هیوا حسن
ئەوەی مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە لەعێڕاق و بەتایبەتی لەشاری کەرکوکدا ، هەمووان باش ئەزانین بەپێی دەستوری عێڕاق ، کەرکوک شارێکی جێناکۆکە لەنێوان هەرێم و ناوەند ،واتا ئەم شارە بانگراوێکی پڕ کێشمەکێشی نێوخۆیی و هەرێمایەتی و تەنانەت جیهانیشی هەیە کە بووەتە هۆی ناسەقامگیری بەردەوامی دۆخی شارەکە.
ئێستاش لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا زۆربەی هێزو لایەنە سیاسیەکانی ئەم شارە بەڵێن و وەعدی زۆر گەورە بە خەڵکی ئەم شارە ئەدەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگدەر بۆ لیستەکانیان، پرسیارەکە لێرەوە سەرچاوە ئەگرێ ، ئایا هێزو لایەنە سیاسیەکان ئەتوانن لانی کەمی ئەو پەیمانەی بەخڵکی ئەم شارە ئەدەن جێبەجێی بکەن؟ بەڕای من رەنگە بتوانن چەند پۆستێک بەدەست بێنن یان لەروی خزمەتگوزاریەوە هەندێ پرۆژەی زیاتر جێبەجێ بکەن، یان هەندێ گۆڕانکاری زۆر کەم لەژیانی رۆژانەی خەڵک بکەن،یان ئەگەر کورد بتوانێت پۆستی پارێزگار وەرگرێت رەنگە هەندێ پرۆسەی تەعریب لەشارەکە کەم بکاتەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانن بەڵێنە گەورەکان کە خۆی لەبەدەست هێنانی پێناسەی ئەو شارەیە بۆ یەکێک لەپێکهاتەکان یەکلایی بکەنەوە، یان ئەستەمە پێکهاتەیەک بتوانێ ببێتە خاوەن دەسەڵاتی موتڵەقی ئەو شارە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە ، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە .
سەرەتا ئەبێ پۆلێنی کێشەکانی ئەم شارە بکەین کەخۆی لەدوو خاڵی سەرەکی ئەبینێتەوە
1ـ دۆخی سیاسی
2ـ دۆخی یاسایی
ـ لەروی سیاسیەوە هەموومان باش دەزانین کە کەرکوک بەپێی ئەوەی خاکێکی بەپیت و دەوڵەمەندی هەیە بۆیە هەم ووڵاتە هەرێمایەتیەکان و هەمیش ووڵاتە بڕیاربەدەستەکانی دونیا چاوی تەماحیان بڕیوەتە ئەم شارەو راستەوخۆ ئەجندای سیاسەتی خۆیان لە کەرکوک جێبەجێ ئەکەن ،بۆیە هەرگیز ڕێگا نادەن خەڵکی شارەکە یان دەسەڵاتدارانی عێڕاق خاوەندارێتی ئەم شارە بکەن یان بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەیەک پێناسەی شارەکە بگۆڕن چونکە لەئێستادا ئەوە لەبەرژەوەندی ووڵاتە ئەقلیمی و زلهێزەکاندا نییە لەبەر ئەوەی هاوکێشەکە زۆر لەوە گەورەترە کەبتوانی بەهەڵبژاردن چارەنوس و پێناسەی شارەکە یەکلایی بکەیتەوە، بێ ئەوەی حساب بۆ ڕۆڵی دەرەکی بکەی لەدەستێوەردانی راستەوخۆیان لە دیاریکردنی چارەنوس و داهاتوی شارەکە.
ـ لەروی (یاسایی)شەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق هەمیشە بە بەرنامەو بەچڕی کاریان لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای شارەکەدا کردووە بۆ لاواز بوونی پێکهاتەی کوردو تورکمان و باڵادەست بوونی پێکهاتەی عەرەب ،دیارە بۆ ئەم مەبەستەش سەدان بڕیاری یاساییان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەسەر ئەم شارەدا چەسپاندووە کە تائێستاش نەتوانراوە لەسەدا یەکی ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنرێتەوە لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی عێڕاقەوە، ئەمیش ئەبێتە ڕێگر لەبەردەم هەر هەوڵێک کە ئەنجومەنی داهاتوو بیەوێ گۆڕانکاری جەزری بکات لەدۆسیە چارەنوسسازەکاندا، ئەمە جگە لەکێشەی نێوان پێکهاتەکان و کێشە نێوخۆیەکانی خودی پێکهاتەکانیش کە وا ئەکات هەرگیز نەتوانن دەست بۆ ئەو جۆرە دۆسیانە بەرن .
کەواتە لێرەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەموو ئەو بەڵێنانەی هێزە سیاسیەکانی شاری کەرکوک بە شەقامی خۆیانی ئەدەن نەک هەر ناتوانن جێبەجێی بکەن بەڵکو لەقووەت و تاقەتی ئەواندا نییە تەنانەت قسەیشی لەسەر بکەن ، بۆیە نابێ دەنگدەری کەرکوکی بەهەموو پێکهاتەکانیەوە ئەوەندە خۆش خەیاڵ بێت کە بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئیتر شارەکە ئەبێتە شامی شەریف و پێناسەی شارەکە بۆ پێکهاتەیەک یەکلایی ئەبێتەوەو پێکهاتەکانی دیکە پەرواێز ئەخرێت.
سەرچاوەی سپی میدیا