەتی: من دەستم بە ئاگری شەڕی براكوژی سووتاوە، جارێكی تر بەبێ لێكتێگەیشتن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا، چەك ناكەمە شانم. 
هەر لەو رۆژانەدا حیلمی عەلی شەریف، ئەندامی پێشووتری پ.د.ك، بۆ چارەسەری نەخۆشی لە بەیروت دەبێت. مام جەلال و حیلمی عەلی شەریف و ئازاد، چەندین جار پێكەوە كۆبوونەوەی سێقۆڵی دەكەن. حیلمی عەلی شەریف و  ئازاد لەسەر ئەوە سوور دەبن: رێكخراوێكی نوێ دروستبكرێت. 
مام جەلال لە ئازاد دەپرسێت: من دوو جار لە قاهیرە فوئاد مەعسومم دیوە، پێت چۆنە قسەی لەگەڵدا بكەین؟
مام جەلال لە ریستۆرانتی (رەوشە) دەعوەتی فوئاد مەعسوم و كاك ئازاد دەكات، باسی پرۆژەی دامەزراندنی هێزێكی سیاسی كوردستانیی نوێی  بۆ دەكات، ئەو رەزامەندی دەرنابڕێت،  دەڵێت: ماوەیەكم دەوێت، بە وردی بیری لێبكەمەوە !
كتێبی بیرەوەرییەکان، بە پێچ و پەنا و لاونیویش ئاماژە بۆ رۆڵی ئازاد خۆشناو ناكات، رەوانشاد عادل مراد و  سیامەند سەمەد مەنجەڵ، لەسەر ئەوە كۆكن كە ئازاد یەكێك لە چالاكترین كەسایەتییە سیاسییەكانی ئەو قۆناغە بووە. 
رۆژی 17-04-1975 مام جەلال سەردانی عەقید موعەمەر قەزافی دەكات، كاك ئازاد لەگەڵ خۆی بۆ لیبیا دەبات، سەفەرەكە دووقۆڵی بووە لەوێ قەزافی بڕیار دەدات: مانگی 150هەزار دۆلاری ئەمریكی یارمەتی بە یەكێتی بدات.
 بیرەوەرییەکانی د.فوئاد لەسەر ئەم قۆناغە ل159-169 ب1 یەكەم بینینی مام جەلال 30-03-1975تا رۆژی 17-12-1975  واتە: كەمتر لە 10 لاپەڕە بۆ ئەم مژارە تەرخان كراوە: داڕشتنەكەی د.فوئاد زۆر لاواز و شپرزەیە، چەند رستەیەكی گشتی رۆتینییە، وێنەیەكی خۆی و د.كەمال فوئاد و دوو لاپەڕەی بەتاڵ.
مام جەلال چەند جارێك پەیوەندیی بە د.كەمال فوئاد  و كاك  نەوشیروانەوە دەكات. سەرەتا د.كەمال بەرچاوی روون نابێت، كاك نەوشیروان تا كۆتایی نۆڤەمبەری 1975  لە كەناری رووباری دانوب بووە. یەكەم : كێشەی پاسپۆرتی هەبووە. دووەم : لەو هەلومەرجەدا حەماسی گەڕانەوەی نەبووە. 
كۆتایی نۆڤەمبەر 1975 مام جەلال، داوا لە كاك ئازاد دەكات سەفەری شاری ڤییەنا بكات. ئازاد 10 رۆژ لای نەوشیروان دەمێنێتەوە تا رۆژی 09-12-1975 هەردووكیان پێكەوە بۆ دیمەشق دەگڕێنەوە .
هەمان رۆژ 09.12.1975 كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی دەكرێت. بە گوێرەی نامەیەكی رەوانشاد عادل موراد كە لە رۆژی 20-06-1975نووسراوە، ئازاد خۆشناو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی بووە، بەشداریی كۆبوونەوەكانی كردووە، لەوێ ئازاد خۆی بە نوێنەری كۆمەڵە داناوە، چونكە لە زۆربەی بەیان و بڵاوکراوەکانی یەكێتیدا: جەخت لەسەر ئەوە كراوە کە یەكێتی سێ باڵە، كەچی لە كۆبوونەوەی رۆژی 09-12-1975 سووربوون لەسەر ئەوە كراوە: دەستەی دامەزرێنەر، هەر ئەندامێك نوێنەری خۆیەتی. لە شاخ پاش 20-07-1977ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی نوێنەری  كۆمەڵە و بزووتنەوە و هێڵی گشتی بوون. كاك ئازاد لەو چركەوە بەشداریی لە  كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەر ناكات، بەڵام وەكو كادرێكی كۆمەڵە و  یەكێتی ماوەتەوە .د.فوئاد ناوی كاك ئازادی لای خۆی سڕیوەتەوە. 
كەسێك بیرەوەری دەنووسێتەوە، دەبێ ئەوپەڕی  بابەتییانە بیربكاتەوە و ئەوپەڕی راستگۆ بێت .
ئەم تێكستەی سەرەوە قسەی كاك ئازادی شەهید مستەفا خۆشناوە، لە دەیان كۆڕ و كۆبوونەوە باسی كردووە. من سەرەتای مانگی نیسانی 2025  سەرلەنوێ بە تەلەفۆن، پاژێك لە بیرەوەرییەکانی د.فوئاد مەعسومم بۆ خوێندەوە، ئەویش بەو كۆمێنتە كورتە وەڵامی دایەوە. خوێنەری ئازیزیش دەتوانێت گێڕانەوەی هەردوولا بەراورد بكات .

 

ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN
ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی

سەرچاوە : کوردستانی نوێ