ڕێکخستنەکانی پ.د.ک بریاری سزادانی مەسرور بارزانی دا..

 

 

د.توانا

 

 

بریاری سزادانی مەسرور بارزانی، میراتگری  دەسەڵاتێکی  پڕ مشتومڕ..

مەسرور بارزانی کوڕەگەورەی مەسعود بارزانی، نەوەی مەلامستەفابارزانی  سەرکردەی خێڵەکی لەمێژینەی  خۆسەپێنی دەسەڵاتی کوردی، لەسەرەتای دەستبەکار بوونی بۆ دونیای بەڕێوەبردنی بنەماڵەوخێڵ خۆی وەک جێگری باوکی بینیەوەکاتێ  مەسعود بارزانی لە جێی خۆی دا نا وەک سەرۆکی دەزگای بەدناوی پاراستن ! کەلەم ساڵانەی دوایدا توانی بەڕێککەوتنە ژێربەژێرە گومانایەکانی لەگەڵ ئاکان فیدان سەرۆکی میتی ترکی توانیان کاریگەری لەسەر نەخشەی سەربازی ناوچەکە دروستبکەن لەبەرژەوەندی خۆیان !

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە لوتکەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وحکومەتی ماوە بەسەرچووی کوردستان نوقمی گۆمی قووڵی کێشەی جیاکردنەوەو دابەشکردندا دەبینرێ.. لەگەڵ دەستبەکاربوونی پۆستی سەرۆک وەزیران زۆر حەزی دەکرد پێ ی بڵێن "براگەورە " بەڵام بەدرێژایی حوکمە بەسەرچوو وەدرێژکراوەکەشی تەنانەت بۆ ساتێکێش نەیتوانی  برابێت..

ئەو هەمیشە وەک سەرۆکی پۆلیس دەیڕوانیە میللەت وکاربەدەستانی دەوڵەت وتەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستانیش..بۆیە هەرزوو فەشەلی هێنا نەک لە بەڵین وپەیمانەکانی، بەڵکو لەپێدانی هەستی برایەتی بەهەڤاڵانی ئەوپارتەی ئەویان گەیاندە ئەوپلەیە .. !

 سەرکردایەتییەکەی  مەسرور بەئاشکرا درێژکراوەی پێگەی باوکی هەروەها سێبەری دەسەڵاتێکیشی بە میرات وەرگرتووە کە بە ململانێ و سەرکوتکردنی نەیاران  و تێکەڵاوی بەرژەوەندی بازرگانی وسیاسی دیاری کراوە، نوێنەرایەتی بەردەوامی میراتێکی پڕپشێوی دەکات.

لە کاتێکدا خۆی وەک سەرکردەیەکی دیدەوان و لاو بەڵێن بۆ داهاتوویەکی باشتر دەبەخشێتەوە ، بەڵام واقیعی حوکمڕانییەکەی و قورسایی کاریگەرییەکانی باوکی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان وێنەیەکی زۆر ئاڵۆزتر و نیگەرانکەرتر پیشانی جەماوەر ئەدەن .

دەستگرتنی بنەماڵەی بارزانی بە سەردەسەڵات لە هەرێمی کوردستان حاشا هەڵنەگرە. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا زاڵ بوون بەسەر سیاسەتی کوردیدا، دوای مەلامستەفا مەسعود بارزانی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و دواتر مەسرور هەنگاوی نا تا بەهەمان شوێن پێڵاوی باوکی تێپەڕێ ،بەڵام ئەم لاوە دیارە هیچی لەدیالێکتی مێژوویی  نەخوێندۆتەوە دەربارەی مێژوو تەنها باوباپیرانی  خۆی وخێڵەکەی شارەزایە ..دیارە ئەم  لاوەتازە پێگەیشتووە "لەپڕێ بووە بەکوڕێ" بۆیە گرنگی وکاریگەری فاکتۆری "کات " ی لەیادکردووە !  

 لەساڵی 1964  دوانزە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن بیریان دەکردەوە کە پشتیانکردە مەلامستەفای باپیرت ..؟

 ئەمڕؤ 2024 چی دەزانی دەربارەی بیرکردنەوە وویست وئارەزوی گەنج ولاوی کورد لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی لاوی هۆشمەندی ئەمڕۆی بادینان؟ ئایا دەتوانن  چیت بەسەردا بهێنن  ؟

  بەهەمان نەفەسی پۆلیسی هەواڵگری بێئاگای لە ئەلف وبێ ی حوکمڕانی. هەرگیز نەتوانیوە  لە چوارچێوەی ئەو کەرەستەی ئەمنیی مشتومڕاویەی پاراستن دەربازببیت . هەر ئەو دامەزراوەیەی کە ئێستا خودی خۆت سەرکردایەتی دەکەیت، لەلایەن زۆر کەسەوە بە "دەزگایەکی ئەمنی پیس" "بەدناو"  ناوزەد کراوە، دامەزراوەیەک کە تۆمەتبار کراوە بەتۆمارکردنی لیستێکی ڕەش لە تیرۆرکردن وسەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و بەردەوامکردنی  مانەوەتان لەخانەی تۆڵەسەندنەوەوپەیڕەوکردنی خولەکانی ترس و هەڵگیرساندنی بڵێسەی دابەشبوون لە نێوان هۆز و خێزان و پارت وکوتلە سیاسییەکان،تاگەیشتە جیاوازی لەناو ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان ،وەک لەدواکۆنگرەدا بینیمان !

ئەمڕۆ لای هەموان وەک ڕۆژی ڕوناک ئاشکرایە ،کەپێدەچێت  مەسرور قورسایی ئەم میراتە لە تۆڕێکی تۆڵەسەندنەوە و ناڕەزایەتییە چارەسەرنەکراوەکانی ڕابردوودا گیری خواردبێت. دوژمنایەتی مێژوویی نێوان عەشیرەت و قەوارە سیاسییەکان لە سەرانسەری کوردستان تەنیا لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا قووڵتر بوونەتەوە. لەبری ئەوەی ڕێگەیەک بۆ ئاشتەوایی خۆش بکات، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بە ڕەتکردنەوەی ڕزگاربوون لەم دوژمنایەتییە چەسپاوانە بووە. برینە کۆنەکان بە کراوەیی ماوەتەوە و برینە نوێیەکان بەردەوامن لەخوێنڕێژی.

شاراوە نییە کە گەلی کورد بەرگەی کڵۆڵی وچەرمەسەری مێژوویی  سەختی زۆر گرتووە، بەڵام هەمیشە شێلگیرانە خەباتی بۆ ئۆتۆنۆمی ویەکسانی و ڕێزگرتن و ئایندەیەکی باشتر بۆنەوەکانی کردووە. لە کاتێکدا زۆرێک هیوایان دەخواست کە سەرکردایەتی مەسروربارزانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەدی بهێنێت، بەڵام لەبری ئەوە لە ٣٢ ساڵی ڕابردوودا حکومەتێکی پڕ لە گەندەڵی و پاوانخوازی و کولتوورێکی بەردەوامی ترسی بەخۆیەوە بینیوە. هەردوو مەسرور و باوکی، مەسعود، کەسایەتیی ئەکتیڤی  چەقی ناوەندی ئەم دیمەنە سیاسییە دۆڕاوە بوون،.

مەسعود بۆ دەیان ساڵە دەستەڵاتی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وحکومەتی ئەم هەرێمەی  بەدەستەوەیە پێش ئەوەی هەنگاو بنێت  بە لایەکدا بەرەو چارەسەر،  کەچی پێدەچێت ڕۆحی دیکتاتۆریەت تەنیا لە باوکەوە بۆ کوڕ گوازرابێتەوە، بارزانیی بچووک ئەیش هەڵگری ڤایرۆسی تاکڕەویەو لە ڕێگەی هێزی باوکەوە بە دەسەڵاتەوە چەسپاوە نەک لە ڕێگەی سەرکردایەتی ڕاستەقینە یان چاکسازییەوە.

بەڵام  چیتر گەلی کورد وئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاست ئەم واقیعانە کوێر نین ، ئێستا ئەوان زیاتر لەیاریەکە تێگەیشتوون و زیاتر هۆشیاری سیاسی و دەنگیان بەرزتر بووە. بۆیە ئەمڕۆ لە کاتێکدا ڕژێمی بارزانی بەردەوامە لە پرۆژەکردنی وێنەیەکی کۆنترۆڵکردن، کپکردن بەزەبری هێز  ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەنگیان بەرز دەبێتەوە. لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، لە چرپە و گفتوگۆی بێدەنگیدا سەرهەڵئەداوهەڵئەقوڵێ ، ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان دەستیانکردووە  بە دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە دیکتاتۆری بچووک ،ئەندامانی ڕێکخستنەکانی پارتی  ڕوبەڕووی مەسرور بووەنەتەوە . دەنگێک لەناو ڕیزەکانی پارتی دیوکراتی کوردستان و دەزگاکانی دەوڵەتەپۆلیسیەکەی مەسرو وەبەبەئاشکرا تر لەناوچەی بادینان دژ بەپەلکێشکردنی جەندرمەی تورکی بۆ کوشتنی براکان وسوتاندنی کوردستان ،وچۆڵکردنی 400گوندی بادینان تەنها بۆ درێژەپێدانی بەرژەوەندی بازرگانی وئەمنی لەگەڵ داگیرکەری تورکی ، لەپێناو دەستکەوتی بێشوماری گومرگی ئیبراهیم خەلیل ،کەلە 1991 مەسعود بارزانی بەچڕنوکی دەست ودانەکانی دەمی هێزی بازووی باوەشی پیاکردووەو ئامادەیە هەموو کوردو کوردستان وپارتەکەی خۆشی بکات بەقوربانی،   هەرئەم دەستکەوتەی ئیبراهیم خەلیلە جێپەنجەی بەئاشکرا لەسەر  کەسایەتیی و گەورەیی مەسعود  بەرزانی دەبینرێ و هێڵی پان وبناغەی سیاسەتی ئەو دیاری دەکات کەئەمڕؤ بەئاشکراو بەڕونی  میراتەکەی بەردەوامە لە هەڵدانی سێبەرێکی ڕەشی مسروربارزانی و دەوڵەتە پۆلیسیەکەی و بەسەرناوچەی بادینان .

ئەوەندەی مەسرور بارزانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە دیدگایەکی بۆ داهاتوو هەیە، ئەوە ڕوونە کە ئەو و پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز مەترسی سزادانیان نەدەکرد بەهۆی لادانێکی زۆر لە دۆخی ئێستا. دەستگرتنیان بە دەسەڵات لە ڕێگەی کردەوەیەکی هاوسەنگکردنی وردەوە دەپارێزرێت- ئارامکردنەوەی بنکەکەیان لەکاتێکدا ئۆپۆزسیۆن دەستەمۆبوون و بێدەنگن، بەکارهێنانی ڕکابەرییە کۆنەکان بۆ پاراستن و کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی ترس بۆ دامرکاندنەوەی هەر بزووتنەوەیەک ،ئەوان بە هەڕەشەی دەزانن  بۆسەر باڵادەستییان . بەڵام خەڵکی کوردستان تا دێت زۆرترماندوودەبن. ئەوان گرنگی فاکتەری کات چاک دەزانن و دان بەوەدا دەنێن کە ئەم شێوازە حوکمڕانییە کە ئێستا تەمەنی زیاتر لە سێ دەیە، ناپایەدارە، ئێکسپایەرەو بەدەردی ئەمڕۆ ناخوات ..

ئەمڕۆ ئەو سەردەمە کە گەل قسەدەکات وە  دکتاتۆرەکان دەبێت بێدەنگبن ..!

دەنگی میللەت نەک لە ڕێگەی ڕاپەڕینە توندوتیژەکانی ڕابردووەوە، بەڵکو لە ڕێگەی فۆرمێکی وردتر و لە هەمان کاتدا بەهێزتر، فۆڕمێک لە بەرخۆدان. ئەوان ئیرادەی خۆیان دووپات دەکەنەوە، داوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتێک دەکەن کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بەسەرچووە ... گۆڕانکاری حەتمییە و لە کاتێکدا بنەماڵەی بارزانیەکان هێشتا بەنجن ،ڕەنگە پێیان وابێت ئەوان دەتوانن کۆنترۆڵی گێڕانەوەکە بکەن، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە دواجار خەڵک  بەنوکی قەڵەمێک بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن... سەردەمی دیکتاتۆریەتکەی چ مەسعود یان مەسرور، نزیکە لە کۆتایی. ئەو ڕۆژە هات هاواری  گەلی کورد بە دەنگێکی نزم هێدی وئارام بەڵام  ڕوون ئاشکراوپڕ ئازار ببیسترێت،

ئەمجارەیان  دەنگی هاژوهوژی ئۆپۆزیسیونی هەرزان فرۆش نیە تا بەپارەو پلەو پۆستێک  بیکڕن،..

ئەمجارە دەنگی بیرمەندێ نیە لەدورەوە تاهەڕەشەی چوارپەل بڕینەوەی لێبکەن..

ئەمجارە  نووسەرێکی خاوەن  قەڵەمی کوردی عاشقی  خۆشەویستی ڕاستەقینەی نیشتمان نیە ،قەڵەمەکە تیرۆربکەن  وتێزاب بکەن بەقوڕگیداو تەرمەکەی دورلە زێدی خۆی بێناز فڕێدەن ...

ئەم ڕەشەبایەی ئەمڕۆ هەڵیکردووە لەپەناگوێ ی خۆت وباوکتایە ، دەنگی زەنگێکە لەناو کادیرانی هۆشیاری پارتی دیموکراتی کوردستان ،وانەیەکتان فێردەکەن بۆنەوەکانتان ببێتە پەند..

ئەمەی ئەمڕۆ بڕیاری سزادانە دەنگی  تؤڵەسەندنەوەیە لەبنەماڵەیەکی لووتبەرز کەبۆبەرژەوەندی خۆیان  سڵناکەنەوە لە گرتنەبەری هیچکام لە ڕێگاکان..!

پەلکێشکردنی یەک بەدوای یەکی داگیرکەرانی خاکی نیشتمان  بۆکوشتنی براکان..

چونکەئێوە فێرن،  بەسەرجەم پلانە داگیرکاریەکانی تورک ڕازین .. بەفیتی تورکی هەڵدەسوڕێن  ودەست بەسنگەوە دەچەمێنەوە وکڕنوش دەبەن بۆ سوڵتان ..

هەتائەگەر ئەمجارە کاربگاتە سوتاندن ولەباربردنی ئەم ئەزمونە و ئاشبەتاڵ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان..