مامۆستا یەکێکە لە پایە هەر بنچینەییەکانی هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست. هەر بۆیە گرنگە مامۆستا هەلومەرجی کارکردنی گونجاو و باشی بۆ بڕەخسێنرێت، مووچەی بەرزی بۆ دابین بکرێت، ساڵانە هەلی پەرەپێدانی تواناکانی بۆ مسۆگەر بکرێت، دەستەبەری کۆمەڵایەتیی شایستەی هەبێت، بەشی لە ریفۆرمە گرنگەکانی وەك دابینکردنی زەوی بۆ ژیان هەبێت، رێزی لێ بگیرێت و هتد... مامۆستا مافی خۆیەتی لە کاتی خۆی مووچەی خۆی بێ دواکەوتن و بێ دابڕان وەربگرێت، ئەمانە هەموویان مافی رەوا و بنچینەیی مامۆستایانن.
بەهۆی سیاسەتی هەڵە و گەندەڵیی (32) ساڵەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی و ئابووریی دروست و پتەو، نەتوانراوە بەپێی پێویست مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیکە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی بپارێزرێت. بە پێچەوانەوە، ئێستا هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجێکی دژوار دایە و نادادپەروەری بووەتە سیمایەکی دیاری هەرێمی کوردستان.
ئاخر لە کوێی دونیا رەوا بووە مامۆستا مووچەی هێندە نەبێت یاخود مووچەی وا دوابخرێت کە نەتوانێت ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی مسۆگەر بکات!
لەم هەلومەرجە ناجێگیرەدا، هەموو مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە بوێرانە رەخنە لە حکومەت بگرن و هەڵوێستی خۆیان بە ئاشکرا دەربڕن. لە هەمان کاتدا گرنگە مامۆستایانی بەڕێز رێگەیەك هەڵنەبژێرن منداڵان و قوتابییانی نیشتمانەکەمان ببنە قوربانی. لە زۆر لە وڵاتانی دونیا کاتێك مافی مامۆستایان پێشێل دەکرێت یاخود شایستەکانیان بۆ دابین ناکرێت، بایکۆتی کورتخایەن دەکەن یان خۆپێشاندانەکانیان دەخەنە رۆژانی پشوو یان پاش دەوام، جگە لەوە دەستنیشانکردنی شوێن و رێی خۆپێشاندان گرنگە، هەروەها شێوازەکانی دەربڕینی ناڕەزایی زۆرن و دەستنیشانکردنی رێگەیەکی دروست دەستەبەری سەرکەوتن دەکات. پاڵپشتیی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش بۆ داوا رەواکانی مامۆستایان پێویستە.
ئەم بایکۆتەی ئێستا گیراوەتەبەر کە بریتییە لە مانگرتنی مامۆستایان لە چوون بۆ دەوام و نەکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن، تاکتیکێکی زۆر هەڵەیە. ئێستاش دەرکەوت کە زەرەرمەندی یەکەمی ئەم تاکتیکە هەڵەیە دەسەڵات نییە، بەڵکو قوتابییەکانمانن کە ساڵی خوێندنیان لەدەست دەچێت و ئاستی مەعریفییان نزمتر دەبێت. زیاتر لە نیو ملیۆن قوتابی ئێستا بووەنەتە قوربانیی ئەو تاکتیکە ناتەندروستە. جگە لەوە سەدەها هەزار باوك و دایك ئێستا گیرۆدەی ئەوەن نازانن منداڵەکانیان لە کاتی کارکردنی خۆیان لە کوێ دابنێن.
لای هەمووشمان روونە لە کاتێکدا منداڵان و قوتابیانی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان باجی گەورەی بایکۆت دەدەن و لە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون بێبەش دەبن، منداڵانی زۆر لە بەرپرسەکان لە قوتابخانەی ناحکومیی گرانبەها دەخوێنن و زەرەرمەند نابن تەنانەت گەر مامۆستایان دوو ساڵی دیکەش بایکۆتی قوتابخانەکان بکەن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە مامۆستایانی بەڕێز و بەپەرۆش چاوەڕێ دەکرێت گۆڕینی تاکتیکی خەباتە و کردنەوەی قوتابخانەکانە بەڕووی قوتابییاندا، بۆ ئەوەی منداڵان و قوتابییانمان لەوە زیاتر زەرەرمەند نەبن، گرنگە مامۆستایان هۆشیارتربن لەوەی باجی هەڵەی سیاسییەکان بخەنە ملی قوتابییانمان و، رێگە لە کردنیان بە دەسکەلای لایەنێکی حیزبی بگرن.
خەونی مامۆستایان هەمیشە پێگەیاندنی نەوەی ئاییندە بووە و دەوڵەمەندکردنیانە بە زانست و بەها مرۆییەکان. بایکۆت ئەو خەونە ناهێنێتە دی.
سەرچاوە : ڕووداو