د. سەردار عەزیز
ئەم دەربڕینە زۆر دەبیستین. وەک زۆر دەربڕینی تر مناڵی دونیای ئێمە نیە. وەک هەموو شتێکی تر، لە دایبییەوە هەتا دوا دەرمانی پێش مەرگ هاوردەیە. بەڵام تراژیدیای کۆمەڵگای ئێمە لەوەدایە توانای بەکارهێنانی باش و تێگەیشتنی هاوردەشی نیە.
دەکرێت بڵێین مێژوی ئازادی قسەکردن یان ئازادی بیروڕا دەگەڕێتەوە بۆ یونان. بەڵام بە ڕاشکاوانە و بە تایبەت لە سەدەی هەژدەی بەریتانیا دێتە دونیاوە. دوو کەسایەتی لە پشت ئەم دیاردەوەن، تۆماس گۆردون و جۆن ترێنچارد، کە پێکەوە کۆمەڵێک نامەیان نوسی بە ناوی نامەکانی کاتۆ. دەقی نامەکانی بە زمانی ئینگلیزی کۆن، لە کۆمێنت دادەنێم.
یەک ڕاستی هەیە دەبێت بیزانین، ئازادی ڕا دەربڕین یان ئازادی قسەکردن لە دەستکەوتەکانی لیبرالیزمە. لیبرالیزم بڕوای بە بونی تاک و ئازادی و سنوردارێتی دەسەڵات هەیە. بەبێ لیبرالیزم هیچ ئازادییەک بونی نیە، بە تایبەتی ئازادی بیروڕا دەربڕین.
لە سەرەتای گەشەی ئەم دیاردەوە، مشتومڕی زۆر هەبوو لە سەر ئەوەی کێ بۆی هەیە قسە بکات، ئایا هەموو کەسێک توانای جوداکردنەوەی ڕاستی و فریوخواردن و درۆ و تەڵەکەبازی هەیە. بەم پێیە چۆن ئەوەی پێی دەوترێت ڕاستی ڕێگەی پێبدرێت. ڕاستی چەمکێکی ئاڵۆزە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جۆری دەسەڵات و بەهای کۆمەڵایەتییەوە هەیە. بە گشتی دەسەڵات و کۆمەڵگاکان تەنها ئەو ڕایانە بە ڕاستی دەزانن کە تەبان لە گەڵیاندا، جیاواز بە ڕا یان گونجاو نازانن.
لەم ڕوەوە میتۆدی ئەوەی چۆن ڕاستی بزانرێت قسەی زۆری لە سەر کراوە، بۆ نمونە، جۆن لۆک بڕاوی وەهایە کە کاتێک هەموو ڕایەک دێتە بازاڕی بیروڕاوە، ئەوا لە هەناو ئەو بازاڕەدا ڕاستی و دروستی دەردەکەوێت. بە زمانێکی تر کاتێک ڕێگری نەکرێت لە هیچ شتێک ئەوا هەموو شتێک ڕاستی و دروستی خۆی لە نێوخەڵکدا ڕوون دەبێتەوە.
سپینۆزا پێی وەها بوو نابێت دەسەڵات ڕێگری بکات لە دەربڕینی ڕا چونکە ئەوە دەرخەری هەژاری توانای فیکرییەتی. بەڵام ئازادی بیروڕا لە هەمانکاتدا بەسراوە بە میدیاوە. لە گەڵ گەشەی میدیادا، خەڵکی خواستیان بۆ بونی ئازادی بیروڕا زیاتر گەشەی کرد.
زۆر گرنگە ئەوە بزانین کە هەموو ئەمانە لە ڕکەبەریی دەسەڵاتی کەنیسەدابوو کاتێک کڵێسا خاوەنی راستی بوو. بەردەوام کڵێسا لیستی کتێبە قەدەخەکراوەکانی بڵاو دەکردەوە، یان سانسۆر دەکرد. ئەم خوە، لە هەندێک وڵات هەتا ناوەڕاستی سەدەی بیستیش بەردەوامی هەبوو.
بەڵام ئێمە ئەمرۆ لە سەردەمێکی ناوازەداین. لە کاتێکدا هەموو کەسێک دەتوانێت بدوێت و هەموو کەسێک دەتوانێت پەیامی بگەیەنێت، ئەوەی وونە ڕاستییە. کەواتە ئازادی بیروڕا مەرج نیە ببێت بە بنەمای گەیشتن بە ڕاستی. لە ڕاستیدا هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ تیورەی پیلانگێڕیی کاریگەر نەبوە. دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەرئەنجامی تیورەی پیلانگێڕیی بوو، هاتنی ترەمپ بەرهەمی تیورەی پیلانگێڕییە.
لە دونیای کوردیدا ئەم ئازادی بیروڕایە وەک دروشم و ئامراز بونی هەیە نەک وەک واقیع. زۆرینەی خەڵک بڕوایان بە ئەو دەربڕینانە هەیە کە تەبایە لە گەڵ دونیابینیدا، نەک بە پێچەوانەوە.
لە هەمانکاتدا کۆمەڵگای باشور حەزی لە ئاڵۆزی نیە بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان، بۆیە هەمیشە لێکدانەوەی ئاسان، لێکدانەوەی پیلانگێڕی، لێکدانەوەی دینی، لێکدانەوەی حیزبی زاڵە. دیارە ئازادی بیروڕا ڕێگە بە ئەمانە دەدات بەڵام ڕێگە بە زۆری شێوازی تریش دەدات.
لە هەمانکاتدا ئەوەی زاڵە جنێوە، نەک بیروڕا. جنێو جۆرێکە لە ڕەحەتی دەرونی مرۆڤی بێدەسەڵات. بەڵام کاتێک بە لێشاو پیادەدەکرێت و ئاراستە دەکرێت، ئەوا دەبێتە چەک.
ئێمە پێویستمان بە ئازادی بیروڕایە، بەڵام دەبێت بزانین چۆن و لە پێناو چیدان؟ ئازادی لە پێناو کۆمەڵگایەکی باشتر، حوکمدارییەکی باشتر، یان تەنها لە پێناو ئازادی خۆیدا.
ئازادی ڕا دەربڕین کاتێک کەسێک دەیڵێت، مەرج نیە پشتیوانی بێت یان باوەڕی پێی بێت. زۆرجار خەڵکانێک داوای دەکەن کە دژین. کاتێک جەی دی ڤانس لە کۆڕبەندی ئاسایشی میونخ داوای ئازادی ڕادەربڕینی دەکرد لە ئەوروپا، مەبەستی ئازادی فاشیزم بوو. مەبەستی سوکایەتی بوو بە پەنابەر، بە ئافرەت، بە جیاواز و بە ئەوانەی کە کاتۆلیک نین. بۆیە هەمیشە بە گومانەوە لەوانە بنواڕن کە باس لە ئازادی دەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی کە لیبرال نین. چونکە بڕوابوون بە ئازادی هەمیشە لە گەڵ بەرژەوەندی هەموو کەسێکدا تەبا نابێت. چونکە ئەستەمە خەڵکی بڕوایان بە ئازادییەک بێت کە دژ بە بەرژەوەندییەکانیان بێت.
سەرچاوە : هاوڵاتی