ڕاوێژی باوکێ بۆ تاقانەکەی

کابرایەکی کورد هەبوو ماڵ و سامانێکی زۆری هەبوو، لەگەڵ ئەم سامانەیا تاقە کوڕێکی هەبوو، بە هەموو جۆرە نازدارییەک ئەم کوڕەی بە خێو کرد و زۆر دڵی پێ خۆش بوو. دنیا تا سەر بۆ کەس نییە باوکەکە بەهاری جوانی هاتە خەزانی پیری، گوڵی تەمەنی لە باخی ژیانا هاتە وەرین.

کوڕەکەی بانگ کرد و وتی: ڕۆڵە! من سامانێکی زۆرم بۆ کۆ کردوویتەوە. ئەوا ئەمە ئاخر چاوپێکەوتنێکە کە تۆ ئەم باوکەی خۆت چاو پێئەکەوێ! گوڵی هیوام لە دنیادا تۆ بووی، بۆیە ئەو هەموو ڕەنجەم دا تا ئەم سامانەم بۆ کۆ کردیتەوە، بۆ ئەوەی من لە سێبەر تۆدا و تۆ لە سێبەری ئەو سامانەدا بحەسێنەوە! ئەوا من ئەڕۆم نەحەسامەوە، بۆ ئەوەی تۆ بحەسێیتەوە، سێ ئامۆژگاریت ئەکەم، لە قسەی ئەم باوکی خۆتە دەرمەچۆ و ئەم ئامۆژگارییانە بە جێ بێنە:

یەکەم: تا ماوی تیواز (قومار) مەکە، ئەگەر هەر زۆر ئارەزووت کرد بیکەیت بچۆ بگەڕێ بزانە وەستای هەموو قوماربازەکان کامەیە لە گەڵ ئەودا بیکە!

دووهەم: تا ماوی مەی (عەرەق) مەخۆرەوە، ئەگەر خۆتت پێ ڕاگیر نەکرا ویستت بیخۆیتەوە، بچۆرە مەیخانە بیخۆرەوە.

سێهەم: هەرگیز مەچۆرە لای ژنی جەندە (قەحبە)، ئەگەر هەر هەڵیان خڕانیت و ویستت بچیت، لە ئاخر و ئۆخری شەوا بچۆرە جوندەخانە (قەحبە خانە)، لەوێ ئیشی خۆت ببینە، ئەمانە ئەندەرزی منن بۆ تۆ لە قسەم دەر مەچۆ!

باوکە مرد و ماوەیەکی پێ چوو کۆڕوکاڵ هاتن و دەوری کوڕەیان دا، وتیان: دنیا ئەمەی پێ ناوێ و هەموو کەس ئەبێ بمرێ، پیاویش ئەگەر لە دنیادا ماڵ و دەوڵەتی بوو، ئاهەنگ و بەزمی لەسەر نەکا چ کەڵکێکی هەیە؟ خۆ تۆ گۆشەگیریت نە گرتووە لە دنیادا، بۆچ ئەوەندە خۆت ئەپارێزی؟! دنیا بۆیە خۆشە پیاو قوماری تێدا بکا، بۆیە خۆشە کە خەمەکەی بە بادەی مەی بڕەوێنێتەوە، لەگەڵ نازداران و گوڵەندامانا ڕابوێرێ، ئەم باوەڕە کۆنەیە چییە تۆ کەوتیتە سەری؟ هەستە هەستە با بڕۆین تۆزێ لە لەززەتی دنیا تێبگەی!

هەرچەندە کوڕە هاواری کرد و هەرچەندە وتی: کە ئاخر باوکی پەندی داداوە کە ئیشی خراپە نەکا کەڵکی نەبوو، وتیان: ئەتۆ هەستە با بچین دەستێ قومار بکەین ئەو وەختە ئەگەر تا ماوی وازت لێ هێنا ئێمە هیچمان نەزانیوە! بێ ئەقڵ! قومار ڕۆژ بە ڕۆژ پیاو دەوڵەمەندتر ئەکا، باوکت ئەگەر لێی بزانیایە و بیکردایە، ئەو سامانەی ئێستای ئەبوو بە دوو ئەوەندە.

بەمجۆرە قسانە کوڕەیان لە خشتە برد و وتی: باشە، بەڵام ئەوەندە هەیە من کە لێرەدا قسەی باوکم ئەشکێنم لەوەدا نایشکێنم کە پێی وتم ئەگەر تیوازت کرد لەگەڵ گەورەترین تیوازبازەکانا بیکە، با بچین بزانین کێ لە هەموو کەس قوماربازترە و وەستای قوماربازانە، من لە گەڵ ئەودا ئەیکەم. وتیان: باشە. لێیان دا ڕۆیشتن لەم شار بۆ ئەو شار و لەم وڵات بۆ ئەو وڵات پرسیاریان لە وەستای قوماربازان ئەکرد، هەتا لە ئاخرا ناونیشانیان دانێ کە لە فڵانە شوێن یەکێک هەیە و لە دنیادا لەو قوماربازتر هەر نییە. چوون دۆزییانەوە، کوڕە لەگەڵ هاوڕێکانیا چوو سەیری کرد، سەریان کرد بە کەلاوەیەکی وێرانەی پەڕپووتا! کە چوونە ژوورەوە پیاوێک دانیشتووە پیس و پۆخڵ، گڵێمە شڕێکی خستۆتە ژێری، گۆگرد بە خۆیەوە بنێ بۆسۆی لێ هەڵناسێ لەبەر ڕووتی و پەرێشانی! وتیان ئەمە وەستای هەموو قوماربازەکانی دنیایە و لەم وەستاتر ئیتر نییە!

کوڕە سەیرێکی فەساڵ و دیمەنی کابرای کرد و وتی: ئەمەیە کە، باندەسی لە قومار کردنا نییە؟ وتیان: بەڵێ تۆ چاوت لەو حاڵ و باڵەی نەبێ، ئەوە زەمان هێناویە بە سەریا، ئەگینا ئەمە ئەوەندە دەوڵەمەند بوو، کەس لە ژوور ئەمەوە نەبوو!

کوڕە وتی: براینە! ئەوپەڕی ئەوەیە کە منیش لە پێناوی قومارا سەرکەوتم و بووم بە وەستایەک وەکوو ئەم وەستایە، بە ئاخرا ئەبێ حاڵ و باڵیشم ببێ بە حاڵ و باڵی ئەو، ئەمە پاشاڕۆژی پیاوی وەستای قوماربازان بێ، ئەی ئەبێ پاشەڕۆژی پیاوی شاگرد قومارباز چی بێ؟! کە واتە لە کوێوە هاتووین با بە شوێنەکەی خۆمانا بگەڕێینەوە، دەرزێکی باشم وەرگرت، بۆم دەرکەوت کە پاشەڕۆژی قومارکردن چییە؟ هەرچەندە دۆستەکانی هاواریان لێ کرد کەڵکی نەگرت و گەڕانەوە.

سا ڕۆژگار هێنای و بردی، دیسان کوڕگەل و دۆست و برادەر دەورەیان دایەوە وتیان: مردووت مرێ ئەڵێی پشیلەی گوێ ئاگردانی لە گوێ ئاگردانەکە بەولاوە هیچی تر نازانی، دە هەستە بۆ ئەوەندە ڕژدی؟ تۆ ئەم هەموو سامان و ماڵەت هەیە، ئاخر ئەبێ جارجار پێکە عەرەقێکی بۆ بخۆیتەوە؟ بە لانی کەمەوە بۆ ئەوەی تۆزێ لە پەژارە دوور کەویەوە. ئەوەشت پێ ئەڵێین جارجار بە خواردنەوەی پێکە عەرەقێک سامانەکەت دوایی نایە، دە هەستە ئیتر ڕژدی مەکە! کوڕە وتی: بە گوێتان ئەکەم، بەڵام باوکم پێی وتووم ئەگەر خواردتەوە بچۆرە مەیخانە، ئێستاش من لەوێدا نەبێ نایخۆمەوە. وتیان: باشە، دە تۆ وا بڵێ!

هەستان تێکڕا ڕوویان کردە مەیخانەیەک. کە چوونە ژوورەوە کوڕە سەیری کرد ئەوا یەکێک لە لایەکەوە کەوتووە و دەمی چەقیوەتە خۆڵ و خاکەکە، یەکێکی تر خۆی لە خۆیەوە هەستاوە لەو ناوەدا سەما ئەکا، دووی تر لەو لاوە بەربوونەتە سەر و گوێلاکی یەک و لە یەکتری ئەدەن. یەکێکی تر دەنگێکی زۆر ناسازی پێوەیە فووی پیا کردووە مێشکی ئەو عالەمەی بردووە! بە کورتی هەر یەک لە سازێ لێ ئەدا!

کوڕە پرسی: ئەم هەرا و زەنایە چییە؟ هاوڕێکانی وتیان: ئاخر ئەوە ئەمانە عەرەقیان خواردۆتەوە، سەرخۆشبوون و کەیف و ئاهەنگ ئەکەن! کوڕە وتی: دەک موبارەک نەبێ! ئەمەیە بەری مەی خواردنەوە و ئەمەیە ئاهەنگ و ڕابواردن؟ من پارەش بدەم و ئاواشم بە سەر بێت؟ هەستن کاکە من شتی وا ناکەم وا خۆم گەوج ناکەم. هەرچەندە هاواریان کرد وتیان ئەمە شتێکی وا نییە، کەڵکی نەگرت و گەڕانەوە.

زۆری نەخایاند دەستە دۆستێکی تری لێ پەیدا بوو هەموو کوڕە کوڕەی گەڕەک بوون، هاتن وتیان: ماڵوێران ئەمە تۆ شێتیت، گەوجیت، چیت؟ ئێجگار بێ نەفسیش بەم جۆرە؟ خۆ تۆ شێخی سەنعان نیت وا خۆتت کوشتووە؟ دە هەستە با بچین چاوێکت بە دنیا بکەوێ، تەماشایەکی ئەو ناسک و نازدارانە بکە کە هەموو ئەڵێی پەرین و لە بەرگی عینسانان؟! تۆزێ لەگەڵیان ڕابوێرە جا ئەو وەختە ئەزانی کە بەری دنیا چەند خۆشە و ئەو ماوەیە تۆ هەموو عومری خۆتت بە خۆڕایی دۆڕاندووە! دە هەستە هەستە لەسەر ئەم ئەقڵە کۆنە بێرە خوارەوە، با تۆزێ لە دنیا تێبگەی!

لە دڵی خۆیا وتی: لە سێ پەندەکەی باوکم هەر ئەمەیان ماوە، ئەوانم بە گوێ نەکرد و قسەم شکاند ئەمەیان هەر ئەبێ بە گوێی بکەم و دەست نابەم بۆ ئەم ئیشەیان... کوڕوکاڵ هەر چەند لە گەڵی خەریک بوون کەڵکی نەگرت و لەگەڵیان نەچوو، ئەوان زۆریان وت و ئەم کەمی بیست. بەم جۆرە لەگەڵی خەریک بوون و هەر جارە لەو قسە غەرامییانە کە پیاو ئەبزوێنێ بۆیان ئەگێڕایەوە و جارجاریش تانوتیان لێ ئەدا! تا لە ئاخرا وایان لێ کرد کە مل بێنێتە ژێر بار و لە گەڵیان بچێت! لێرەدا ئامۆژگارییەکەی باوکی کەوتەوە فیکر و وتی: بە لایەنی کەمەوە مادام هەر ئەچم با بە پێی ئامۆژگارییەکەی ئەو بچم.

ڕووی تێکردن وتی: برا دێم لەگەڵتان، بەڵام ئەبێ بیخەینە ئاخر و ئۆخری شەو، با کەس نەمانبینێ. وتیان: باشە تۆ چۆن ئەڵێیت با وابێ هەر لەگەڵمان بێیت و تۆزێ بۆ خۆت خۆشی دنیا ببینیت. ئەوەشی وت: ئەبێ بچینە ماڵی ئافرەتێک کە لەو جوانتر نەبێت. وتیان: ئەوە لەسەر ئێمە تۆ کارت بەوەوە نەبێ! شەوێ دا هات و سێ بەشی ڕۆیشت، ئەمانیش هەڵسان لێیان دا ڕۆیشتن، کوڕگەل شارەزا بوون، چوونە ماڵێکی ناسراو کە زۆر جوان بوو. تەقەیان دا لە قاپی. ژنە نوستبوو، لە ناو جێگا هەستا و هات قاپی بۆ کردنەوە. کوڕە کتوپڕ «نڕنایش» ێکی بەرچاو کەوت؛ ئافرەتێکی پیسی ڕەنگزەردی گژنی نووری جوانی لە چاو بڕاو! سەر کوڵم و لێوەکانی کە بە ڕۆژ سووری ئەکردن - دەرمانەکەیان لێ ببۆوە، کوڵم و لێوێکی پیس و ناشیرین شوێنی گرتبوون. لەش و هەندام و سەر و بەچکی - کە بە ڕۆژ بە هۆی دوا و دەرمانەوە کردبوونی بە چەپڵە گوڵ - ئێستا وەکوو گوژاڵکیان لێ هاتبوو. بە کورتی دیمەنێکی هاتە بەر چاو گەلێ ناشیرینتر لە دیمەنی خاتوو مەیموون! وتی: ئەمەیە ئەو پەڵک سەوزەی کە ئەتانوت لە جوانیا شەوقی لە مانگ سەندووە!؟ وتیان: ئەوە تۆ بە ڕۆژ چاوت پێ نەکەوتووە ئێستا لە هەموو ئیش بۆتەوە و نوستووە، لە ناو جێگەی خەوا هەستاوە، دیارە هەموو کەس کە لە خەو ڕاست بێتەوە هەر وایە؟

وتی: کاکینە! نووری جوانی ناگۆڕێ، پیاوێ کە خۆی بە پیاو بزانێ نایەت شوێنی ئەم جۆرە شتانە بکەوێ. ئەمە لەسەر قسەی ئێوە ناسک و نازدارترەکەیانە، ئەی ئاخۆ ئەبێ ئەوان چۆن بن؟ ئێستا تێگەیشتم کە باوکی من فەیلەسوف بووە کە ئەم ڕاوێژانەی بۆ کردم، ئەوا هەر سێ پلەکەم تاقی کردەوە، تێگەیشتم کە شوێن کەوتنی ئەو شتانە بێجگە لە پەشیمانی و نەگبەتی هیچی تر دەستگیری پیاو نابێ و ئەنجامی هەموویان خەسارەتمەندییە. ئەمەی وت و وتی: «خواتان لەگەڵ» و بە شوێنەکەی خۆیا گەڕایەوە.