ئارەقەی ئاسن..

 

 

 

بەرزان حەمەسور


 

لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی ئایاردا، لە کاتێکدا مرۆڤایەتی ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەگێڕێت، بۆنی ئاسنی سوورەوەبوو، دەنگدانەوەی چەکوش وچەقۆی قورس لەسەر پلێت وشیشی کانزاکان کۆمەڵە چیرۆک دەگێڕنەوە کە هێشتا نەنووسراون. چیرۆکی "ئەو کەسانەیە کە کارگەکان بە جەستەی زیندوی تەواو نایهێڵنەوە"، ئەوانەی پێش خۆر هەڵدێن و ناگەڕێنەوە تا جلەکانیان لە ئارەقەدا نقوم ئەبێت و دەنگیان بۆ بێدەنگی دەڕوات.

"ئارەقەی ئاسن" تەنها دەربڕین نییە، بەڵکو فرمێسکێکی گەرمە کە بە ڕووی زەمەنێکی نەگریسدا دەڕژێت و جێپەنجەی خۆی لەسەر هەموو بەردێک و هەموو ئامێرێک و هەر نانێک بەجێدەهێڵێت. ئەوە ئەو هەوڵە خامەیە کە لە بڵێسەی کورەکاندا تواوەتەوە، لەسەر شانە کێشراوەکان هەڵدەگیرێن کە هەرگیز پشوودانیان نەزانیوە. دەنگی چەقۆکەیە کاتێک هاوار دەکات، نەک تەنها دژی کانزا، بەڵکو دژی نادادپەروەری چاوچنۆکەکان،دژ بەوخاوەنکارنەی ژیانی کرێکارەکانیان لاپەشمە..

لەم ڕۆژەدا سڵاو لەو کرێکارانەدەکەین کە پەنجەی،چاوی،لاقێکی  لە ئامێرێکی ژەنگاویدا لەدەستداوە، چونکە دەستکێش وعەینەک،کڵاوی بۆ دابین نەکرابوو..

ئەو کرێکارەی کە دە کاتژمێر لەسەر هێڵی بەرهەمهێنان وەستابوو تا کوڕەکەی بتوانێت بە دەفتەرێکی نوێوە بگەڕێتەوە قوتابخانە.

سڵاو لەو کەسانە دەکەین کە لە سێبەردا کار دەکەن، کە هەرگیز پشکنەرەکانی فەرمانگەی کار سەردانیان نەکردون  .. یاساکان ناگەنە سەرودەستیان ولەشیان کەس گرنگی بە سەلامەتییان نادات. لە وەرشەی بێ پەنجەرەدا کاردەکەن، تۆز و خۆڵ هەڵدەمژن نەک هەوا.

"ئێمە نان وژیانمان دەوێت... نەک مردن" هاوارێک کە کرێکارێک ڕۆژێک لەسەر تەختەیەکی دار نووسیویەتی، بووە بەدروشمێک کە بۆ گشت سەردەمێک دەگونجێت کە خەڵک لەبیریان دەچێت  لە پشت هەموو بەرهەمێکەوە دەستێکی بریندار،چاوێکی کوێر و پشتێکی شکێنراو وخیزەی  هەناسەیەکی ڕەق هەیە.

کوا دادپەروەری کاتێک کرێکاران لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش دەکرێن و وەک ئامرازێکی شکاو و جێگرەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟

کوا ئەو یاسایانەی کە بۆ پاراستنی لە گەرمای ئاسن و ژەهری تەپ وتۆز دانراون؟

مرۆڤایەتی لە کوێیە کاتێک کەسێک لە ڕووداوێکی پیشەسازیدا نێژرا و پێی دەوترێت "ڕووداو"؟

ڕۆژی کرێکار ئاهەنگ نییە، بەڵکو ساتێکی بەئاگاهێنانەوەی ویژدانە. بیرخستنەوەیەک کە کەرامەت لە نانوکار جیا ناکرێتەوە، و سەلامەتی شتێکی لوکس نییە، بەڵکو مافێکی سەرەتایی مرۆڤە..

با دەنگێک بین بۆ بێدەنگەکان، و "دەمارە ئاسنینەکە" بەرز بکەینەوە بۆ شوێنی شایستەی خۆی: هێمای قوربانیدان، ئاڵای خەبات و کاتالیستێک بۆ گۆڕانکاری بێت،بۆپارێزگاری لەجەستەوژیان وپاشەڕۆژی چەوساوەکانی کار،چونکە

لە هەر دڵۆپێک ئارەقەدا... چیرۆکێکی نیشتمان هەیە..