سه‌ره‌ڕای هۆشداری ئه‌مریكا؛ رۆژئاڤا "هه‌نگاوێكی هاوشێوه‌ی ریفراندۆم" ده‌نێت، ساڵح موسلیم بۆ خه‌ندان ده‌دوێت

 

 

 

 

 



سه‌ره‌ڕای په‌یامێكی هۆشداری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به‌رپرسانی رۆژئاڤای كوردستان په‌یوه‌ست به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان، به‌ڵام ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، ئه‌وان پێداگرن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن له‌ 11ی ئه‌م مانگه‌دا، ده‌شڵێت، "بابه‌ته‌كه‌ پرسێكی ناوخۆییه‌ و بۆ به‌هێزكردنی دیموكراسییه‌، ئه‌مریكاش كه‌ ده‌ڵێت هێشتا كه‌سێكی باش نه‌ڕه‌خساوه‌ دروست نییه‌ و پێشبینی ده‌كه‌ین بۆ رازیكردن و خاتری توركیا بێت، بۆیه‌ بڕیاری ئێمه‌ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنه‌ له‌كاتی خۆیدا".

په‌یامه‌كه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بۆ رۆژئاڤای كوردستان هاوشێوه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ ده‌بینرێت به‌ر له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ 25ی (ئه‌یلول/9)ی 2017 ئاڕاسته‌ی به‌رپرسانی باڵای ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان كرا، به‌ڵام پشتگوێ خرا، دواتر روداوه‌كانی 16ی (ئۆكتۆبه‌ر/10)ی لێكه‌وته‌وه‌ و كورد 51%ی خاكی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی له‌ده‌ستدا.

ساڵح موسلیم له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ خه‌ندان له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چونی هەڵبژاردنە خۆجێییەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگه‌یاند، "هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی له‌ 11ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تائێستا بڕیاروایه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا بكرێت، هه‌مو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان كاره‌كانیان ته‌واوكردوه‌ و كارتی ده‌نگدان ئاماده‌یه‌ و لایه‌نه‌كانیش بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان ده‌ستپێكردوه‌، له‌ هه‌ر حه‌وت كانتۆنه‌كه‌ی باكوری و رۆژهه‌ڵاتی سوریا ئاماده‌كاریه‌كان ته‌واوبون".

ئه‌نجومه‌نی نوێی شاره‌وانیی شاره‌ بچوك و گه‌وره‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌نجومه‌نی نوێی شاره‌وانیی شاره‌ بچوك و گه‌وره‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێن و دواتریش ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان دروستده‌كرێن له‌سه‌ر ئاستی شاره‌ بچوك و گه‌وره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی له‌ هه‌ر حه‌وت كانتۆنه‌كه‌ هه‌بون، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراو نه‌بون له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه‌، "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت گه‌ل نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن و بڕیار بڕیاری ئه‌وانه‌ و ده‌مانه‌وێت گه‌ل له‌ پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا بڕیاری خۆیان بده‌ن".

نزیكه‌ی سێ ملیۆن ده‌نگده‌رن له‌ هه‌ر حه‌وت كانتۆنه‌كه‌ هه‌ن

ساڵح موسلیم باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی كارتی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و مافی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن ده‌نگده‌رن به‌ هه‌مو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام دیارنییه‌ رێژه‌ی به‌شداریكردن چه‌ند ده‌بێت، هه‌ر كه‌سێك كارتی ده‌نگدانی هه‌بێت ده‌توانێت به‌شداری پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكات.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنێكی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت 

ئه‌وه‌شی وت، پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنێكی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ له‌سه‌ر ئاستی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا بڕیارده‌ره‌ و كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌ هه‌مو شار و ناوچه‌كان نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه‌ و ته‌واوی سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندایه‌.

چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شدارده‌بن و چاودێری پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن

په‌یوه‌ست به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی وڵاتان له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كاندا، ساڵح موسلیم وتی، "چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شدارده‌بن و چاودێری پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئاماده‌یی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ راگه‌یاندوه‌".

هه‌ڵبژاردن له‌ناو ماڵی خۆمان ئه‌نجامده‌ده‌ین و په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سه‌وه‌ نییه‌

په‌یوه‌ست به‌ پشتیوانی وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی رۆژئاڤای كوردستان ده‌ڵێت، "ئێمه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ناو ماڵی خۆمان ئه‌نجامده‌ده‌ین و بابه‌ته‌كه‌ دیموكراسییه‌ و له‌ هه‌مو وڵاتێك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و شاره‌وانییه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و شتێكی گه‌لێك ئاساییه‌ و دژی هیچ كه‌س و هیچ وڵاتێك نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی دیموكراسی خوازن حه‌ز ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌وانه‌شی حه‌زیان له‌ دیموكراسی نییه‌ دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ له‌وانه‌ توركیا و رژێمی سوریا، ئه‌وانه‌ نایانه‌وێت ئێمه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گه‌ل تا به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ین، ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەدەچێت پەیوەندی بە کەسەوە نییە و راست نییە کە بەشێوەی دیکە هەڵبسەنگێندرێت".

بە بەڕیاری 2254ی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیانەوێت سەرنج بۆ سەر چارەسەری سیاسی راده‌کێشن

په‌یوه‌ست به‌ داوای ئه‌مریكا بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، ساڵح موسلیم ده‌ڵێت، "به‌ڵێ په‌یامێك هه‌یه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە گوێرەی بڕیاری 2254ی نەتەوەیەکگرتوەکان کەشێکی بەو جۆرە نەڕەخساوە، بە بەڕیاری 2254ی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیانەوێت سەرنج بۆ سەر چارەسەری سیاسی راده‌کێشن، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌یامێكی دروست نییه‌ و ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن و بابه‌ته‌كه‌ پرسێكی ناوخۆییه‌، پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌و په‌یامه‌ بۆ رازیكردن و خاتری هه‌ندێك لایه‌ن بێت".

ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا رازی بكات و دڵی رابگرێت

ساڵح موسلیم رونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا رازی بكات و دڵی رابگرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ توركیا دژی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت كێشه‌ی بۆ دروستبكات، به‌ڵام په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مریكا و دژایه‌تییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانییه‌كان له‌ باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا نابێت و له‌ واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌وه‌ بڕیاری ئێمه‌یه‌ و له‌ناو ماڵی خۆماندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین".

سەرچاوە : خەندان