ئەوان گۆڵیان کرد ..!


نوسینی :  حەمە ئەمین پێنجوێنی 

 

• ئەوان پەڕاوی گرێبەستی کۆمەڵایەتیان نووسی وگووتیان: دەستوری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاوامان داڕشت .
• ئێمە سێ ڕەشنووسی دەستورمان نووسی و لە پەرلەمان خوێندنەوەمان بۆ نەکرد .
• ئەوان دەستورەکەیان ژیاری و مۆدرێن و دیموکراسی و مرۆڤدۆستانەیە، کە خوێندمەوە وامزانی  دەستوری کانتۆنەکانی سویسرا دەخوێنمەوە. ئەوان لە دەستوردا کانتۆنەکانیان کردوە بەیەك ئیدارە .!
• ئێمە فیدارلیزمەکەمان کرد وەبە دوو کانتۆن !
• ئەوان لەخوارەوە دەستیان پێ کرد و بناغەیەکی تۆکمە و پتەویان دانا
• ئێمە لە سەرەوە بۆ خوارەوە ،بۆیە خەریکین بکەوینە خوارەوە .!
• ئەوان هەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانیان لەو کاتە کەمەی دەسەڵاتیاندا کرد بەدۆست و هاوپەیمان و هاوسەنگەری شۆڕشی خۆیان .
• ئێمە لە کەرکووك هەموو دەسەڵاتی ئاسایش و ئابووری و سەربازی و کارگێڕیمان بە دەستەوە بوو، نەمان توانی پێك هاتەیەك بۆ ڕۆژی تەنگانە بکەینە دۆستی خۆمان  .
• ئەوان یەك هێزی سوریای دیموکراتیان هەیە خەلافەتی داعشیان لە  ڕەقەیان ثێ ڕووخاند .
• ئێمە دوو هێزی حەفتاو هەشتامان هەیە  .
• ئەوان یەك هێزی ئاسایشیان هەیە ئەمن و ئەمان بەر کەماڵە 
• ئێمە دوو هێزی ئاسایشمان هەیە، بەڵام ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئابووری و جواکی لەمەترسی دایە
• ئەوان شەڕی سێ داگیرکەر دەکەن ( تورکیا  وسوریا ئێران )
• ئێمە کەوڵسووری بەرلەشکرین و چاو ساغیشیان بۆ دەکەین !
• ئەوان بە داهاتی ناوخۆ مووچەیان لە سەداسەد  زیاد کرد و لە کاتی خۆیداو بە بێ پاشەکەوت دەگاتە دەست مووچەخۆران
• ئێمە مووچە پاشەکەوت دەکەین و ناوەناوە دەیدەین
• ئەوان داری گەندەڵیان وشك کرد و بڕیان
• ئێمە بووین بە گەندەڵستان
• ئەوان ژنیان بوون بە سەرکردە و سەرلەشکر و قارەمان، ژنی شەڕوان بوون بە سومبولی ئازایەتی و ئیرادەی پۆڵاین و کۆڵنەدان
• لای ئێمە ژن کران بەڕیکلام و دیکۆری ڕازاندنەوەی شتەکان
• سەرۆکی نەتەوە یەکگرتوەکان لەنامەیەکی تایبەتیدا بۆ پەیەدە و ژنە شەڕوانەکان دەڵێت: ئەو پێشکەوتنەی  ئێوە بە چەند ساڵێکی کەم بۆ ژنتان ڕەخساند، ئێمە بە هەموو نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەمان پێ نەکرا !
• لای ئێمە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بلاسخارت لە دهۆك بە هەموو بەرپرسەکانی گووت: ئەگەر وا ئیدارە بەڕێوە بەرن نامێنن .!
• ئەوان سێ دەوڵەتی داگیرکەر بە چەکی ئابووری و سەربازی و هەواڵگری و (ئاینی) لە دژیاندا دەجەنگن و    ناچەمێننەوە .!
• ئێمە بە پێوەندی دیبلۆماسی و بازرگانی، سەروەتی ژیر زەوی و سەرزەویمان لێ تاڵان دەکەن، بەڵام لە کاتی تەنگانەدا پشتمان تێدەکەن و هەر کاتێ ویستیان ئەمان کەن بەدژی یەکدا .
• ئەوان سێ ساڵ گفتوگۆ و گەنگەشەیان لەسەر دەستورەکەیان کرد، لە کۆتاییدا هەموویان ڕێك کەوتن و بڕیاری ڕەزامەندیان لەسەر دا
• ئەوان لە باخچەی ساوایانەوە هەتا زانکۆ خوێندیان کردبە کوردی و بە زمانی دایك
• ئێمە خوێندنمان کرد بە هی دوو چین منداڵی دەوڵەمەند دەچن  بۆخۆێندنگە ناحوکوومییەکان، کە بەزمانی ئینگلیزی و تورکی دەخوێنن زمانی دایکیان نازانن، منداڵی چینی کەمدە رامەتیش لە خوێندگە حوکوومییەکاندا بە کوردی دەخوێنن و زوو زووش بایکۆتی خوێندنیان پێ دەکرێت
• بە هیوام لە ماوەیەکی کەمدا هەڵبژاردنێك لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکاندا بکرێت و حوکوومەتێکی کارای لێ بەرهەم بێت و جێی ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان بێت.