عەمار عەزیز – نەینەوا
خانمانی رزگاربوی ئێزیدی، قایل نین دەستكاری یاسای رزگاربوان بكرێت و بە "غەدر"ـی دەزانن، دوای ئەوەی پرۆژەیەك بۆ هەمواركردنەوەی رەوانەی پەرلەمانی عیراق كرا.
هەمواركردنەوەی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە ئامادەكراوە و بۆ گۆڕانكاری لە ژمارەیەك ماددە و بڕگەدا، بەڵام هێشتا نەخراوەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە.
شوان محەمەد رۆستەم، جێگری سەرۆكی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەم پرۆژەیەمان لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ هاتووە و لە لیژنەكەماندا گفتوگۆی لەسەر كراوە، بڕیاربوو بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان وەك هەر راستكردنەوەیەكی دیكەی یاساكان، تا خوێندنەوەی یەكەم و دواتر خوێندنەوەی دوەم و ئینجا دەنگی لەسەر بدرێت".
گۆڕانكارییەكانی ئەو یاسایە وەك لە هەموارەكەدا هاتووە؛ پەیوەستن بە فراوانكردنی ئەو ماوە یاساییانەی لە یاساكەدا هەیە تا كەسانی دیكەش لێی سودمەند بن، بۆ نمونە لە یاساكەدا تەنیا زیانلێكەوتوان و رفێنراوانی دوای روداوەكانی 3ـی ئابی 2014 دەگرێتەوە و داواكراوە بگۆڕدرێت و لە 10ـی حوزەیرانی ئەو ساڵەوە هەژماربكرێت.
چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" لە 10ـی حوزەیرانی 2014ـدا دەستیانگرت بەسەر شاری موسڵدا، لە 3ـی ئابی هەمان ساڵیشدا هێرشیانكردە سەر قەزای شنگال و شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند.
"تاكە یاسایە لە بەرژەوەندی ئێزدییەكان دەركراوە، بەڵام هەندێك كەس و لایەن دەیانەوێت ئەوەشمان لێتێكبدەن" حەلا سەفیل، كچە رزگاربوی دەستی داعش بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو پێداگری لەسەر ئەوەدەكات تا پێش 3ـی ئابی 2014 "هیچ كچ و ژنێك لە پێكهاتەكانی تر" نەكەوتونەتە دەستی ئەو رێكخراوە، بۆیە نایانەوێت گۆڕانكاری لە یاساكەدا بكرێت.
حەلا و چەند هاوڕێیەكی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە هاشتاگی "نەخێر بۆ گۆڕینی یاسای رزگاربوان" دەیانەوێت رێگری لە هەمواركردنەوەی یاساكە بكەن.
"لە ئایندەدا چالاكی دیكەمان دەبێت و بابەتەكە دەگەیەنین بە نەتەوە یەكگرتووەكان و لێپرسراوانی عیراق و هەموو جیهان، تا دەستكاری یاساكە نەكرێت، چونكە ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو رزگاربواندا دروستكردووە" بەوتەی حەلا سەفیل.
لە نێو شەش هەزار و 417 رفێنراوانی ئێزدیدا، زیاتر لە سێ هەزار و 548 كەس لە رەگەزی مێ بون و بهپێی ئامارەكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، لە كۆی رفێنراوان تائێستا زیاتر لە سێ هەزار و 500 كەس رزگاركراون.
بەپێی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی كە ساڵی 2019 سەرۆكایەتی كۆمار رەوانەی پەرلەمانی كرد و لە ساڵی 2021ـدا پەسەندكرا، قهرهبوی دارایی و مهعنهوی خانمانی رفێنراو دەكرێتەوە، به ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و دوباره تێكهڵكردنهوهیان به كۆمهڵگە. لە نێویاندا پێدانی موچە، پارچه زهوییەكی نیشتهجێبون یان شوقه.
هەوڵی دەستكاریكردنی یاساكە ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو رزگاربوانی ئێزیدیدا دروستكردووە
حەلا دەڵێت جێبەجێكردنی یاساكە "سستە" و هێشتا بەشێك لە رزگاربوان موچەیان بۆ تەرخاننەكراوە، "پێدانی زەوی و چەند شتێكی تر لەیاسایەكەدا هەن كە هیچیان جێبەجێنەكراوە".
پێشتر ژمارەیەك لە رفێنراوان موچەیان بۆ بڕایەوە و زەوی نیشتەجێبونیش لەچوارچێوەی یاساكەدا تەرخانكراوە تا دابەشبكرێت.
فەیسەل عەفدۆ، چالاكوانی ئێزیدی لە شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەستكاریكردنی یاساكە ستەمێكی ترە بەرانبەر بە ئێزیدییەكان... هێندەی لە تواناماندا بێت بۆ داژیەتیكردنی هەوڵی دەستكاریكردنی ئەنجامی دەدەین".
یاساكە تەنیا بۆ ئێزیدی نییە، بەڵكو هەموو كچان و ژنانی ئێزیدی، توركمان، كریستیان و شەبەك دەگرێتەوە، كە لەلایەن چەكدارانی "داعش"ـەوە رفێنراون و دواتر ئازاد بون یان لە هەڵمەتی كوشتنی ئەو رێكخراوەدا، رزگاریان بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردۆتەوە؛ زیاتر لە هەزار و 300 رفێنراوی توركمان بە تایبەت لە قەزای تەلەعفەر هەن و تەنیا 48 كەسیان ئازادكراون، هەروەها 62 كریستیانی لە سەردەمی داعشدا بێسهروشوێن بوون، بەڵام هیچ ئامارێك دەربارەی رفێنراوانی شەبەك بەردەست نییە.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عیراق لە پێكهاتەی ئێزیدی سورە لەسەر ئەوەی تا پێش 3ـی ئاب هیچ كچ و ژنێك نەكەوتۆتە دەستی داعش، دوای ئەو بەروارەش زۆرترین رفێنراو ئێزیدی بون لەگەڵ ژمارەیەك توركمان، لەكاتێكدا هەوڵدەدرێت بە دەستكاریكردنی یاساكە گۆڕانكاری لە ناوەكەیی و بڕگە و مادەكانی دیكەیدا بكرێت، تا كێشە بۆ سودمەندبوانی ئێزیدی دروستبێت. بەوتەی ناوبراو.
خەلیل بە بە (كەركوك ناو)ـی وت ژمارەیەك پەرلەمانتار و چەند لایەنێك دەیانەوێت گۆڕانكاری لە یاساكەدا بكەن، بە تایبەت گۆڕینی وادەی سودمەندبوان لە 3ـی ئابەوە بكەن بە 10ـی حوزەیران، لەگەڵ زیادكردنی ناوی گروپی دیكە، "لەو ناوانەی دەیانەوێت زیادی بكەن، گروپی واهەن كە بەهیچ شێوەیەك نەكەوتونەتە دەستی داعش، بەڵام ئێمە ئاگاداری هەوڵەكانین و بەهیچ شێوەیەك رێگەنادەین سەربگرێت".
ههر له یاساكهدا كردنهوهی ژمارهیهك ناوهندی دهرونی بۆ چارهسهری رزگاربون، گهڕانهوهی ئهو خانمانهی بههۆی رفاندنیانهوه له خوێندن دابڕاون لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت لە دامهزراندنی تێدایە.
"ئێزیدییەکان زیاتر تێبینییان لەسەر بەروارەكە هەیە كە 3ـی ئاب دانراوە و داوادەكەن وەك خۆی بمێنێتەوە"، بەوتەی شوان محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و قوربانیان، كە دەڵێت لەكاتێكدا بەنیازبون هەموارەكە بەرزبكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام "هەستمان بە نیگەرانیی پەرلەمانتار و کۆمەڵگەی ئێزیدی كرد، بۆیە رامانگرت و بە نیازین لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا دەربارەی پرۆژەكە كۆبونەوە و گفتوگۆ بكەین".
روداوهكانی دهرههق به ئێزیدی لە یاساكەدا وەك تاوانی جینۆساید ناسێنراوە، جەختیكراوەتەوە لە تۆماركردنی سكاڵا دژی ئهنجامدهرانی ئهو تاوانه و 3ـی ئابی ههموو ساڵێكیشی به رۆژی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئهو روداوهكه دیاریكردووه، جگە لەوەی وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە كاربكات بۆ داننان بەو تاوانەدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
سەرچاو : کەرکوک ناو