چله‌ی‌ كۆچی‌ دوایی عه‌زیز گه‌ردی‌ به‌ڕێوه‌چوو

به‌ ئاماده‌بوونی‌ نووسه‌ران  و ماڵباته‌كه‌ی‌، ئه‌مڕۆ چله‌ی‌ ماته‌مینی‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕی‌ كورد، عه‌زیز گه‌ردی‌ به‌ڕێوه‌ چوو. 
رۆژی‌ 16ی‌ حوزه‌یران، عه‌زیز گه‌ردی نووسه‌ر و وه‌رگێڕی كورد له‌ ته‌مه‌نی 75 ساڵی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد، ئه‌وه‌یش دوای تێكچوونی ته‌ندروستی و مانه‌وه‌ی بۆ حه‌وت ڕۆژ له‌ نه‌خۆشخانه‌.

برایه‌كی‌ عه‌زیز گه‌ردی‌ له‌ وتارێكدا جگه‌ له‌وه‌ی‌ داوای‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ی‌ ده‌كرد، رای‌ گه‌یاند، ئه‌وان هه‌موو كاتێك سه‌رسامبوون به‌ وشه‌كان و ئه‌و نووسینانه‌ی‌ كه‌ بڵاوی‌ ده‌كرده‌وه‌. 

عه‌زیز ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا ناسراو به‌ عه‌زیز گه‌ردی، له‌ ساڵی 1947 له‌ هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌، له‌ شاره‌دێی به‌حركه‌ی نزیك شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ بوو، له‌ ژیانیدا هاوسه‌رگیریی نه‌كردووه‌.

نۆبه‌ره‌ی به‌رهه‌مه‌كانی عه‌زیز گه‌ردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كتێبی ره‌وانبێژییه‌، به‌ڵام ئه‌و كتێبه‌ی له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكان چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

له‌ ساڵی 1994 ماسته‌رنامه‌ و له‌ ساڵی 1999 بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه‌ تێزه‌كه‌ی به‌ ناونیشانی (سه‌روا)یه‌، ده‌زگای ئاراس هه‌مان ساڵ چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.

عه‌زیز گه‌ردی له‌ چه‌ندان قوتابخانه‌ وانه‌ی گوتووه‌ته‌وه‌ و پاشان دوای ته‌واوكردنی زانكۆ، له‌ كۆلێژی ئاداب به‌شی زمانی كوردی ده‌بێته‌ مامۆستا.

 

سەرچاوە: wishe