ئەرێ ئێوە پەرلەمانتاری بە چی تێگەیشتوون؟!

 

 

هیوا سه‌ید سه‌لیم


ساڵی 1991 دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و شکستی دانوستانی رژێمی بەعس و بەرەی کوردستانی، بە مەبەستی درووستکردنی فشار لەسەر دەسەڵاتی ئەوسای بەرەی کوردستانی، رژێمی بەعس رۆژی  ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١  ئیدارەکانی خۆی لە بەشێکی کوردستانی باشور کێشایەوە، بەڵام بوونی بڕیاری پاراستنی نێودەوڵەتی کە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش 688 ناسراوە دەرفەتێکی دایە بەرەی کوردستانی تا بڕیار بدات ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانێک لە سنووری سێ پارێزگای کوردستانی باشور ئەنجام بدات، بۆیە بە یاسای ژمارە یەکی بەرەی کوردستانی لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٩٢ بڕیاری ئەنجامدانی یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درا، کە دواتر ئەو سنوورەی ھەڵبژاردنی گرتەوە ناوی نرا ھەرێمی کوردستان.
 

رۆژی 19/5/1992، یەکەمین پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێو  حەماسەتی خەڵکی کوردستان بەڕێوەچوو، بۆیە رێژەی بەشدرای خەڵک لەو ھەڵبژاردنە گەیشتە سەرووی 98% ، بەڵام بە ھۆی سەپاندنی ڕێژەی 7% لەلایەن حزبە باڵادەستەکانی ئەوسای بەرەی کوردستانی، رێگری لەوەکرا کە بەشی ھەرزۆری حزبەکان بەشداری لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن و پشکی زۆری ئەندامانی ئەو خولە بەر پارتی و یەکێتی کەوتن.
 

شایانی باسە، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان حزبەکان کەسانی بە دەسەڵاتی خۆیان بردە پەرلەمانی کوردستان، ئەگەرچی ئەو کەسانەش ئەزموونی کاری پەرلەمانتاریان نەبوو، بەڵام بە بوونی ئەو جۆرە کەسانە پەرلەمان دەسەڵات و شکۆی خۆی ھەبوو، ھەر ئەو شکۆیە بوو بە ھۆی ئەوەی چەندین جار لە ئاستی بەرزی وڵاتانی وەک ئەمەریکا و ئەوروپا شاند بنێرن بۆ میوانداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە نموونەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کە ئەوسا ئەندامی کۆنگرسی وڵاتەکەی بوو، خاتوو میتران و چەنین کەسایەتی دیکەش.
 

بەڵام دواتر بە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی نەک ھەر نەتوانرا ھەڵبژاردن بۆ خولی دووەم لە کاتی ئاسایی خۆی ئەنجام بدرێ بگرە تەمەنی خولی پەرلەمان لە شوێنێک درێژکرایەوە کە پێ دەوترا مەیدانی ئاژەڵان. ئەمەیان ھەنگاوی یەکەمی لێدان بوو لە شکۆی پەرلەمانی کوردستان کە بەرھەمی خوێن و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بوو.
 

 دوای بە کۆتاھاتنی شەڕی پارتی و یەکێتی و رۆڵی فاکتەری نێودەوڵەتی لە سەپاندنی ئاشتی نێوانیان بە تایبەت رۆڵی خاتوو مادلین ئۆلبرایت، وەزیری ئەوسای ئەمەریکا بۆ نێوەندگیری لە نێوان پارتی و یەکێتی دەرەفتی ئەوەی ڕەخساند تا لە رۆژی  ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردنی دووەم خولی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەگەرچی لەم ھەڵبژاردنە پارتی و یەکێتی پاشەکشەیان کرد لە ناردنی خەڵکی کاریگەر و بەدەسەڵاتی خۆیان بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەو خولەش ھێشتان لەوانی دوای خۆیان باشتر بوو.
 

لە ئێستادا کە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو بووە، ئەوەی سەیرە لە ھەڵبژاردنەدا لاوازی و بێ ئەزموونی کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی ئەم خولەیە لە نێو زۆربەی لیستەکان. بەشیوەیەک کە لە نێو بەربژێرەکان 80% نازانن ئەرکی پەرلەمانتاری چییە و ئەوان بۆ چی دەچن بۆ پەرلەمان؟!،  بگرە حزب کاندیدی کردوون و ئەوانیش بە دوای ھەوای فێنکی پەرلەمان و ئیمتیازە مادەەیەکەوە مەستن.
 

بۆیە ئەگەر خولی پەرلەمانی داھاتووە لە لیستەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵات کەسانی جیاواز لەو بەربژێرە لاوازنە ھەڵبژێرێت ئەوا ئەو گومانەمان دەرەوێتەوە بەوەی پەرلەمان تا دێت بێ دەسەڵات و لاوزتر دەبێ.
 

شایانی باسە، ئەنستیتۆی پەی، کە چاودێری کارەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردۆتە ئەرکی خۆی، لە دوایین ڕاپۆرتیان کە ھەڵسەنگاندنیان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە، زانیاری سەیر و سەمەرەیان سەبارەت بە ئاستی پەرلەمانتارانی ئەو خولە بڵاوکردۆتەوە، بۆ ئەوەی خولی داھاتوو بەدەردی ئەوانی دیکە نەچێت زۆر گرنگە ھەمووان ئەو ڕاپۆرتە بخوێنەوە.
 

لە ڕاپۆرتی ئەو سەنتەرە ھاتووە، پەرلەمانتار ھەبووە لە پێنج ساڵی خولی شەشەمی پەرلەمان تەنیا 3 خولەک قسەی کردووە، 18 پەرلەمناتار کەمتر لە 10 خولەک قسەیان کردووە، 21 پەرلەمانتاریش کەمتر لە کاتژمێرێک قسەیان کردووە.
 

لە ئێستادا کە گوێ لە قسەی بەشێک لە بەربژێرەکان دەگرین و ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی مەعریفی و بەڵێنەکنیان دەگرین تێدەگەین  کە بەشێک لە کاندیدەکان ئەم خولەش پەرلەمانتاری تەنیا لە دیوە ئیمتیازەکەی دەبینن، ئەگینا نەدەبوو زۆربەیان جورئەتی ئەوە بکەن خۆیان کاندید بکەن.

لێرەدا کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان جێگای خۆیەتی بە بیر دەنگدەران بھێندرێتەوە  کە پەرلەمان گەورەترین دامەزراوەی دەرکردنی یاسایە لە ھەرێمی کوردستان، وە دەبێت چاودێری ئەرکەکانی حکومەت بکات و پەسندکردنی بودجەیە لە ئەستۆ بگرێت، ئەوانەی ناتوانن ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن، دەنگیان پی مەدەن.  ئەگەر ئەوان تێنەگەیشتوون پەرلەمان ئەرکی چەندە قورسە،  ئێوە بەدەنگی خۆتان کەسانێک سەرمەخەن کە بێ ئەزمونن و لە ئەلف و بێی کاری پەرلەمانتاری نازانن.

سەرچاوە : سپی میدیا