بایەخی رۆشنبیری بۆ ژنان

 

 دڵسۆز رەسوڵ

رۆشنبیری و مەعریفە بۆ هەرتاكێكی کۆمەڵگە بایەخ و گرنگی خۆی هەیە و كاریگەریی لەسەر رۆڵ و پێگەی خاوەنەكەی دەبێت و سەنگ و قورسایی پێدەبەخشێت لە کۆمەڵگە و ئەو ناوەندەی كاری تێدا دەكات، بەڵام بایەخی رۆشنبیریی بۆ ژنان زۆر زیاتر و تایبەتترە و گرنگییەكەی تەواو جیاوازە.
رۆشنبیری بۆ ژنان واتا دانانی بناغەی خێزانێكی رووناكبیر و خاوەن مەعریفە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئاخر ژن وەك كارەكتەری كاریگەری خێزان رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەیە لە پێگەیاندن و پەروەردەكردنی منداڵ و تاكەكانی خێزاندا، ئەگەر ژن رووناکبیر بوو، ئەوا تاكێكی هۆشیار لە خێزانەوە پێدەگەیەنێت و دەبێتە مایەی ئەوەی تاكی بە ئاگا و خاوەن دیدگای روون و ئازاد پێشكەشی کۆمەڵگە بكات، بەمەش دەبێتە بونیادنەرێكی گرنگ و یەكەم بەردی بناغەی کۆمەڵگەیەكی هۆشیار دادەنێت، ژنی رۆشنبیر مرۆڤێك پێشكەشی کۆمەڵگە دەكات ئەرك و مافەكانی خۆی بناسێت و رازی نەبێت بەوەی بەرامبەرەكەی بچەوسێنێتەوە یان چەوسانەوە قبووڵ بكات، بەڵكو بەوپەڕی متمانەوە پێگەی خۆی دەزانێت و وەك مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ دەوروبەری دەكات.
لە وێستگەیەكی تردا رۆشنبیریی و هۆشیاری بۆ ژنان دەبێتە مایەی هاتنە ئارای کۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و بونیادنراو لەسەر بنەمای یەكسانی و دادپەروەری، هەركات ژنانی خاوەن رۆشنبیری و هۆشیار لە کۆمەڵگەدا ژمارەیان زۆربوو دۆخێك دێتە كایەوە سوود لە توانا و لێهاتووییەكانی ژنانیش وەربگیرێت و لەكایەكانی کۆمەڵگەدا رۆڵیان پێبدرێت، لە بوارە جیاوازەكاندا غایب نەبن بەڵكو رۆڵی كاریگەر و بەهێزی خۆیان ببینن. 
بۆ نموونە لەو کۆمەڵگەیەی ژنان تیایدا هۆشیارن، بەشدارییەكی كارا و كاریگەری ژنان دروستدەبێت لەكایەی سیاسیدا و وادەكات رۆڵ و كاریگەریی گەورەیان هەبێت لە كایەی سیاسیدا، پۆستە جیاوازەكانی وڵات بەر ژنانیش بكەوێت و تیایاندا تەنها رواڵەتی نەبن، بەڵكو رۆڵی راستەقینە و پێگەی كردارییان هەبێت.
لە کۆمەڵگەی خاوەن ژنی رۆشنبیردا توندوتیژی جێندەری كەم دەبێتەوە و دەرفەتی باڵاكردنی مافەكانی مرۆڤ و بەرقەراربوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەڕەخسێت، بەرزی ئاستی رۆشنبیری یارمەتی ژنان دەدات بۆ ئەوەی توانای چارەسەركردنی كێشەكانیان هەبێت و بتوانن بەسەر گرفتەكاندا زاڵ ببن، رێگە نەدەن گرفتە خێزانییەكانیان گەورە ببن و ببنە مایەی هەڵوەشانەوەی خێزان، بەڵكو ژنی رووناکبیر زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەكاتە سیمای ئاخاوتنی نێوان تاكەكانی خێزان و رێز و خۆشەویستی دەكاتە كاڵای گەشەكردنی خێزان.
لە سەردەمی جەنجاڵی سۆشیال میدیادا، رۆشنبیری و هۆشیاری لە هەموو كات زیاتر بۆ ژنان گرنگە، چونكە ئاستی رۆشنبیری بەرزی ژنان دەبێتە مەشخەڵێك بۆیان بۆئەوەی لە چەوتی و مەترسییەكانی ئەم سەردەمەدا بیان پارێزێت و نەكەونە ئەو داو و تەونانەی لەو تۆڕانەدا بە ئامانجی شكاندنی ژنان دادەنرێن و دەتەنرێن، بەڵكو بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تەكنۆلۆژیا دەكات و دەیكاتە هۆكارێك بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی مەعریفی خۆی و پتەوكردنی پێگەی خۆی لە کۆمەڵگە و لەو ناوەندانەی كاریان تیادا دەكات.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ